چین ئاییندەی پیشەسازیی ئۆتۆمۆبێل کۆنترۆڵ دەکات! عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە

چین تەنیا هەوڵی لەرزاندنی پێگەی ئەمریکا نادات لەسەر عەرشی ئابووریی جیهانی، بەڵکو لە هەنگاونانی خێرادایە بۆ زاڵبوون بەسەر کەرتی تەکنۆلۆجیای وزەی خاوێندا، ئەوەتا لەم کەرتەدا باتریی لیسیۆم بەردی بناغەیە و چین زۆر پێشی ئەمریکا و ڕۆژئاوا کەوتووە لە بواری کۆنترۆڵکردنی ماددە خاوەکانی و پوختکردنی و پیشەسازییەکەیدا.

لە سایەی ئەو ئاڵنگارییانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دروست بوون و هاوکات لەگەڵ ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی پاریس تایبەت بە ژینگە و پلانەکانی ڕێگری لە گەرمبوونی بەرگەهەوای زەوی، وڵاتانی زلهێز لەسەر خۆیان کردووەت مەرج کە ئەو راسپاردە و بڕیارانەی بۆیان دیاریکراوە جێبەجێی بکەن، کە باسی ئەم بابەتەش دەکرێت خێرا سەرنجەکان دەچنە سەر کەرتی ئۆتۆمبێل و هۆکارەکانی گواستنەوە، کە 60%ی بەرهەمی نەوتی جیهانی دەسووتێنن وەکو سەرچاوەی وزە، بۆیە ئێستا چاوەکان لەسەر پەرەپێدان و پێشخستن و زیادکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانە و خواستێکی زۆریان لەسەرە.

لە ناوەندی خواستی ڕوو لە زیادی جیهانی بۆ ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی، ئێستا کۆمپانیاکان و تەنانەت دەوڵەتەکانیش کەوتوونەتە خۆیان بۆ ئەوەی پیگەیەکی باشیان هەبێت لەو پێشبڕکێ جیهانییەی هەیە و چین پلەی یەکەمی تێدا وەرگرتووە بۆ دابینکردنی باتریی پێویست بۆ ئەو ئۆتۆمۆبێلانە، هەر لە بەدواداگەڕانی ماددە خاوەکەی لە خاکەوە تاوەکوو دەرهێنان و پوختکردنەوەی و بەکارهێنانی لە دروستکردنی باتریییەکان و ئەو ئۆتۆمۆبێلانەی کاری پێدەکەن.

 

بازاڕی باتری

 

لەگەڵ پشتبەستنی زیاتری وڵاتان بە ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی وەکو ڕێگایەکی کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی پەترۆڵەوە، ئێستا بازاڕی باتری و پێکهاتەکانی بوونەتە جێی کێبڕکێیەکی بێوێنە، ئەوەتا سەرەڕای مێژووی کورتی ئۆتۆمۆبێلە کارەباییەکان، ژمارەیان بە خێرایی ڕوو لە زیادبوونە، بۆ نموونە ساڵی 2019 حەوت ملیۆن ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی لەسەر شەقامەکان ئیشیان دەکرد، کەچی ساڵی 2020 ژمارەیان گەیشتە 10 ملیۆن، واتە بە ڕیژەی 43% زیادیان کرد.

چین لەلایەکەوە کۆنترۆڵی بازاڕی ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی جیهانی کردووە، بەوەی ساڵی رابردوو بە تەنها خۆی 1.3 ملیۆن ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی فرۆشتووە، کە دەکاتە کۆی 40%ی هەموو ئۆتۆمۆبێلە کارەباییە فرۆشراوەکان، هەروەها تەنها کۆمپانیای دروستکردنی باتریی چین (CATL) کۆنترۆڵی 30%ی هەموو بازاڕی باتریی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی جیهانی کردووە.

چین هەروەها پێگەیەکی بەهێزیشی هەیە لە هەناردەکردنی ئەو کانزایانەی بۆ دروستکردنی باتریی لیسیۆم بەکاردێن، وەکوو ماددە خاوەکانی نیکڵ، کۆباڵت و ئۆکسیدی مەنگەنیز، ئێستا خواستێکی زۆری جیهانی هەیە بۆ کڕینی ئەم ماددە خاوانە لەو وڵاتانەی پیشەسازیی ئۆتۆمۆبێلی کارەباییان هەیە. ئەگەر ئۆکسیدی مەنگەنیز بە نموونە وەربگرین، دەبینن چین لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 27.5 هەزار تۆنی لێ هەناردە کردووە و بەوەش بەراورد بە ساڵی پار 105% زیادیکردووە.

 

هەژموونی چین بەسەر گەنجینەی ماددە خاوەکاندا

 

لە چەند ساڵی رابردوودا چین سەرکەوتووانە هەژموونی خۆی زاڵ کردووە بەسەر کەرتی دەرهێنانی کانزا لە دەوڵەتانی ئەفریقا، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ ئەو وڵاتە کە هەژموونی خۆی زاڵ بکات بەسەر پیشەسازیی باتریی لیسیۆم کە تەواو پشت بە کانزاکانی دەستکەوتوو لە کانە بەردینەکانی چین لە ئەفریقا دەبەستێت، بە تایبەت لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتییەوە.

هەروەها ساڵی رابردوو پاڵاوگەکانی پوختەکردنی کۆباڵت لە چین کۆی 85%ی پێداویستی جیهانیان لە کۆباڵتی ئامادەکراو بۆ دروستکردنی باتری دابین کردووە، زۆربەی ماددەی خاوی کۆباڵتیش لە کانەکانی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات دەردەهێنرێن، لەو وڵاتەش چین دەستی بەسەر 70%ی کەرتی دەرهێنانی کانزاکاندا گرتووە!

هەر بەهۆی کۆباڵتى بەدەستهێنراو لە ئەفریقاوە، چینییەکان دەستیان دەڕوات بەسەر پیشەسازیی کاسۆد-دا، کە پێکهێنەری هەرە گرنگ و سەرەکیی باتری لیسیۆمه کە لە چوای بەش پێکهاتووە: کاسۆد، ئانۆد، ئەلیکترۆلایت و جیاکەرەوە. چین بە تەنها خۆی کۆنترۆڵی 74%ی پێداویستیی جیهانى بۆ ئەم ڕەگەزە گرنگە كردووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکوو 2025 بگاتە 83.8%.

هەروەها لەگەڵ خواستی زیاتری دروستکەرانی ئۆتۆمۆبێلە کارەباییەکان و باترییەکان بۆ کاسۆدی نیکڵ لە بری کۆباڵت لە ترسی ناوبانگی خراپی دەهێنانی کۆباڵت لە کۆنگۆ، خێرا کۆمپانیا چینییەکان ڕوویان کردە ئەندۆنیسیا کە گەورەترین یەدەگی نیکڵی هەیە، بەم جووڵەیەش چین بووە گەورەترین بەرهەمهێنەری نیکڵ لە بازاڕی جیهانیدا.

 

ئەوروپا هەوڵی گەیشتن بە کاروانەکە دەدات

 

وڵاتانی ئەوروپا و لە سەرووی هەموویانەوە ئەڵمانیا و فەڕەنسا هەوڵی دوا نەکەوتن لە کاروانی پیشەسازیی باتری دەدەن کە بڕبڕەی پشتی ئۆتۆمۆبێلی کارەباییە، وەکوو هەوڵێکیش بۆ لاساییکردنەوەی هەنگاوەکانی چین، حکومەتە ئەوروپییەکان پارەیەکی زۆریان خستووەتە خزمەت بنیاتنانانی دامەزراوەکانی دەرهێنانی ماددە خاوەکان تاوەکو دەگاتە دوا قۆناغی دروستکردنی باتری.

بۆ ئەم مەبەستە ئەوروپا زیاتر لە 100 ملیار یۆرۆی فەراهەم کردووە بۆ بنیاتنانی زنجیرەی خۆماڵیی قۆناغەکانی دابینکردنی باتریی لیسیۆم بۆکۆمپانیا زەبەلاحەکانی دروستکردنی ئۆتۆمۆبێل لە ئەوروپا وەکوو "بی ئێم دەبڵیو" و "ڤۆڵکسڤاگن" کە ڕوویان کردووەتە دروستکردنی ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی، تاوەکو واز لە هاوردەکردنی پێداویستییەکانیان لە ئاسیاوە بهێنن، کە ئێستا زۆربەی لە دو کۆمپانیای چینییەوە دێت.

سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانەی ئەوروپا، لێکۆڵەران دەڵێن وەبەرهێنانەکانی ئەوروپا لەم بوارەدا ناتوانێت ببێتە هاوشانی هاوتا چینییەکەیان کە زۆر پێشیان کەوتووە لە دەرهێنانی ماددەی خاو، پوختەکردنی کانزا پێویستەکان و تا دەگاتە دروستکردنی باتری.

 

 

ئەمریکا نوستووە!

لەکاتێکدا جیهان لە پێشبڕکێدایە بۆ خۆ زاڵکردن بەسەر تەکنۆلۆجیای ئاییندەدا، ئەمریکا وەکوو ئەوە وایە لە خەوێکی قووڵدا بێت لەم بوارەدا، هەرچەندە 174 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی کردوە لە پێناو ڕاکێشانی بازاڕی ئۆتۆمۆبێلە کارەباییەکان بە ئاراستەی خۆیدا، وەکوو بەشێک لە پڕۆژە بودجە دوو تریلیۆن دۆلارییەکەی مانگی نیسانی سەرۆک بایدن.

ئەو هەستکردنە بوو بە خەواڵووی ئەمریکا لەم بوارەدا کە پاڵی نا بە سایمۆن مۆرس، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای "Benchmark Mineral Intelligence" تایبەت بە هەواڵگریی کانزاکاری، کە لە بەردەم لیژنەیەکی ئەنجوومەنی پیران لە مانگی حوزەیراندا ئەو ڕاستییە بدرکێنێت کە "چین هەموو هەفتەیەک کارگەیەکی زەبەلاحی دروستکردنی باتری بنیات دەنێت، کەچی ئەمریکا هەموو چوار مانگێک ئینجا کارێکی هاوتای ئەوەی چین دەکات" بە هۆشداری دانیشەوە وتی "ئێستا پیشەسازییەکی نوێی باتری لە خەمڵیندایە، و بۆ بوونە ڕێبەری ئەم پیشەسازییە، ئەمریکا هێواش هەنگاو دەنێ، بۆیە چین و ئەوروپییەکان پێشی ئێمە کەوتوون".

 

سەرچاوە: تەرەتەی عەرەبی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین