خەڵاتى ساڵانەى فرسەت سۆفى بۆ دەستپاکى ڕاگەیێندرا کوردستانی

نوچەنێت:

پارێزگاى هەولێر بڕیاردا، لە ساڵیادى کۆچى دوایی پارێزگارى پێشووى هەولێر خەڵاتێک دیارى بکات بە ناوى خەڵاتى ساڵانەى فرسەت سۆفى بۆ دەستپاکى، ئەم خەڵاتە ساڵانە دەدرێت بە یەکێک لە فەرمانبەرانى سنوورى پارێزگاى هەولێر.

ئەمڕۆ شەممە (20)ى تشرینى دووەم (2021)،  ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بە ئامادەبوونى منداڵ و براى فرسەت سۆفى، پارێزگارى پێشووى هەولێر، خەڵاتى ساڵانەى فرسەت سۆفى بۆ دەستپاکى و ڕاستگۆیی ڕاگەیاند.

پارێزگارى هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەونانیدا ڕایگەیاند، "ئەمساڵ لەگەڵ بنەماڵەى فرسەت سۆفى، ئەم خەڵاتەمان بەخشییە یەکێک لە کارمەندە دەستپاکەکانى پارێزگاى هەولێر، بەناوى برایم حسین، کە عەریزەنووسە لەبەردەم سەرۆکایەتیى شارەوانى هەولێر."

برایم حسێن پێشتر لە کاتى ڕایی کردنى کارەکەى، بڕێکى زۆر پارەى هاووڵاتییەکى دەدۆزێتەوە و دواى هاتنەوەى خاوەنەکەى، پارەکەى وەک خۆى پێدەداتەوە.

ئومێد خۆشناو لەسەر ئامانج لە دیاریکردنى خەڵاتى ساڵانەى فرسەت سۆفى بۆ دەستپاکى و ڕاستگۆیى دەشڵێت، "بۆ زیندووکردنەوەى دەستپاکى و چاکسازییە کە فرسەت سۆفى تەمەنى خۆى بۆ تەرخانکرد."

گووتیشى، "تا ئێمە لە ژیان مابین لە شارى هەولێر، فرسەت سۆفى وەک ژمارەیەکى گەورە دەمێنێتەوە لە یادەوەریماندا."

جێگەى ئاماژەپێدانە، د. فرسەت سۆفى پارێزگارى پێشووى هەولێر، دواى تووشبوونى بە ڤایرۆسى کۆرۆنا، لە (18-11-2020) لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى تورکیا کۆچى دواییکرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین