چین: چەند بەرپرسێکی ئەمریکا داوای ڤیزا دەکەن بۆ بەشداریی ئۆڵەمپیادی پەکین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت داواکاریی وەرگرتنی ڤیزای پێگەیشتووە لەلایەن چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بۆ بەشدارییان لە یارییەکانی ئۆڵەمپیادی زستانەی پەکین.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی (سی جی تی ئێن) ی چینی، چاو لیجیان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کورتە ڕاگەیەنراوێکدا ڕۆژی ‏دووشەممە‏ 27‏ کانونی یەکەمی 2021  وتوویەتی "دەتوانم ئەوە بسەلمێنم کە بەرپرسانی چین داواکاریی وەرگرتنی ڤیزایان پێگەیشتووە لەلایەن چەند بەرپرسێکی ئەمریکاوە".

چاو وتوویەتی کە وڵاتەکەی بۆ ئەم بابەتە بەپێی نەریتە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکارە بەردەستەکان و بنەماکانی ئاڵوگۆڕی دوولایەنە مامەڵە دەکات.

ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە سەرەتای ئەم مانگە کۆشکی سپی رایگەیاند کە بایکۆتی دیپلۆماسیی ئۆڵەمپیادی زستانەی پەکین دەکات وەکو ناڕەزاییەک بەرامبەر پێشێلی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن چینەوە.

چاو ئەمریکای بەوە تۆمەتبارکرد کە تەنیا لەپێناوی بانگەشە و نمایشی سیاسیدا بایکۆتەکەی راگەیاندبوو، بێئەوەی هێشتا بانگهێشتنامەی چینی پێگەیشتبێت.

لە هەمان ڕاگەیەنراودا چاو وتیشی "جارێکی دیکەش هانی لایەنی ئەمریکی دەدەین پراکتیزەی گیانی ئۆڵەمپیانە بکات و واز لە بە سیاسیکردنی وەرزش بهێنێت و ئەو وتە و کردەوانە ڕابگرێت کە ڕەنگە یۆڵەمپیادی پەکین بشێوێنن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین