هۆكارى زیادبوونی هێرشەکانى داعش بۆ سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم وەرگێڕان

نوچەنێت:

رائيد حاميد

له‌ (19)ی كانوونی یه‌كه‌می (2017) حكومه‌تی بەغدا بە سەرۆكايەتى حەيدەر عەبادى سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر رێكخڕاوی تیرۆرستی داعش راگه‌یاند، كۆتا پێگه‌ی خۆى لە عێراق له‌ده‌ست دا.

دوای چوار ساڵ له‌و شكسته‌ی داعش تا ئێستا ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ رێژه‌ی جۆراوجۆر له‌ ناوچه‌كانی باكووری كه‌ركوك و سه‌ڵاحه‌ددین و نه‌ینه‌و و رۆژهه‌ڵاتی دیاله‌ و رۆژئاوای ئه‌نبار چالاكی هه‌یه‌، ئه‌و ناوچانه‌ش پشتێنه‌ی ئەمنين بۆ به‌غدا، زۆربه‌ی ناوچه‌كانیش ئه‌وانه‌ن كە به‌غدا و هه‌ولێر لەسەرى ناكۆكن، بۆیه‌ش داعش ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی قۆستۆته‌وه‌ و چالاكى تێدا ئەنجام دەدات.

ئه‌و ناوچانه‌ له‌ رووی ئه‌منییه‌وه‌ لاوازه‌، بەتایبەت ئەو گوند و شارۆچكانەى ده‌كه‌ونه‌ به‌شی سنووری باكووری رۆژئاوای نه‌ینه‌وا له‌ سنووری سووریا له‌وێوه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ  پارێزگای كه‌ركوك و سه‌ڵاحه‌دین تا ده‌گاته‌وه‌ سنووره‌كانی ئێران و باكووری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای دیاله‌.

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق زۆربه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌و دواییه‌ی داعش له‌ زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چووغی نێوان پارێزگای كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا بوو، كه‌ هێزه‌كانی سه‌ر به‌ سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ تێدا جێگيركراوە‌، ناوچه‌یه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك شاخاوییه‌ بۆ خۆشاردنه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش.

چیای قه‌رچووغ نزیكه‌ی (50) كیلۆمه‌تر له‌ رۆژئاوای هه‌ولێر دووره‌، بۆته‌ شوێنى چه‌كدارانی داعش، له‌وێشه‌وه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر گوندی لهێبان و گونده‌كانی دراوسێی، له‌ كۆتایی مانگی تشرینی دووه‌مى رابردوو داعش له‌و ناوچانه‌ چه‌ند هێرشێكی كرده‌ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌.

راپۆرته‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و ناوچانه‌ی له‌و قۆناغه‌ داعش خۆی تێدا به‌هێزكردووه‌، له‌ رووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركوك و دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دینن، له‌و ناوچانه‌ش هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.

ئه‌و زنجیره‌ هێرشيان كرایه‌ سه‌ر گونده‌كانی سنووری هه‌رێمی كوردستانى‌ سه‌ر به‌ شارۆچكە‌كانی پارێزگای كه‌ركوك و موسڵ بوون، لەو هێرشانە زیاتر له‌ (20) پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون، هۆكارەكەشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پەيوەندى هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و عێراق لەو ناوچانە زۆر لاوازه‌، ژووری هاوبه‌شیان نییه‌.

ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، "داعش له‌و دوایه‌ چووینه‌ گوندی لهێبان ئه‌و گونده‌یان كۆنتڕۆڵ كردبوو، كه‌ (50) كیلۆمه‌تر له‌ ناوه‌ندی پارێزگای هه‌ولێر دووره‌ سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕانی قه‌زای دووبسی پارێزگای كه‌ركوكه‌."

ئێوارەى دووى كانوونى یەكەم رێكخراوى تیرۆرستى داعش بەرپرسیارێتى هێرشەكانى بۆ سەر گوندى لهێبان و خدر جیجە راگەیاند، ئەو گوندە (60)كیلۆمەتر لە باشوورى رۆژئاواى هەولێر دوورە، كە بووە شەهیدبوونى حەوت كەس، كە سیانیان هاووڵاتى سڤیل بوون، چوار لە شەهيدەكانيش پێشمەرگەبوون.

هەروەها نزیكەى (55) خێزان كە ژمارەیان (70) كەس دەبوو بەر لە رۆژئاوا ئەو گوندەیان چۆڵ كرد، دواى چەند كاتژمێرێك چەكدارانى داعش چوونە ئەو گوندە ژمارەیەك خانوويان سووتاند.

لەدواى ئەو هێرشانە هێزەكانى ئەمریكا بەڵێنیان دا پاڵپشتى هێزە عێراقییەكان بكەن، دواتر د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارى عێراق جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "هێرشەكانى داعش دەخوازێت هێزەكانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق هەماهەنگییەكانیان بەهێزتر بكەن."

پاشانیش مستەفا كازمى سەرۆك وەزیرانى عێراق رایگەیاند، "شانبەشانى هێزە عێراقییەكان پێشمەرگەش بەشێكە لە سیستەمى بەرگرى نیشتیمانى پارێزگارى لە ئاسایشى وڵات دەكات".

دواتریش لە هێزەكانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە هەردوو پارێزگاى سەلاحەدین و نەینەوا لە ئۆپراسیۆنێكى هاوبەشدا ئەو ناوچانەیان پشكنى.

هەرچەندە ژووى هاوبەشى ئۆپراسیۆنەکان لە نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق هەیە، بەڵام هەردوولا شكستى ئەمنیان دەخستە ئەستۆى یەكترى و یەكتریان بە كەمتەرخەم تۆمەتبار دەكرد، لە لايەكى تريشەوە حكومەتى هەرێم راگەیێندراوێكى بڵاوكردەوە، بەرپرسیارێتى ئەو هێرشانەى خستە ئەستۆى حكومەتى ناوەندى، كە هاوكارى هێزى پێشمەرگەى نەكردووە.

بەرپرسانى هەرێم رایانگەیاند، "هیچ هەماهەنگى و هاوكاریەکى راستەقینەى هاوبەش لە نێوان ئەو دوو هێزە لە ناوچە جێناكۆكەكان نییە، بۆ چارەسەكردنى ئەو بۆشایە ئەمنییەى لەو ناوچەیە دروست بوو، كە داعش هێرشەكانى تێدا ئەنجام دەدات."

لاوازى هەماهەنگى وایكردووە داعش ئەو بۆشاییە ئەمنييە بقۆزێتەوە هێرش بكاتە سەر هێزەكانى پێشمەرگە، كە لە دواى رووداوەكانى ئۆكتۆبەرى (2017) لەو ناوچانە دروستبووە، كە دواى چەند هەفتەیەك لە راپرسى هەرێمى كوردستان بۆ سەربەخۆى، حكومەتى عێراق هێرشى كردە سەر ئەو ناوچانە و دەستى بەسەر داگرتەوە.

بەگوێرەى ئامارى نەتەوە یەكگرتووەكان داعش خاوەنى ملیۆنەها دۆلارە، ئەوەش وایكردووە خەڵك بۆ ریزەكانى خۆى راكێشێت، دووبارە توانا مرۆییەكانى بنیات بنێتەوە، كە لەو تێكشكانەى دواى موسڵ دەستى بەخۆرێكخستنەوە كردەوە.

ئەو هەوڵانەى داعش بۆ ئەوەیە سەر لەنوێ لەو ناوچانە بەگرووپ هێرشى سنوردار بكات، كە ژمارەى ئەو چەكدارانەى هێرش دەكەن لە نێوان  (12 بۆ 15) چەكدار دەبن، لەگەڵ ئامانجەكانیان گونجاوە، چونكە توانا مرۆییەكانى لە سووریا و عێراق بە بەراورد بە رابردوو زۆر كەمترە.

بەگوێرەى راپۆرتەكانیش ئەو چەكانەى چەكدارانى داعش بەكارى دەینن چەكى بچوكن، لە هەمان كاتیش بۆمب لە سەر رێگەكان دادەنێنەوە، خەڵك دەڕفێنن بە چەندين شێوازى تریش هێزە ئەمنییەكان دانیشتوانى ئەو ناوچانە دەكەنە ئامانج. 

بەگوێرەى ئەو بڵاوكراوانەى راگەیاندنى سەر بە داعش بڵاوى دەكەنەوە، ژمارەى هێرشەكانیان بە بەراورد بە ساڵى رابردوو زۆر كەمى كردووە، كە لە مانگێك (87) هێرشيان كردووە، ئەوە لە كاتێكدا ساڵى رابردوو مانگانە (110) هێرشیان دەكرد.

قۆستنەوەى ئەو ناوچانە و جێگیربوونیان تێیدا بەهۆى پەراوێزخستنەوەيە، ئەوەش شكستى ئەمنى و هەواڵگرى حكومەتى عێراق لە ناوچە جێناكۆكەكان دەردەخات.

ئەوەش وایكردووە پێویست بكات هێزەكانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لە عێراق ببمێنەوە، خاكى عێراق جێنەهێڵن، هەرچەندە ئەو كشانەوە خواستى گرووپە شیعەكانى سەر بە ئێرانە، كە بەردەوام هەڕەشەى بەكارهێانى هێزى سەربازى دەكەن دژ ئەمریكا ئەگەر هێزەكانى لە كۆتایى ئەو مانگە نەكشێنێتەوە.

لە (10)ى ئەو مانگە جەنەڕاڵ فرانك ماكنزى فەرماندەى هێزەكانى ئەمریكا راگەیاند، "وڵاتەكەى (2500) سەرباز لە عێراق دەهێڵێتەوە، بەڵام ئەركەكانیان دەگۆڕێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین