چۆن ئەمریکا بە سلیکۆن بەرەنگاری چین دەبێتەوە؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

جەنگی تەکنۆلۆجی لەنێوان ئەمریکا و چین دەچێتە قۆناغێکی نوێ، بەوەی ئیدارەی سەرۆک بایدن فشار لە کۆنگرێس دەکات کە پەلەبکات لە دەرچواندنی یاسایەک بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمهێنانی ماددە نیمچە گەیەنەرەکان لە ناوخۆی ئەمریکادا، وەکو سلیکۆن و ماددە هاوشێوەکانی کە لە دروستکردنی چیپ-ە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردێن، لەبری هاوردەکردنیان لە دەرەوەی وڵاتەوە بە تایبەت لە چینەوە. چونکە ئەو بەرهەمانە لە چەندین پیشەسازیدا ڕۆڵیان هەیە، هەر لە فڕۆکەی سەربازییەوە تاوەکو ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی و مۆبایل، و ئێستا قەیرانی کەمیی ئەو ماددانە بووەتە گرفت لە بەردەم کەرتی پیشەسازیی ئەمریکادا.

کۆشکی سپی فشار بۆ کۆنگرێس دەبات

ماڵپەڕی بلومبێرگ ٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ لە زاری بەرپرسێکی ئاساییشی نیشتیمانیی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە کۆشکی سپی پەنای بردووە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و داوای لێکردوون پەلە بکەن لە دەرچواندنی یاسای "چیپ-ەکان لەپێناوی ئەمریکا" کە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجوومەنی پیران بڕیاری لێ دابوو.

ئەو بەرپرسە باسى لەوەشکردووە، کە کۆشکی سپی فشار لە کۆنگرێس دەکات تا پەلە بکەن لە دەرچواندنی ئەو یاسایە کە ٥٢ ملیار دۆلار بە خێرایی فەراهەم دەکات بۆ پشتیوانیی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چیپ، بۆ هێواشکردنەوەی قەیرانی ئیستای چیپ-ەکان کە چەندین بواری پیشەسازیی ئەمریکا پێویستیان پێیە.

هەرچەندە ئەنجوومەنی پیران بڕیاری لە یاساکە داوە، بەلام ڕۆتینەکانی ناو ئەنجوومەنی  نوێنەران ڕێوشوێنەکانی دەرچواندنی ئەو یاسایەیان تووشی چەقبەستوویی کردووە، ئەوەش قەیرانی بەردەستبوونی چیپ-ی ئەلیکترۆنیی قووڵکردووەتەوە و لە دەرەنجامدا بەرهەمهێنانی هەندێک کەرەستەی گرنگی کەمکردووەتەوە وەکو مۆبایلی ئەپڵ و ئۆتۆمۆبێل.

ئەو یاسایەی مانگی حوزەیران ئەنجوومەنی پیران بڕیاری لێ داوە، پشتیوانییەکی دارایی بە بەهای ٢٥٠ ملیار دۆلار فەراهەم دەکات بۆ پڕۆگرامەکانی توێژینەوە و پەرەپێدانی چیپ-ی ئەلیکترۆنی، کە لەو چوارچێوەیدا ٥٢ ملیاریان بۆ خێرا دابینکردنی پارەیە بۆ کۆمپانیاکان وەکو هاندەر بۆ ئەوەی پەلە بکەن لە زیاد بەرهەمهێنانی ماددە نیمچە گەیەنەرەکان لەناو ئەمریکا.

پیشەسازییەکە چۆن کاری لێ کراوە؟

جگە لە کۆنگریس، لەلای دیکەوە فشار لەسەر کۆنگرێس هەیە بۆ دەرچوواندنی یاساکە، ئەوە بوو ئاژانسی ڕۆیتەرز ١٠ی ئەم مانگە بڵاوی کردەوە کە ٩ حاکم ویلایەتی ئەمریکا لە هەردوو حیزب لە پەیامێکدا بۆ کۆنگرێس داوایان کردووە پەلە بکات لە فەراهەمکردنی پشتیوانی بۆ کەرتی پیشەسازیی ماددە نیمچە گەیەنەرەکان کە بە تایبەت بەکاردێن لە دروستکردنی چیپی ئەلیکترۆنیی ئۆتۆمۆبێلدا.

حاکمى ویلایەتەکان وتویانە کورتهێنانی فەراهەمکردنی ئەم چیپە ئەلیکترۆنییانە بووەتەهۆی پەککەوتنی دروستکردنی دوو ملیۆن و دوو سەد هەزار ئۆتۆمۆبێل و کاریشی کردووەتە سەر پیشەی ٥٧٥ هەزار فەرمانبەر لە پیشەسازیی دروستکردنی ئۆتۆمۆبێل.

هەروەها ڕێکخراوی پیشەسازیی نیمچەگەیەنەرەکان لە ئەمریکا هەوڵی کاریگەری دروستکردن لەسەر کۆنگریس دەدات و پلان دادەنێت زیاتر لە ١٠٠ کۆبونەوەی ئۆنلاین رێکبخات لەنێوان کۆمپانیا ئەندامەکانی ڕێکخراوەکە و نوسینگەکانی کۆنگرێس.

هەروەها کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی ڕایگەیاندووە کە لە مانگی نۆڤەمبەردا بە راددەی ١٥٪ دروستکردنی ئۆتۆمۆبێل کەمدەکاتەوە بەهۆی کەمیی چیپی ئەلیکترۆنی کە لە ماددە نیمچە گەیەنەرەکان دروست دەکرێت.

کەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمۆبێل تاکە کەرت نییە کە کاری لێ کرابێت بەهۆی کورتهێنانی بڕی چیپی ئەلیکترۆنی، بۆ نموونە کۆمپانیای ئەپڵ بە هەمان هۆ بڕی ١٠ ملیۆن دانە لە مۆبایلی ئایفۆنی ١٣ی بەرهەمهاتوو کەمدەکاتەوە.

خشتەیەکی قەرەباڵخی کۆنگرێس

لەکاتێکدا کۆنگرێس لەژێر ئەم هەموو فشارەدایە بۆ زوو دەرچوواندنی یاساکە، سەرقاڵی خشتەیەکی قەرەباڵخی کارکردنە تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ، جیاوازییەکانیش لەسەر پرۆژەکان هەر لەنێوان دوو ئەندامانی دوو حیزبەکەدا نین بەڵکو لەنێوان ئەندامانی هەمان حیزبیشدا ڕا جیایی هەن.

بەڵام جیا لە یاساکانی دیکە، بۆ تێپەڕاندنی یاسای "چیپ-ە ئەلیکترۆنیەکان لەپێناوی ئەمریکادا" جۆرێک لە هاوڕایی لەنێوان هەردوو حیزبدا هەیە، هەروەها سەرۆک بایدن پشتیوانێکی بەهێزی یاساکەیە و وەزیری بازرگانیش بە هەمان شێوە پشتیوانە، بۆیە هیواکان بەهێزن کە یاساکە ڕووناکی ببینێ.

خوێندنەوەی یاساکان بەهۆی ئەوە دوا کەوتووە کە کۆنگریس بەرنامەی خێرای دیکەی هەبووە، وەکو گفتوگۆکردن لەسەر پلانی ئیدارەی بایدن تایبەت بە ژێرخانی ئابووری، هەروەها ناکۆکی دیموکراتەکان لەگەڵ کۆمارییەکان سەبارەت بە بابەتی قەرز و بابەتی خەرجییەکانی حکومەت.

وادەی دەرچوواندنی یاساکە

بەرپرسێكی کۆشکی سپی وتوویەتی ئیدارەی بایدن لەم هەفتانەی دواییدا زیاتر چاوی لەسەر گرفتەکانی پلانی  پشتیوانیی حکومەت بووە و کاریش لەسەر ئەوە دەکات چەند مانگی داهاتوو کۆنگرێس یاسای "چیپ-ە ئەلیکترۆنیەکان لەپێناوی ئەمریکادا" پەسەند بکات و دەری بچوێنێ.

مایکڵ ماکۆڵ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەران لەسەر لیستی کۆمارییەکان، وتوویەتی کە لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی دیداری هەبووە و گفتوگۆیان لەسەر ئەو بابەتە کردووە و بە وتەی ئەو تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یاساکە دەردەچێت.

مەترسی بۆ سەر ئاساییشی نیشتیمانی

وەکو ئاماژەدانێک بۆ گرنگیی یاساکە، سیناتۆر مارک کیلی لەسەر ویلایەتی ئەریزۆنا دەڵێت "جاران ئەمریکا ٤٠٪ی ماددە نیمچە گەیەنەرەکانی جیهانی بەرهەم دەهینا، بەڵام ئیستا بەو جۆرە نییە...ئەو چیپانەی لەم ماددانە دروست دەکرێن لە دروستکردنی هەموو شتێکدا بەکاردێن، هەر لە فڕۆکە جەنگییە هەرە پێشکەوتووەکانەوە تاوەکو مۆبایل و تەنانەت گسکی کارەبایی، بۆیە فەراهەمبوونی ماددە نیمچە گەیەنەرەکان دەچێتە چوارچێوەی ئاساییشی نیشتیمانیی ئەمریکا، و کاتێک ناچارین پشت بە وڵاتانی دەرەوەی وەکو تایوان ببەستین بۆ بەرهەمهێنانیان، ئاساییشی نیشتیمانیمان دەکەوێتە مەترسییەوە".

ئێستا (کۆمپانیای تایوانیی بەرهەمهێنانی ماددە نیمچە گەیەنەرەکان)، کە گەورەتری کۆمپانیای دروستکردنی ماددە نیمچە گەیەنەرەکانە لە جیهاندا، سەرقاڵی دروستکردنی کارگەیەکی دروستکردنی ئەو ماددانەیە لە ویلایەتی ئەریزۆنا، هەروەها کۆمپانیای (Intel Corp) خەریکی دروستکردنی چەند کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددە نیمچە گەیەنەرەکانە لە ویلایەتی تەکساس.

هاندەرەکانی پیشەسازییەکە

یاساکە هەندێک هاندەر و ئۆفەر پێشکەش دەکات لەپێناو بەرهەمهێنانی ماددە نیمچەگەیەنەرەکان، بە دەق ئاماژە بە گورزەیەک لە وەبەرهێنان و هاندان دراوە بۆ ئەم مەبەستە، بۆ پشتیوانیی کەرەستە پیشەسازییەکانی ئەم مادەیە، توێژینەوەکان لەم بوارە، پەرەپێدانی ئەم بوارە و مسۆگەرکردنی زنجیرەکانی دابینکردنی ماددە خاوەکانی.

یاساکە داشکاندن دەکات بۆ سەرانەی سەر داهاتی ئەم کەرتە و ئامێرەکانی و وەبەرهێنان تێیدا تاوەکوو ٢٠٢٦، ئەویش وەکو چەند هەنگاوێک بۆ هاندانی دروستکردنی ئەم ماددانە لە ئەمریکا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین