بۆچی گەمارۆکانی سەر ئێران و ڤەنزوێللا لە بەرژەوەندیی چین دان؟ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

ساڵی ڕابردوو چین هاوردەکردنی نەوتی لە ئێران و ڤەنزوێللاوە دوو هێندە زیادکردووە، ئەویش بە سوودوەرگرتن لەو سیستمانەی ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاندوون، واتە پاڵاوگە چینییەکان لەپێناو دەستکەوتنی نەوتی هەرزانی ئەو دوو وڵاتەدا گوێیان نەداوەتە هەڕەشەکانی ئەمریکا بە سەپاندنی سزا بەسەریاندا،

وەکو ماڵپەڕی (عەرەبی پۆست) ئاماژەی پێکردووە، کۆمپانیاکانی پاڵاوتە و پوختەکردنی نەوت لە چین ساڵی رابردوو 324 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە ئێران و ڤەنزوێللاوە کڕیوە، واتە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 53% زیاتریان کڕیوە. ئەو بڕەش گەورەترین بڕی کڕینی نەوتە لەلیەن چینەوە لەو دوو وڵاتەوە و لە ساڵی 2018 وە، کاتێک لەو ساڵەدا کۆمپانیا چینییەکان 352 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە ئێران و ڤەنزوێللا کڕی.

کڕیارانی چین، بەتایبەت کۆمپانیاکانی پاڵفتەکردن و پاڵاوتن، سوودیان لە هەڵوێستی توندی ئەمریکا وەرگرتووە دەرهەق بە ئێران و ڤەنزوێللا و بەردەوام بوون لە کڕینی نەوت لەم دوو وڵاتەوە، لەکاتێکدا ماوەیەکی زۆرە هاوتا ئاسیاییەکانی ئەم کڕیارە چینییانە لە کڕینی نەوتی ئێران و ڤەنزوێللا راوەستاون، چینییەکان ئەوەشیان لەبەرچاو بووە کە ئەگەر بسەلمێنرێ مامەڵەیان لەگەڵ ئەو دو وڵاتە کردووە و ئاشکرا ببن، ئەوە ڕەنگە سامانەکانیان لە بانکەکانی ئەمریکادا بلۆک بکرێ و چیتر دەستیان بەو سامانانەیان نەگات کە لەناو سیستمی دارایی ئەمریکادان.

بەپێی زانیارییەکان ئەو نەوتەی ئێران کە دەگاتە چین، بە ڕێژەی 10% هەرزانتر دەکەوێت بەراورد بە نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا.

ئانووپ سینگ، سەرۆکی لێکۆڵینەوە لە بارهەڵگرەکانی نەوت لە کۆمپانیای Braemar ACM Shipbroking دەڵێت کە بۆ ئاشکرا نەبوونی قاچاخییەکە، نەوتەکە لەسەر کەشتیی کۆنی ئەوتۆ باردەکرێ کە هی ئەوەن فڕێ بدرێن و سکراب بکرێن (بەمجۆرە ئەگەری کەمترە چاودێری بکرێن)، لە ناوچەی ئەوتۆشەوە هاتوچۆ دەکەن کە لە دەرەوەی بازنەی پەیوەندییەوەن، یان کەشتییەکە لەنێوان گرووپێک کەشتییەوە گوزەردەکات تاوەکو نەبینرێت ئەو کەشتییە هەڵگری نەوتە.

هەندێک جار بۆ ونکردنی قاچاخییەکە، ئەو نەوتەی لە ئێران و ڤەنزوێللاوە هێنراوە، وەها پۆلێن دەکرێت گوایە لە عوممان و مالیزیاوە کڕدراون، بۆ نموونە بەپێی بەیاننامە فەرمییەکانی چین ئەو وڵاتە لە مانگی 12ی 2020 ەوە هیچ نەوتی لە ئێرن نەکڕیوە و گوایە هاوردەی نەوتی لە عومان و مالیزیاوە زیادکردووە!

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی دامەزراوەی Energy Aspects Ltd ی بەریتانی تایبەت بە ڕاوێژکارییە بازرگانییەکان، سەرەتای ئەمساڵیش هاوردەی نەوتی ئێرانی و ڤەنزوێللایی بۆ چین وەکو خۆی بە بەرزیی ماوەتەوە.

وەکو دامەزراوە بەریتانییەکە دەڵێت بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە ڕێژەی 50% لە ساڵی رابردوودا، وادەکات نەوتی هەرزانی قاچاخ بۆ چین سەرنجراكێشتر بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین