لەنێوان هاوسۆزی چین و دژبەریی ئامریکادا، تاڵیبان لە گۆشەگیرییە جیهانییەکەی دەردەچێت؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ بەسەر کۆنترۆڵکردنی کابووڵی پایتەختدا، تاڵیبان هێشتا لەگەڵ پرسی دانپێدانانی نێودەوڵەتیدا رووبەڕووە. ئەم دانپێدانانە نێودەوڵەتییە گرنگە، چونکە ئەوە یەکلایی دەکاتەوە ئایا وڵاتان دەست دەکەن بە هاریکاریی ئەفغانستان و هەنگاونان بۆ وەبەرهێنان تێیدا یان نا؟

جاری یەکەم کە تاڵیبان دەستی بەسەر فەرمانڕەواییدا گرت لە ئەفغانستان (1996-2002) تەنیا سێ وڵات دانیان بە دەسەڵاتی تاڵیباندا نا: پاکستان و سعودیە و ئیمارات. ئەمجارەیان تاڵیبان بۆ ئەوەی دانپێدانانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت، دەبێت بتوانێت متمانەی وڵاتان بەدەست بهێنێت. کۆمەڵگەی نێودوڵەتیش باشترە لەگەڵ واقیعدا هەڵسوکەوت بکەن و لەپێناو سەقامگیریی ئەفغانستاندا دەست بکەن بە مامەڵە کردن لەگەڵ تاڵیبان.

هەریەکە لە یەکیتیی ئەوروپا و بەریتانیا، کە بەخشەری سەرەکیی هاریکارییەکانن بۆ ئەفغانستان، تاوەکوو ئێستا دوودڵن لەوەی مامەڵە لەگەڵ تاڵیبان بکەن یان نا.

ئێستا بە نیسبەت وڵاتانی ڕۆژئاواوە تایبەت بە ئەفغانستان دوو بابەت گرنگە: یەکەم تاڵیبان دڵنیایی بدات کە ڕێز لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەگرێت لەناویاندا مافەکانی ژنان، هەروەها فەرمانڕەوا نوێیەکانی ئەفغانستان بەڵێن بدەن ڕێگە نەدەن ئەفغانستان ببێتە شوێنی کۆبوونەوە و حەوانەوەی بزووتنەوە جیهادییە نێودەوڵەتیەکان.

هەروەها لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاواییش پێویستە چەندی دەتوانن مامەڵەیەکی باش لەگەڵ تاڵیبان بکەن، چونکە گۆشەگیرکردنی ئەو بزووتنەوەیە ئەفغانستان بەرەو بێسەروبەری پاڵدەنێت. دەبێ بڵێین وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەت سەقامگیریی ئەفغانستانیان بۆ گرنگە، هیچ نەبێ نایانەوێ ڕووبەرووی شەپۆلێکی نوێی کۆچی ئەفغانییەکان ببنەوە بەرەو کەناراوەکانیان.

هەرچی چینە، ئەوە بە ئاشکرا مامەڵەی لەگەڵ سەرکردایەتیی تاڵیبان کردووە، تەنانەت ئەوکاتەش کە بزووتنەوەی تاڵیبان خەریکی جەنگان بوون دژ بە حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی و سوپای نیشتیمانیی ئەفغانستان، ئەوە بوو ئەوکاتە چین وێنەی کۆبوونەوەی وانگ یی وەزیری دەرەوەی وڵاتی بڵاوکردەوە لەگەڵ عەبدولغەنی برادەر ڕێبەری سیاسی تاڵیبان، کە بە سەرۆکایەتی شاندێک لە تانجینی چین بوو هاوڕێ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئایینیی و کۆمیتەی بانگەوازی حیزبەکە.

وەزارەتی دەرەوەی چین لەپاش کۆبوونەوەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "ئەفغانستان موڵکی گەلی ئەفغانستانە و ئاییندەی وڵاتەکەش دەبێت لە دەستی گەلەکەیدا بێت"، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی حکومەتی پێشوو حکومەتی ئەفغانستان نەبووە بەڵکو بریکاری ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە لە ئەمریکا و بەو جۆرەش خاوەنی شەرعیەت نەبوو.

چین یەکێک بوو لەو وڵاتە ژمارە کەمانەی کە باڵیۆزخانەکەی خۆی لە کابووڵ بە کراوەیی هێشتەوە لەکاتی کۆنترۆڵکردنی کابووڵ لەلایەن تاڵیبانەوە، لەکاتێکدا وڵاتانی دیکە سەرقاڵی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکانیان بوون.

باڵێۆزخانەی روسیاش لە کابووڵ هەر کراوەیە و دانەخراوە و روسەکان مامەڵە لەگەڵ تاڵیبان دەکەن. ئەوە بوو نێردەی ڕوسیا لە کابوڵ لەگەڵ تاڵیبان کۆبوەوە لەپاش کەوتنی کابوول و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئەو بزووتنەوەیە، و کۆبوونەوەکەشی بە "دۆستانە" ناوبرد. بەڵام ڤێگری نێردەی ڕوسیا لە ئەفغانستان لەبارەی کارکردن لەگەڵ تاڵیبان و دانپێدانانی، وتی کە ئەگەر دۆخەکە وەهابوو هەر دەبێ ئەو کارە بکەین ئەوە هەنگاوی یەکەم دەبێت لە ڕێگای کۆدەنگییەکەوە بێت لەناو نەتەوە یەکگرتووەکان. لێرەدا نێردە رووسییەکە مەبەستی لە بڕیاری لیژنەی متمانەپێدانە لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لیژنەی بەڵگەنامەکانی متمانە پێدان لە سەرەتای هەموو خولێکی ئاسایی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری دەکرێت. ئەم لیژنەیە ڕادەسپێردرێت بە پشکنین بەڵگەنامەکانی متمانەپێدانی دەوڵەتانی ئەندام و بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتێک بۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەیەوە، بەڵام لە راستیدا ئەم ڕۆتینە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە، و هیچ ڕێگرێک نییە لە بەردەم وڵاتان کە دان بنێن یان نەنێن بە هەر دەوڵەتێکی دیکەدا لەسەر ئاستی پەیوەندییە دوولایەنەکانیان، تەنانەت ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەڵگەنامەی متمانەپێدانی وڵاتەکەش نەراستێنێ.

هەر لەم میانەیەشدا ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشنیازی کردووە کە داننان بە تاڵیبان ببەسترێتەوە بە بابەتی شەرعیەت وەرگرتنی تاڵیبانەوە. ئەوە بوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (سی ئێن ئێن) ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی مەرجەکانی شەرعیەت وەرگرتنی حکومەتی داهاتووی ئەفغانستان وتی "دەبێت حکومەتێک بێت پشتیوانیی مافە بنەڕەتییەکانی گەلەکەی بکات و پەنای تیرۆریستان نەدات، ئەوکات دەتوانین کاری لەگەڵ بکەین و دانی پێدا بنێین".

لەلایەکی دیکەوە کاتێک باڵیۆزی هیندستان لە قەتەر لەگەڵ ڕێبەری سیاسی تاڵیبان کۆبووەوە و حکومەت خێرا درێژەی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە، سەرچاوەکان وتیان ئەم کۆبوونەوەیە مەرج نییە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی هیندستان بەدوای ڕێگەیەکەوەیە بۆ داننان بە ڕژێمی تاڵیبان.

دیپلۆماتکاران و سیاسەتوانان لە وڵاتانی جیاجیاوە ئەم دەربڕینە بەکاردێنی: "بەدواداچوون دەکەین بۆ کردەوەکانی تاڵیبان، نەک بۆ بانگەشەکانی".

زۆربەی پەیوەندیداران بروایان وایە کە تاڵیبان هەوڵدەدات دانپێدانان و پەسەند ئامیزییەکی فراوانی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت. بەڵام وڵاتان لە دۆخی چاوەڕوانی و چاودێریدان.

لەژێر ڕۆشنایی ئەمەدا، لەسەر تاڵیبان پێویستە کارێک بکات وڵاتان دانی پێدا بنێن، ئەگەر لێیان بێمنەت نییە و نایەوێت گۆشەگیریی نێودەوڵەتی هەراسانی بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین