تانە و تەشەر و بایکۆت...وەڵامی چین بۆ ئەو کۆمپانیایانەی ڕەخنەی سیاسی لێدەگرن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

دوای ئەوەی کۆمپانیای (ئینتێڵ)، یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری ئەلیکترۆنیک، داوای لە هاوردەکارانی کرد کە خۆیان ببوێرن لە هێنانی کەرەستە و پێداویستی لە هەرێمی شینگیانگی ئیگۆرنیشین، ئەوەش هەڵمەتێکی تانە و تەشەری میدیایی فراوان و هەڕەشە و گورەشەی بەدواداهات لەلایەن چینەوە، کە بووە خولێکی نوێی سەرکوتکردنی ئەو دەنگانەی ڕەخنەی لێدەگرن لەسەر چەوساندنەوەی مسوڵمانانی ئیگۆر.

وەکو لە پەیج و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، کۆمپانیای (ئینتیڵ) داوای لێبوردنی لە گەلی چین کرد لەسەر "هەبوونی سووکایەتی لە بەیاننامەکەیدا بەو گەلە". چاودێران دەڵێن ئەو داوای لێبوردنە وەکو ملدانە بۆ ئەو هەڵمەتی هەڕەشە و  تانە و تەشەرە میدیاییە فراوانەیە کە ڕووبەڕووی کۆمپانیاکە بووەوە دوای ئەوەی داوای لە هاوردەکارانی کرد کە خۆیان بەدووربگرن لەو بەرهەمانەی لە هەرێمی شنگیانگ دروستدەکرێن، چونکە دەسەڵاتدارانی پەکین زۆرینە مسوڵمانەکەی دانیشتوانی هەرێمەکە دەچەوسێننەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە چین سزای ئەوانە دەدات کە ڕەخنە دەگرن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەرهەق بە کەمینەی ئیگۆر، کە ڕووبەڕووی جۆرەها نەهامەتی دەبنەوە، هەر لە زیندانیکردن و گرتن تاوەکوو ئەشکەنجەدان و کارکردنی بە زۆر. چین بە هەمان ئەو نەفەسەی کە بە ناوزڕاندنی میدیایی و هەڕەشە ڕووبەڕووی سزا ئابوورییەکان دەبێتەوە، بە هەمان نەفەس دەکەوێتە سەرکوتکردنی هەر لایەک کە قسەی هەبێت لەسەر بابەتی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی شنگیانگ.

 

چی وای لە "ئینتێڵ" کرد داوای لێبوردن بکات؟

 

سەرەتای چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ گوتاری ساڵانەی کۆمپانیای "ئینتێڵ" بۆ ئەو لایەنانەی کەرەستەکانی بۆ دابیندەکەن لە چینەوە و تێێدا وتبووی خۆتان دووربگرن لەو کەرەستانەی لە شوێنی ئەوتۆ دروستدەکرێن کە بوونەتە شوێنی "بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کاری زۆرەملێ، کۆیلەکردن و خستنە ژێرقەرز". کۆمپانیاکە داوای کردبوو دەستەبەری ئەوە بکرێت کە دابینکارانی کەرەستەکان هیچ کاڵا و کرێکار و خزمەتگوزارییەک لە شنگیانگەوە وەرنەگرن وهەر حاڵەتێکی گوماناوییان هەستپێکرد لەم بارەیەوە، کۆمپانیا ئاگادار بکەن.

لە وەڵامدا دەسەڵاتدارانی چین بڕیاریان دا هەڵمەتێکی دوژمنکارانە دژ بە کۆمپانیاکە بەرپا بکەن. ئەوە بوو چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە سەر بە حیزبی کۆمۆنسیتی فەرمانڕەوا بوون هێرشیان کردە سەر کۆمپانیاکە و تۆمەتباریان کرد بە سوکایەتیکردن بە گەلی چین. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە حیزبەکەش هەڵمەتێکی مێدیاییان دەستپێکرد کە ئەو کۆمپانیا زەبەلاحەیان دایە بەر ڕەخنە.

ڕۆژنامەی (گلۆباڵ تایمز)یش، کە ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی فەرمانڕەوا بەرێوەی دەبەن، بەیاننامەکەی (ئینتێڵ)ی بە "هیچ و پووچ" ناوبرد و وتی کە ئەو کۆمپانیایە "دەستانێک دەگەزێت کە خواردنیان پێداوە" بەو پێیەی "ساڵی ٢٠٢٠ لە کۆی هاوردەی کۆمپانیاکە بڕی ٢٦٪ی لە چینەوە بووە". ڕۆژنامەکە داوای لە دەسەلاتدارانی چین کردووە ڕێوشوێنی ئابووری بگرنەبەر دژ بەو کۆمپانیایە و وتووشیەتی "ئەوەی پێویستە پێی هەستین ئەوەیە وا بکەین ئەو کۆمپانیایانە باجی گەورە بدەن کە سووکایەتی بەرامبەر چین دەکەن، بە جۆرێک وایان لێبکەین زیانەکانیان لە دەستکەوتەکانیان زیاتر بن".

هەر لەم چوارچێوەیەدا، گۆرانیبێژی بەناوبانگی چین، کاری وونگ، ڕایگەیاند کە ئیدی لە کارەکەی بەردەوام نابێت وەکو باڵیۆزی مارکەی "ئینتێڵ"، ئەوەش وەکوو ناڕەزایی بەرامبەر بەیاننامەکەی ئەو کۆمپانیایە. بەشێک لە بەکارهێنەرە چینییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەوازی بایکۆتکردنی بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایەیان ڕاگەیاند.

وەکوو سەردانەواندنێکیش بۆ ئەم فشار و هەڕەشانە، کۆمپانیای "ئینتیڵ" داوای لێبوردنی کرد لە گەلی چین لەبارەی هەر سووکایەتییەک کە لە بەیاننامەی کۆمپانیاکەدا هاتبێت. کۆمپانیاکە لە بڵاوکراوەیەکیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت "داوای لێبوردن دەکەین کە بووبینە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ کارمەندە چینییە بەڕێزەکانمان و هاوبەشان و جەماوەرەکەمان". باسی لەوەش کردووە کە "بڕگەی تایبەت بە شنگیانگ لە پەیامەکەماندا، هەڵوێستی فەرمیی کۆمپانیاکەمان نیە، بەڵکو تەنیا بۆ لایەنی یاسایی بووە".

ئەوە لەکاتێکدایە چەندین راپۆرتی نێودەوڵەتی بڵاوبوونەتەوە سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی چینەوە دژ بە گەلی ئیگۆر لە هەرێمی شنگیانگ لە ڕۆژئاوای وڵات. لەناو ئەو پێشێلکاریانەدا ئاماژە کراوە بە دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان و ناچارکردنیان بە کارکردن لە بارودۆخی نامرۆڤانەدا.

 

چین چۆن تۆڵە دەکاتەوە لە کۆمپانیا ڕەخنەگرەکان؟

 

ئەمە یەکەمجار نییە چین هێرش دەکاتە سەر ئەو کۆمپانیایانەی پابەندی سزا نێودەوڵەتیەکانن تایبەت بە دۆخی شنگیانگ. پێشووتریش چەند کۆمپانیایەکی جلوبەرگی جیهانی تووشی جووڵەی تۆڵەئامیزی چین بوونەتەوە، لەسەر ئەوەی بڕیاریان داوە بایکۆتی لۆکەی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی شنگیانگ بکەن، چونکە بۆیان دەرکەوتبوو لە زیندانەکان و ناوەندەکانی کاری زۆرەملێ لۆکە بەرهەمدەهێنرێت لەو هەرێمە چینییە.

چین هەڕەشەی بایکۆتکردنی کردبوو لە هەردوو کۆمپانیای (نایک)ی ئەمریکی و (هێچ ئاند ئێم)ی سویدی. هەروەها بازاڕە ئەلیکترۆنییە چینییەکانی وەکو ئەلی بابا و جەی دی لە پەڕەکانی خۆیاندا بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیا سویدییەیان لابردبوو. هەروەک کەناڵی تەلەڤزیۆنی (سی سی تیڤی) سەر بە حکومەتی چین هێرشی کردبووە سەر مارکە بازرگانییە جیهانییەکان چونکە وەکو ئەو دەڵێت پارەیەکی زۆریان لە چین دەستدەکەوێت، کەچی لە هەمان کاتدا هێرش دەکەنە سەر وڵاتەکە.

کەواتە ئەم ستراتیجیەتەی چین گرتوویەتیەبەر دژ بەو کۆمپانیا ئەلیکترۆنیکە جیهانییەکان، هەر ئەوەیە کە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا سیماکانی ڕوونکردووەتەوە و دەڵێت "چین لەسەر ئاستێکی فراوان کار بۆ ڕەتدانەوەی هەر ڕەخنەیەک دەکات سەبارەت بە شنگیانگ، کە تێیدا نکووڵی لەوە دەکات هیچ مافێکی پێشێل کردبێت". ئەوەشی چوواندووە بەو سزایانەی ساڵی ٢٠١٠ دەستی پێکردن دژ بە هەناردەی ماسیی نەرویجی، بەهۆی سەرکەوتنی لیو چیاو بوو کەسایەتی بەرهەڵستکاری چینی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ.

ئەمەش بەراورد ناکرێ بە هەڵسوکەوتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەم رووەوە، چونکە ڕۆژئاواییەکان ئەوانە سزا دەدەن کە هەڵدەستن بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، کەچی چین چالاکە ئابوورییە سەربەخۆکان سزا دەدات!

لە پێشهاتێکی نوێی ئەم بابەتەدا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، یاسایەکی واژوو کرد کە بە شێوەی نیمچەیی یان تەواوەتی قەدەغەی دەکات کۆمەڵێک بەرهەمی دروستکراو لە هەرێمی شنگیانگی چینییەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوردە بکرێت، ئەویش بە ئامانجی بەگژداچوونەوەی کارکردنی زۆرەملێ کە دەرهەق بە کەمینەی ئیگۆری مسوڵمان لەو ناوچەیە پیادە دەکرێت و بەپێی یاساکە تەنیا کاتێک ڕێگەی پێ بدرێت کە "کۆمپانیاکان بۆ یەکەکانی گومرگی بسەلمێنن کە کەلوپەلەکان لە ڕیگای کاری زۆرەملێوە دروست نەکراون" . کۆشکی سپی ڕونی کردووەتەوە کە دەقە واژووکراوە یاساییەکە "بە هەمان شێوە سزا دەسەپێنێت بەسەر ئەو بیانییانەشی کە بەرپرسن لە کارکردنی زۆرەملێ لە شنگیانگ".

 

 

سەرچاوە: تەرەتەی عەرەبی

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین