ئەمریکا سعوودیە بۆ فشار خستنەسەر عێراق بەکاردەهێنیت شیکاری ئابوری

نوچەنێت

دوای شکستهێنانی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی ئێران لەسەر عێراق لە ڕێگەی رووسیا وچین و هاوکاری دارایی، حکوومەتی واشنتۆن لە ڕێگەی سعوودیەوە هەوڵ دەدات کۆمپانیایە ئەمریکیەکان ڕێککەوتن کەگەڵ عێراق واژوو بکەن و بازارەکانی عێراق لە ئێران بە دوور بگرن.

دوای داگیرکردنی عێراق وڕووداوەکانی پۆست 2003، ئاڵۆزبوونی  زیاتری بارودۆخی عێراق، ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ بەردەوام بووە لە هێڕشکردنە سەر ئێران و زیادکردنی هەژموونەکانی لە وڵاتە دراوسێیەکانی ئێران و عێراق، بۆ ئەم ئامانجە سەرەتا ئەمریکا بە هاوکاری پراگماتیکی ڕووسیا و دواتریش چین دەستی پێکرد.

سەرەتای ئەو پلان وخواستەی ئەمریکا، بە هاوکاریکردنی دەیان ملیار دۆلار لە پرسە داراییەکانی عێراق دەستیپێکردووە، بەڵام ئەو هەوڵەی ئەمریکا، بە پاردارکردنی بەشێک لە بەرپرسە عێراقیەکان ناوەوە و دەرەوەی عێراق کۆتایی پێهات، بێ ئەوەی دەرئەنجامێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەمریکا دەستەبەر ببێت و واشنتۆن نەیوانی هەژموونەکانی ئێران بۆسەر عێراق کەمبکاتەوەو بنبڕی بکات.

دوای ئەو پلانە، ئەمریکا دووبارە هەوڵی دایەوە، ئەمجارە لە رێگەی بەستنەوەی هاوکارییە داراییەکان بە چەند پرسێکی دیاریکراوەوە، ویستی هەژموونەکانی ئێران لەسەر عێراق کەمبکاتەوە. دیارترینیان راگرتن و ڕێگریکردن بوو لە هاوردەکردنی گاز و کارەبای ئێران بۆ ناو خاکی عێراق بۆ ماوەیکی درێژ، ئەمەیش وەک خاڵێكی سەرەکی و بنەڕەتی بوو لە لاوازکردنی دەستەڵاتەکانی ئێران بۆسەر عێراق، بەڵام دووبارە ئەمریکا شکشتی هێنا، هەرچەندە عێراق ڕەزامەندی دەربڕی بە دوورکەوتنەوەی لە ئێران و وەرگرتنی پارەی زیاتر لە ئەمریکا، بەڵام دوای ئەو هەوڵەی حکوومەتی واشنتۆن، ئێران و عێراق ڕێککەوتنی تازەی هاوردەکردنی گاز و کارەبای ئێرانیان بۆ ماوەیەکی زیاتر و درێژتر واژووکردەوە.

لە ئێستادا وێڕای بوونی ڕێککەوتنی دوور مەودای نێوان ئێران و عێراق، ئەمریکا کار لەسەر پلان و بیرۆکەی تازە بۆ کەمکردنەوەی هەژموونەکانی ئێران لە عێراقدا دەکات، سەرچاوەی ئەو بیرۆکەیە، مێژوویەکەی دەگەرێتەوە بۆ  چەند ساڵیک لەمەوپێش و لەلایەن  وەزارەتی دەرەوەی  ئەمریکا پێشنیازکرا.

ناوەرۆکی بیرۆکەکە ئەوەبوو، ئەمریکا بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی عێراق، بەڵام شێوازی هاوکاریکردنەکە بگۆرێت. بە جۆرێک حکوومەتی واشنتۆن هاوکاری عێراق دەکات، بەڵام مەرجی سەرەکی بۆ ئەو هاوکارییە، بەشداریپێکردنی کۆمپانیاییە ئەمریکیەکانە لە پرۆژە مەزن و فراوانەکان بە شێوەیکی قوڵ و کاریگەر، بە تگایبەت لە بوارەکانی نەوت و گاز و ژێرخانی ئابووری.

لە هەمانکاتدا، یەکێک لە فاکتەرەکانی پشت ئەو هاوکاریەی ئەمریکا، پاڵپشتی ڕاستەوخۆی سعوودیە بوو لەسەر خاكی عێراق. ئەمە لە کاتێکدایە، کە سعوودیە بە هاوپەیمانی ئەمریکا و دوژمن و ڕکابەری سەرەکی ئێران لە ناوچەکە پێناس دەکرێت. نموونەی زیندوو بۆ ئەو مێتۆدەی واشنتۆن، ڕاگەیاندنی پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان سعوودیە و عێراقە لە چەندی بواری جودا لە هەفتەکانی رابردوودا.

 بەشێوەیەکی گشتی، ئاستی پێوەندیەکانی سعوودیە و ئەمریکا کەمتر جێگەی متمانەیە لە هەردوو لایەوە. بەراورد بە ڕووداوەکانی ساڵی 2014 ، سعوودیە بە هۆی پیشەسازی نەوتی شێلەوە، جەنگی نرخی نەوتی لەگەڵ ئەمریکا بە هاوکاری رووسیا هەڵگیرساندووە، بەڵام سەرەڕای ئەو ناکۆکیە، لە دیدگای دەستەڵاتداران وسەرکردەکانی سعوودیە، ئەمریکا تاکە یاری ناوچەکەیە، بتوانێت دژی هەژموونەکانی ئێران بوەستێتەوە و ڕێگری لە فراوانخوزیەکانی هەرێمی ئێران بکات لە ناوچەکەدا.

لە ماوەیەکی کەمدا ئەو هەوڵ و پێداگریەی سعوودیە لە هاوکاریکردنی عێراق، کاردانەوەیەکی میدیای بەهێزی دروستکردووە، بە جۆرێک ئەو هەوڵ و دانوستانانەی کە کۆمپانیای زلهێزی نەوت و گاز، ناسراو بە" ئارامکۆ" لەگەڵ وەزارەتە جودایەکانی عێراق دەیکات، بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندەیان بۆ دەکرێت.

گرێبەستەکانی ئارامکۆ لە گەڵ عێراق، پێکهاتوون لە پرۆژەکانی بواری وزە، کارەبا، ئاو، پیشەسازی پەترۆکیمیاوی و ئەم گرێبەستانە نموونەی زیدنوون بۆ پاڵپشتیەکانی سعوودیە بە سەرپەرشتی پرۆ  -ئەمریکا بۆ عێراق دژی ئێران.

بە گوێرەی لێدوانەکانی ئیحسان عبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق، یەکێک لەبنەمایە گرنگەکانی دەستپێشخەریەکەی نێوان سعوودیە و عێراق، ئەوەیە کە کۆمپانیای ئارامکۆ، هەڵدەستێت بە کاری لێدان و پەرەپێدانی ناوچە گازییەکانی بیابانی ڕۆژئاوای وڵات. ناوەندی Oil Price، پێیوایە ئەو ڕێککەوتنە کاتیەو گڕێبستەکانی ئەو بوارە، بە کەمتر لە چەند مانگێک گفتوگۆ و دانووسانی دوو لایەنەی لە بارەیەوە کراوە. هاوکات وەزارەتی نەوتی عێراق دەستی کردووە بە پرۆسەی گەران و پشکنینی جدی و بە بەکاربردنی میاکازنمی 2D, 3D، لەهەریکە لە ناوچەکانی ئەنبار و نەینەوا.

هەر سەبارەت بە ڕێککەوتنە هاوبەشەکە، هەفتەی ڕابردوو، وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کرد" ڕێککەوتنی تازە لە نێوان سعوودیە وعێراق لە ئارادان"، هەروەها وتیشی" لە گەڵ کۆمپانیای ئەکوا پاوەر پرۆژەی تازە جێبەجێ دەکەین".

وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەوەیش کردوە، ئامانج لەو پرۆژانە بونیاتنانی وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی پاک و دۆستی ژینگەیە، لەهەمانکدا بەرهەمهێنانی وزەی هەتاوی و پاڵاوتنی ئاوی عێراق، یەکێکی ترە لە پڕۆژەی هاوبەشی نێوان سعوودیە و عێراق.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی میدیایەکان بوو، سعوودیە لە ناوخۆیی وڵاتەکەی، تا چەند هەفتەیەک لەمەو بەر گرنگی بەو پڕۆژانەی کە لەگەڵ عێراق ئەنجامیان دەدات نەدا، کەچی لە عێراق ئەو پرۆژانە دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەو پرۆژانەی نێوان هەردوو وڵات، ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاویان هەبێت لەسەر دۆخی عێراق و هەروەها بوونی بەشداری کارایی کۆمپانیایە ئەمریکییەکان لەو پڕۆژانە.

بۆ زانینی خواستی ئەمریکا و ئامانجی لە بەکارهێنانی سعوودیە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ئێران، گرنگە درک بەو راستیە بکرێت، کە ئەوەی ئەمریکا نایەوێت خۆی بیکات، خواستی هەیە لە رێگەی سعوودیەوە بیکات. بۆ ئەو ئامانجەی ئەمریکا پێویست دەکات، تیشک بخڕیتە سەر دووخاڵی سەرەکی و جەوهەری سیاسی ناو کۆمەلگەی عێراق، ئەوانیش:

یەکەم: ئەو براندە بەهێزەی کە ئەلترا – ناسیۆنالزیمی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لایەن سەرکردەی ڕادیکاڵی، ئاینی و شیعی موقتەدا سەدرەوە پێرەو دەکرێت زۆر سەختە، بە تایبەت کە پرسەکە تایبەت دەبێت بە  پێوەندیەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا، چونکە ساڵانێکی زۆرە سەدر سەرکردایەتی دژایەتیەکی خوێناوی دەکات بۆ دەرکردنی ئەمریکا و لاوازکردنی داگیرکاری ئەمریکا لە عێراقدا.

هەرچەندە سەدر زۆر بە وردی ئاگاداری ئەوەیە ، کە ئەمریکا لە پشت هەوڵەکانی پرۆژەکانی سعوودیەیە بۆ ئەو وەبەرهێنانە پڕ سوپرایزەی لە بازارەکانی عێراقدا، بەڵام وەک سەرکردایەتیکردنی بەرەی سائیرون، بە لایەنگرانی دەڵێت" بەرەو پێشەوە" بە پارەو داهاتی وڵاتی دراوسێ و برامان هاوکاری داهات بۆ عێراق دێت.

هەروەها پێش دەستپێکردن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 2018، سەدر سەردانی وڵاتی سونە مەزهەبی (سعوودیە)ــی کرد، لە هەمانکاتدا بە سەردانێکی فەرمی لە لایەن هاوپەیمانێکی تری ئەمریکا کە ئیماڕاتە پێشوازی لێکرا.

دووەم: لە سێ چوار ساڵی ڕابردوودا، گۆرانکاریەکی بنەرەتی و سەرەکی لە یەکێک لە خانەوەدا ئاینییە بەهێز و بەناوبانگەکانی عێراق سەریهەڵدا، ئەویش دوای شۆربوونەوەی دەستەڵاتەکانی خانەوادەی حەکیمە بۆ عەمار حەکیمی کور. ئەمە لە کاتێکدایە، ئەو گواستنەوەی دەستەڵاتە بووە هۆی دوورکەوتنەوەی خانەوادەی حەکیم لەئێران، بە تایبەت دوای ئەوەی عەمار حەکیم لە 2017ــدا بڕیاریدا حزبێكی سەربەخۆ پێکبهێنێت و لە سەرکردایەتی  ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق کە لە 2009ــیەوە لە لایەن عبدولعەزیزی باوکی سەرکردایەتی دەکرا بکشێتەوە و حزبێكی سیاسی بە ناوی "بزوتنەوەی حکمەی نیشتمانی) دروستکرد.

ئەم حزبەی عەمار حەکیم تاوەک و ئێستا بە حزبێکی دوور لە تیرە وقەبیلە باسی لێوەدەکرێت، بە تایبەت کاتێک حەکیم وتی" لە پێناو دەستەبەرکردن و پاراستنی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە لە عێراق، دەبێت سەرجەم لایەنەکان بگرێتەوە و دوور بێت لە تیرە و نەتەوەیی و هاوکات پرۆژەیەکی تازە بێت بۆ ئاسۆی عێراق و چونکە خاکی عێراق پێویستی بە هێنانی ئاشتی و سەقامگیری هەیە".

ئەمەیش دەمانگەینێت بەو دەرئەنجامەی ، وێرای بوونی دەستپێشخەریی و واژووکردنی گرێبەستی ملیاران دۆلار لەگەڵ سعوودیە، ئەوا گڕێبەستی تازە لە نێوان عێراق و کۆمپانییە ئەمریکییەکان بوونیان دەبێت، گڕێبەستەکانی ئەم دواییەی شلێمبێرگ و هالدیرون، نموونەی ئەو ئامانجەی ئەمریکان لە ڕێگای سعوودیەوە. هاوکات ڕێکكەوتنەکانی حکوومەتی عێراق لە بواری گازی سروشتی لە گەڵ کۆمپانیایە نا ئێرانیەکان، دەرخەری خواستی ئەمریکان بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ئێران.

ئەوەی لە کۆتای ئەو بارودۆخەی عێراق دەبێتە جێگەی پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەمریکا و سعوودیە دەتوانن، عێراق لە چین ورووسیا و ئێران بە دوور بگرن؟ هەرچەندە بە گەرانەوە بۆ مێژوو و هەولەکانی ئەمریکا لە عێراق، پێمان دەڵیت کە ئاسان نیە ئەمریکا سەرکەوتوو بێت.

سەرکەوتنی دەستپێشخەری سعوودیە وعێراق لە ئێستادا پێچەوانەی  ئەگەری ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران وئەمریکا دەبن، ئەو رێککەوتنەی تاوەکو ئێستا بێ ئەنجامە، چونکە پێگەو ڕۆڵ وکاریگەری ئێران بۆسەر عێراق و بازارەکانی دراو زێر، بەستراوەتەوە بە داهاتووی ئابووری بازارەکانی ئێران و سەرچاوەی ژیانەوەی ئابووری ئێرانن. ئەمە جگە لەوەی عێراق و ئابووریەکەی ڕۆلی باڵای هەیە لە پرسی سەربازی ئێران.

لێ پرسیاری سەرەکی داهاتووی هەژموونی ئەمریکا ئەوەیە، ئەگەر بێت و ئەمریکا وئێران لە ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی رێکبکەون، ئەوا ئێران زیاتر هەوڵی پەرەپێدان بە بازارەکانی عێراق دەدات و دەستکراوەتر دەبێت و دووبارە پێوەندیەکانیان بەهێز دەبن و مەترسی لەسەر هەژموونی ئەمریکا دروست دەکەنەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین