کۆتایی ئەمساڵ فرۆشی ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی لە چین پێویستی بە پشتیوانیی حکومەت نامێنێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

حکومەتی چین دەیەوێت کۆتایی ئەمساڵ ئەو هاریکارییانە ڕابگرێت کە پێشکەشی کردبوون بۆ هاندانی خەڵکی تاوەکو ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی بکڕن، چونکە دەڵێ ئیدی فرۆش زۆرە و خەڵکی زیاتر لە جاران ڕوو لە کڕینی ئەم ئۆتۆمۆبێلانە دەکەن.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی (مۆنتی کارلۆی نێودەوڵەتی) وەزارەتی دارایی چین ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ سەرەتای 2022 دا بڕی ئەو پشتیوانییە داراییە بە ڕێژەی 30% کەمکدەکرێتەوە و کۆتایی ساڵی 2022 بە تەواوی دەوەستێنرێت.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە "بە لەبەرچاوگرتنی گەشەسەندنی کەرتی ئۆتۆمۆبێلە وزە خاوێنەکان و زیادبوونی فرۆشیان و جووڵەی وردە وردەی پیشەسازانی ئۆتۆمۆبێل بەرەو ئەم جۆرە نوێیانەی ئۆتۆمۆبێل، بڕیاردەدەین لە 31ی کانوونی یەکەمی 2022 ئەو هاریکارییانە بوەستێنین".

لە چین فرۆشی ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی بە ڕاددەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە جۆرێک کۆتایی ساڵی 2021 بەراورد بە سەرەتای ساڵ، بە ڕێژەی 100% زیادی کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی پیشەسازانی ئۆتۆمۆبیڵ لە چین (CAAM)، ساڵی 2022 لەو وڵاتە پێشبینی دەکرێت 18%ی کۆی ئۆتۆمۆبێلە فرۆشراوەکان، ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی بن!

ئەوە لەکاتێکدایە ساڵی 2019 ڕێژەی ئۆتۆمۆبێلە کارەباییە فرۆشراوەکان کۆی 5%ی ئۆتۆمۆبێلە فرۆشراوەکانی چینی تێنەدەپەڕاند.

کۆمەڵەکە پێشبینی دەکات ئەمساڵ لە چین 27.5 ملیۆن ئۆتۆمۆبێل بفرۆشرێن کە پێنج ملیۆنیان ئۆتۆمۆبێلی کارەبایی بن.

چین گەورەترین وڵاتی پیسکەری ژینگەیە لەسەر ئاستی جیهان و پلانی هەیە تاوەکوو 2035 زۆرینەی ئۆتۆمۆبێلەکانی وڵاتەکە کارەبایی بن و بە وزەی خاوێن کار بکەن نەک سووتەمەنی پەترۆڵ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین