وەزیری نەوتی عێراق:  هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل بەرزدەبێتەوە کوردستان- عێراق

نوچەنێت

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاستی هەناردەکردنی نەوت بۆ زیاتر لە 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرزدەکاتەوە و دووپاتیدەکاتەوە کە ئەرکی سەرەکیان لە ئۆپێک، سەقامگیرکردنی بازارەکانە نەک دەستکاریکردن لە نرخی نەوتدا

ئیحسان عبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراقی لە ساڵی داهاتوودا ئاشکرا کرد.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، عبدولجەبار  ڕایگەیاند" لە ساڵی 2022ــدا، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرزدەکەینەوە"

هەروەها وتیشی" پشکی هەرێمی کوردستان لەو هەناردەکردنە 250 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت لە ڕۆژێکدا".

ئیحسان عبدولجەبار ئەوەیشی زیاد کرد" بە گوێرەی ڕێککەوتنی ئەندامانی ئۆپێک پلەس، تا ساڵی 2022، بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر دەخرێتە بازارەکانەوە، بەڵام لە ساڵی تازەدا ئەو بڕە گۆڕانکاری بەسەردا دێت'.

سەبارەت بە کاریگەری و ڕۆڵی ئۆپێک و ئۆپێک پلەس بۆ سەر بازارەکانی نرخی نەوت، وەزیری نەوتی عێراق وتی" سیاسەتی ئۆپێک کەمکردن و زیادکردنی نرخی نەوت نیە، بەڵکو کاری سەرەکی ئۆپێک،  دەستەبەرکردن و دابینکردنی سەقامگیرییە بۆ بازارەکانی نەوت لە جیهاندا"

هاوکات دووپاتیشی کردەوە، عێراق پابەندی سەرجەم بڕیار و داواکاریەکانی ڕێکخراوی ئۆپێ دەبێت لە پێناو سەقامگیرکردنی بازارەکانی نەوت.

وتەکانی وەزیری نەوتی عێراق لە کاتێکدان، لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا و دووبارە بوژانەوەی بازارەکانی جیهان، بۆتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی خواست بۆ سەر نەوت، بەڵام لە بەرامبەردا ئاستی خستنەرووی نەوت سنووردارە و لە لایەن ئەندامانی ئۆپێک پلەسەوە بە ڕێککەوتنی هەمە لایەن تا ناوەڕاستی ساڵی 2022، ئاستی بەرهەمهێنان جێگیر کراوە. ئەمەیش هۆکارە لە بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی نەوت و قازانج کردنی بەشێک لە وڵاتە بەرهەمهێنەکانی نەوت و کەمکردنەوەی ڕێژەی قەرزەکان و کورتهێنانی بوودجەی وڵاتەکانیان، بە نموونە عێراق، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆتە هۆی دابەزینی ئاستی قەرزەکانی بۆ 20 ملیار دۆلار.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین