بەهۆی بودجەی عێراقەوە بودجەی هەرێمیش دوادەکەوێت کوردستان- عێراق
هەرچەندە بڕیاربوو لە ناوەڕاستی ئەم مانگە رەشنووسی بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی بودجەی عێراقەوە دوادەکەوێت. بڕیاردەری لیژنەی دارایى پەرلەمان دەڵێت، "دەبێت پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق یەكلایی بکرێتەوە ئینجا لەژێر رۆشنای ئەو، بودجەی خۆمان دابرێژین"

سیهام میران، تایبەت بە نوچەنێت

پێشتر چه‌ندان به‌رپرسى هه‌رێم و په‌رله‌مانتار باسیان له‌وه‌ كرد بوو كه‌ له‌ 15ى ئه‌م مانگه‌ بودجه‌ى گشتى هه‌رێمى كوردستان بۆ ساڵى 2021 ئاماده‌ ده‌بێت، كه‌چى تا ئێستا هیچ باسێكى ئه‌م بابه‌ته‌ نییه‌.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتی "نوچەنێت" باسی لە رەوانکردنی رەشنووسی بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان کرد و دووپاتی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئه‌م بابه‌ته‌ بەندە بە بودجەی گشتی عێراقەوە.

محەمەد سەعدەدین گووتی، "هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە لە ساڵی ٢٠٢١ پرۆژە بودجەی ساڵانەی خۆی ئامادە بکات، لە ئێستادا وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەکاریەکانیان ئەنجامداوە، بە هەموو خەرجیاتی نەوت، پلانی دارایی خۆی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە".

حكومه‌تى هه‌رێم له‌ژێر رۆشنایى رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ به‌غدا
بودجه‌ى خۆى داده‌نێت
 

ئەو زیاتر روونكردنەوى داو ئاماژەى بۆ ئەوە كرد، دەبێت سەرەتا بزانن پشكى هەرێم لە بودجەى عێراق چى بەسەر دێت و گووتى، "لە ئێستادا هەرێمی کوردستان و بەغدا لە دانوستانن چاوەرێی ئەوە دەکرێت هەرێم لەسەر چ بنەمایەك ئەو بودجەیە دابنێت، ئایا لەسەر بنەمای ئەوەی کە حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی تەرخان کردووە یاخود بە گوێرەی داهاتەکانی خۆی ئامادەى بکات".

لە کۆتایی لێدوانه‌كه‌یشى گووتی، "ئەگەرهاتوو بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجە گشتی عێراق جێگیرکرا و دەنگی لەسەر دا بە گوێرەی ئەو پشکە کە ١٢.٦٧% لە بودجەی گشتی عێراقی ئەمە بەگوێرەی ئەم بەشە هەرێمی کوردستان بودجەی ساڵانی خۆی داده‌نێت، ئەگەر بەربەست دروستکرا نەیانهێشت ئەم مادەیە دەنگی لەسەر بدرێت ئەوا هەرێمی کوردستان بەگوێرەی داهاتی خۆی پلانی ساڵانەی خۆی دادەنێت".

بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت و نه‌كرێت، ئه‌وا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان مكوڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بودجه‌ى گشتى ئه‌مساڵى هه‌بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین