ڕووسیا هۆشداری بە ئەمریکا دەدات لەبارەی نۆرد ستریم دوو وەرگێڕان

نوچەنێت:

ڕووسیا داوا لە ئەمریکا دەکات فشار نەخاتە سەر هیچ لایەنێک لەسەر پەسەندکردنی پرۆژەی بۆری غازی نۆرد ستریم دوو کە گازی سروشتی لە روسیاوە دەگوێزێتەوە بۆ ئەوروپا.

کریملین لە بەیاننامەیەکدا دووشەممە رایگەیاند، لەسەر واشنتن پێویستە فشار نەخاتەسەر پرۆژەی بۆڕی گازی نۆرد ستریم دووی ڕووسی.

بۆڕی گازی نۆرد ستریم دوو چاوەڕێی ڕەزامەندی دەستەی ڕیکخستنی ئەڵمانییە بەر لەوەی رووسیا دەست بکات بە ناردنی گازی سروشتی لە ڕێگای ئەو بۆڕییەوە.

ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ئەوروپی دژی نۆرد ستریم دوون، کە بەناو ئۆکرانیادا تێناپەڕێت، بەڵکو بە بنی دەریای بەڵتیکدا تێدەپەڕێت و راستەوخۆ گازی سروشتیی ڕوسیا دەگەیەنێتە ئەڵمانیا.

ڕەخنەگران دەڵین ئەم بۆڕییەی ڕووسیا وادەکات ئەوروپا بە تەواوی پشت بە گازی سروشتیی ڕووسیا ببەستێت، لایەنگرانیشى دەڵێن، ئەم هێڵی گواستنەوەیە گرنگە بۆ مسۆگەرکردنی پێداویستیی ئەوروپا لە بواری وزەدا.

سەرەڕای هەڕەشەکانی لۆکاشینکۆ لەسەری، بەمدواییانە ناردنی گازی سروشتی لە روسیاوە بۆ ئەڵمانیا لە ڕێگای بۆریی گواستنەوە زیادی کردووە.

هیچ ئاماژەیەکی ئەوتۆ دیار نییە کە سەرۆکی بێلارووسیا هەڕەشەکەی خۆی جێبەجێ بکات بە وەستاندنی پرۆسەی ناردنی گازی سروشتی بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

هەفتەی ڕابردوو لۆکاشینکۆ هەڕەشەی کرد کە ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا هەر سزایەکی نوێ بەسەر بێلارووسیادا بسەپێنن، ئەوە وڵاتەکەی هەڵدەستێت بە ڕاگرتنی پرۆسەی ناردنی گازی سروشتیی ڕووسی بۆ ئەوروپا، چونکە ئەو بۆڕییە بە بێلارووس دا تێپەڕدەبێت، ئەوە لەکاتێکدایە ملیۆنان ماڵی ئەوروپا پشت بە گازی سروشتیی رووسیا دەبەستن بۆ گەرمکردنەوەیان لە زستانی ساردی ئەمساڵدا.

لای خۆیەوە ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی روسیا رایگەیاند کە هەر جووڵەیەکی بیلاروسیا بە ئاراستەی وەستاندنی هەناردەی گازی سروشتیی روسیا بۆ ئەڵمانیا، زیان دەگەیەنێت بە پەیوەندییەکانی مینسک لەگەڵ مۆسکۆی هاوپەیمانی سەرەکی.

نۆرد ستریم پرؤژەیەکی زەبەلاحە کە گازی سروشتیی روسیا دەگەیەنێت بە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، تێچووی ئەم بۆرییە 11 ملیار دۆلارە و درێژییەکەی 2460 کیلۆمەتر دەبێت لەگەڵ تەواوبوونی هەموو بەشەکانی و لەو ڕێگایەوە دەتوانرێت گازی سروشتی بگەیەنرێتە هەر جێگایەک کە یەکێتیی ئەوروپا داوای بکات.

چاوەڕوان دەکرا ئەم بۆرییە لە ساڵی ٢٠١٩ تەواو ببێت، بەڵام بەهۆی چەندین گرفتەوە دواکەوت، بە تایبەت هەڕەشەی چەند بارەی ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی کاری تێدا دەکەن.

بەڵام دوای ئەوەی سەرۆک جۆ بایدن دەسەڵاتی وەرگرت دۆخەکە لە کۆشکی سپی گۆڕا و لە مانگی ئایاری رابردوو بڕیاری دا ئەو سزایانە هەڵبوەشێنەتەوە کە سەبارەی بە نۆرد ستریم دوو سەپاندبوونی، بەڵام ئیدارەی بایدن ڕێککەوتنێکیشی لەگەڵ ئەڵمانیا کردووە کە تێیدا هۆشداری دراوە ئەگەر روسیا وزە وەکو کارتی فشار لەسەر ئەوروپا بەکاربهێنێت، ئەوە بەرپەرچی دەدرێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین