میلیشیایه‌كى عێراقى: 94 هه‌زار چه‌كدارى خۆبه‌خشمان ئاماده‌یه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

میلیشیاى كه‌تائیب سه‌یدشوهه‌دا ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند، 94 هه‌زار چه‌كداری خۆبه‌خش له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا ئاماده‌كراون.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25ى تشرینى دووه‌م "نۆڤێمبه‌ر" كه‌تیبه‌كانى سه‌یدشوهه‌دا له‌ راگه‌یێندراوێكدا ده‌ڵێ، "94 چه‌كدارى خۆبه‌خش ئاماده‌ن". ئه‌و میلیشیایه‌ كه‌ نزیكه‌ له‌ ئێران و له‌لایه‌ن ئه‌بوئالا وه‌لائى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، له‌ 21ى ئه‌م مانگه‌ رایگه‌یاند ده‌رگاى تۆماركردنى چه‌كدارانى خۆبه‌خش ده‌كاته‌وه‌، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر نه‌كشێنه‌وه‌.

شه‌وى رابردوو به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا "پنتاگۆن" رایگه‌یاند، له‌وانه‌یه‌ تا دواى 31ى كانوونى یه‌كه‌میش هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق بمێننه‌وه‌، ئه‌مه‌یش هۆكارى تووڕه‌یى میلیشیاكانى ئێران بوو.

به‌ڵام دوێنێ ته‌حسین خه‌فاجى گوته‌بێژى فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌كى كه‌م هێزى جه‌نگاوه‌رى ئه‌مریكا له‌ عێراق ماون و له‌ ماوه‌ى 15 رۆژدا ئه‌وانیش عێراق جێده‌هێڵن.

له‌ هاوینى رابردوو مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و جۆ بایدن سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن تا كۆتایى مانگى كانوونى یه‌كه‌م "مانگى داهاتوو" هێزه‌كانى ئه‌مریكا به‌ ته‌واوى له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین