ئایا ڕووداوەکانی کازاخستان پلانی ڕۆژئاوایە بۆ لاوازکردنی ڕووسیا لە دۆسیەی ئۆکرانیادا؟ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

شەپۆلی ناڕەزاییەکان لە کازاخستان هەفتەیەکی تێپەڕاند، دۆخی ئاسایش وەها تێکچووە و کاری تێکدەرانە هێندە بڵاوە، پێناچێ وا زوو هێمنی بگەڕێتەوە، ئەوە بوو تەنیا لە دوو ڕۆژدا خۆپیشاندانە هێمنانەکانی گۆڕان بۆ توندوتیژی و پێکدادانی چەکدارانەی ئەوتۆ کە دەیان کوژراو و زیاتر لە هەزار برینداری لێ کەوتەوە.

لە سایەی ئەم ڕووداوانەدا، قاسم جۆمارت تۆکاییڤ سەرۆکی کازاخستان، خۆپیشاندەرانی بە تیرۆریست ناو برد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەوەی ڕوودەدا دەستی دەرەکی لە پشتە، ئەمانەشی کردە بەهانە بۆ داوکردنی هاریکاری لە ڕێکخراوی "پەیماننامەی ئاساییشی دەستەجەمعی" تا بە هانای هێزەکانی کازاخستانەوە بێن و هاریکاربن لە گێڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچە پڕ پشێوەییەکان.

ئەم خێرا ڕوودانەی زنجیرەی ڕووداوەکان لە کازاخستان، هاوکاتە لەگەڵ ئەو گرژییانەی چەند مانگێکە لەنێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا هەیە و لە دوو ڕییانی ئەوەدایە ئاخۆ ئەو گرژییانە چارەسەر دەکرێن یان دۆخ ئاڵۆزتر دەبێت و سەر دەکێشێت بۆ پێکدادانی ڕووسیا و ڕۆژئاوا.

هاوتەریبیی ئەم ڕووداوانە وای لە بەشێک لە چاودێران کردووە وا لێکی بدەنەوە کە ڕووداوەکانی کازاخستان بریتییە لە هەوڵی ڕۆژئاوا بۆ سەرقاڵکردنی ڕووسیا بە گرفتێکی دیکەوە لە نزیک سنورەکەی، بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆکانی تایبەت بە کاروباری ئۆکرانیا.

 

بە نێودەوڵەتیکردنی ڕووداوەکانی کازاخستان

 

گۆڕانی ڕەوتی ناڕەزاییەکان بە ئاراستەی توندوتیژ بوون، هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕانی ڕووداوەکان لە بابەتی کاروباری ناوخۆوە بەرەو نێودەوڵەتیبوون، بە تایبەت دوای وتارەکەی سەرۆک تۆکاییڤ لە ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو کە وتی "ئەم باندە تیرۆریستییانە، لە بنەڕەتدا نێودەوڵەتین و ئەندامانیان لە دەرەوە مەشقی تەواویان پێکراوە، بۆیە دەڵێین وڵاتەکەمان ڕووبەرووی دوژمنکاری بووەتەوە، و بۆ ئەمەش داوام لە دەوڵەتانی چوارچێوەی ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاساییشی دەستەجەمعی کردووە هاریکاریی کازاخستان بکەن بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم هەڕەشە تیرۆریستییانەدا".

لای خۆیەوە ڕێکخراوی پەیماننامەی ئاساییشی دەستەجەمعی ڕۆژێک دوای ئەو وتارە  ئاشکرای کرد هێزی ئاشتی پارێزیان ناردووە بۆ کازاخستان و جەختی کردووەتەوە کە چەند یەکەیەکی ڕووسی بە کردەیی دەستبەکاربوون لە کازاخستان و بەپێی بەیاننەمەی ڕێکخراوەکە ئەرکی ئەو یەکانە بریتی دەبێت لە "پاراستنی دامەزراوە حکومی و سەربازییە گرنگەکان و یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەکانی کازاخستان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەوێ".

 

هاوشێوەی ڕووداوەکانی ئۆکرانیایە؟

 

لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکانی کازاخستاندا، چاودێران بۆ خاڵەکانی لێکچوون دەگەڕان لەنێوان ئەو ناڕەزاییانە لەلایەک و ناڕەزاییەکانی ئۆکرانییەکان لەلایەکی دی کە لە 2014 سەریان هەڵدا. ئەوەی جیاوازە ئەوەیە ئەم رووداوانەی کازاخستان بە خێراییەکی زیاتر گۆڕان بۆ توندوتیژی، هەروەها ڕووسەکانیش خێراتر دەستیان خستە ناو ڕووداوەکانەوە بەراورد بە ڕووداوەکانی ئەوکاتی ئۆکرانیا.

سەبارەت بە ڕۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاواش، ئەوە ئاماژەکردنی تۆکاییڤ بە "دوژمنکاریی تیرۆریستانە" و پەنابردنی بۆ ڕووسیا بۆ داواکردنی یارمەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزاییەکان، ناڕاستەوخۆ ئەوە دەدات بە دەستەوە کە ڕۆژئاوا ڕۆڵی هەیە لە ململانێکانی ناو کازاخستان.

هەروەها مەترسیی دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی کریمیا هەیە، بەوەی رووسیا هەرێمی باکووری کازاخستان بخاتە ناو سنووری خۆیەوە بە بیانووی ئەوەی زۆرینەی دانیشتووانی ئەو هەرێمی ڕووسن. ئەم مەتسرییانەش ڕیشەیان لەوەوە دروستکردوە کە پێشووتر سیاسەتوانانی ڕووس بە پێویستییان زانیوە ئەو خاکانە بگەڕێنرێنەوە بۆ ژێر هەژموونی حکومەتی فیدارڵی ڕوسیا، لە سەرو هەموویانەوە ڤياچيسلاڤ نيكۆنۆڤ پەرلەمانتاری حیزبی دەسەڵاتدار کە وتبووی "کازاخستان وەکو دەوڵەت بوونی نەبوو، بەڵکو زەوییەکانی وەکو دیارییەک پێشکەش کران لەلایەن رووسیا و یەکێتیی سۆڤیەتەوە".

لە بەرامبەردا شرۆڤەوانێکی ئۆکرانی ڕەتی دەکاتەوە لێکچوون هەبێت لەنێوان هەم ڕووداوەکانی هەردوو وڵاتی کازاخستانی ئێستا و ئۆکرانیای 2014 و هەم هەنگاوەکانی رووسیا لە کریمیا لەلایەک و باکووری کازاخستان لەلایەکی دی.

محەممەد فەرەجوڵڵا، شرۆڤەوانی سیاسی و سەرنووسەری ئاژانسی (ئۆکرانیا بە عەرەبی)، لەم بارەیەوە بە ماڵپەڕی تورکی تەرەتەی عەرەبی وتووە "ڕاستە لە ناوچەکەدا هاوشێوەییەک هەیە لە بابەتی پاشماوەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و لەڕووی کاتیشەوە پەیوەندیی لەنێوان هەردوو ڕووداوەکە هەیە بەو پێیەی ئەوەندەی نەماوە گفتوگۆکانی نێوان رووسیا و ڕۆژئاوا سەبارەت بە ئۆکرانیا دەست پێبکەن، بەڵام جیاوازی هەیە لە سروشتی هەردو گەلی کازاخی و ئۆکرانی، بۆ نموونە کازاخەکان مسوڵمانن و ئۆکرانییەکان مەسیحین، هەروەها کازاخەکان کەلتوورێکی ڕۆژهەڵاتی و مۆرکێکی خێڵەکییان هەیە، بەڵام ئۆکرانییەکان کەلتوورێکی ڕۆژئاواییانەیان هەیە".

 

ڕؤژئاوا دەیانەوێت سەرنجی ڕووسیا پەرت بکەن؟

 

10ی ئەم مانگە لە جنێڤ وادەی کۆبوونەوەی ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوایە، 12ی ئەم مانگە وادەی کۆبوونەوەی ڕووسیا و ناتۆیە و هەر 13ی ئەم مانگەش وادەی کۆبوونەوەی ڕووسیا و ڕێکخراوی ئاساییش و هاریکاریی ئەوروپایە. لەو گفتوگۆیانەی دوو لایەنی چەکدار کۆدەکەنەوە، هەر لایەک دەستکەوتی ستراتیجیی لەسەر ئەرزی واقیع زیاتر بێ، هەڵوێستی بەهێزتر دەبێت لە دانوستاندنەکاندا.

بۆ ڕووسیا، هەبوونی سوپاکەی لەسەر سنووری ئۆکرانیا و هەڕەشەکردنی بە هەڵایسانی شەڕ لە جەنگێکی فراواندا، کارتێکی گەورەی فشار بوو بە دەستیەوە لەکاتی چوونە ناو دانوستاندنەکانەوە، بەڵام دەستێوەردانەکەی ئێستای لە کازاخستاندا ئەم کارتەی ڕووسیا لاواز دەکات، بۆیە ئێستا پرسیاری ئەوە هاتووەتەگۆڕێ کە ئایا ڕووداوەکانی کازاخستان هەوڵێکی ڕۆژئاوا نییە بۆ پەرتکردنی سەرنجی ڕووسیا بەر لە دەستپێکردنی دانوستاندنەکان؟

فەرەجوڵڵا دەڵێت ئێستا سەختە بتوانین بڕیار بدەین کە ڕۆژئاوا دەستی لە ڕووداوەکانی کازاخستان هەیە و جارێ زووە بگەینە ئەو دەرەنجامە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی ئەم ڕووداوانە لە بەرژەوندیی لایەنی ڕۆژئاوا نابن لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئۆکرانیادا، هەروەها دڵنیایی تەواویشمان نییە کە ئەو ڕووداوانە کاری ڕۆژئاواییەکان نین بۆ پەرتکردنی سەرنجی ڕووسیا لەمکاتەدا و تێوەگلاندنی لە بابەتی دیکەدا.

لەبارەی بەرژەوەندیی ڕۆژئاواییەکان لە ئاڵۆزیەکانی کازاخستاندا، شرۆڤەوانە ئۆکرانییەکە دەڵێت "ڕووسیا بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستی خۆی پێویستی بەوەیە هەڕەشە لە ئۆکرانیا بکات، بەو پێیەی رووسیا لە سێ لاوە گەمارۆی ئۆکرانیای داوە و ڕۆژئاواییەکان ناتوانن هیزی زەمینی بنێرن بۆ بەرەنگاربوونەوەی رووسیا لە ئۆکرانیا، دەبێت بە شێوازی سیاسی رووسیا لاواز بکەن، ئێستاش ئەم رووداوانەی کازاخستان بوونەتە بارێکی قورس بەسەر شانی رووسیاوە و لێدانێکی قووڵە لە ڕووسیا، چونکە کازاخستان یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕووسیا زۆر چاوی لەسەریەتی لە ناوچەکەدا".

وەکو فەرەجوڵڵا دەڵێت کاراکردنی پەیماننامەی بەرگریی دەستەجەمعی لەلایەن کازاخستانەوە و بڵاوکردنەوەی هێزی ڕووسیا لەسەر خاکی کازاخستان، دژ بە خواستەکانی ئێستای پووتینە، چونکە ڕووسیا هەموو قورسایی و سەرنجی خۆی تەرخانکردبوو بۆ فشاردانانی لەسەر ڕۆژئاوا لە ڕێگەی کارتی ئۆکرانیاوە، بۆیە ئەوەی ئێستا لە کازاخستان روودەدا دەبێتە دەستکەوت بۆ ڕۆژئاواییەکان و بەختی رووسیا لە دانوستاندنەکاندا لاوازدەکات، هەروەک فشارەکان لەسەر ئۆکرانیا کەمدەکاتەوە، ئەوەتا ڕووسیا ناچار بووە بۆ بڵاوکردنەوەی هێزەکانی لە کازاخستاندا، بەشێک لە هیزەکانی لە کریمیا بکشێنێتەوە، هەروەک قەیرانی کازاخستان کاری ڕووسیا گران دەکات و بە چەندین خاڵی قەیراناوی دەور دەدات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین