سەرەڕای سزاکان.. کۆمپانیای هواوی ژمارەی داهێنانەکانی لەناو ئەمریکادا زیاد کردووە! عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

کۆمپانیای (هواوی)ی چینی ژمارەی داهێنانە تۆمارکراوەکانی لە ئەمریکا زیادکردووە و لە لیستی کۆمپانیا داهێنەرەکانی ئەمریکا لە ساڵان زیاتر هاتووەتە پێش، ئەوە سەرەڕای ئەوەی چەندین سزای بەسەردا سەپێنراوە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە.

وەکوو ماڵپەڕی (ئەلشەرق بزنس)ی سەر بە ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی داتاکانی دامەزراوەی (ئای ئێف ئای) تایبەت بە خزمەتگوزاریی تۆمارکردنی داهێنانەکان لە ئەمریکا، کۆمپانیای هواوی ساڵی رابردوو لە ئەمریکا 2,770 داهێنانی تۆمارکراوی هەبووە، ئەوەش دەیکاتە پلەی پێنجەم لە ڕیزی داهێنەرترین کۆمپانیاکان لە ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢١.

سەرکەوتنەکەی هواوی سەرەڕای ئەوە دێت کە تۆڕەکانی کۆمپانیاکە لە بازاڕی ئەمریکا دورخراونەتەوە و گەمارۆی کڕینی کەرەستە پێویستەکانیشی خراوەتە سەر لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە. حکومەتی واشنتن دەڵێت هواوی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاساییشی نیشتیمانیی ئەمریکا و ئەو کۆمپانیایەش ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.

هواوی ساڵی پێشووتر لە ڕیزی نۆهەمدا بووە و ساڵی رابردوو هاتووەتە ڕیزی پێنجەم، ئەوەش لەسەر حسابی کۆمپانیاکانی دیکە بووە.

لە پێشەنگی لیستەکەدا ئەم کۆمپانیایانە وەکو داهێنەرترانی ساڵی رابردوو هەن: سامسۆنگ، کانون، تایوان سێمیکۆندەکتەر مانیوفاکچەرینگ.

کۆمپانیا چینییەکان لەسەر ئاستی جیهانیشدا مافی خاوەندارێتیی چەندین داهێنانیان هەیە و شەش دامەزراوەی چینی لە ڕیزی داهێنەرترانی جیهاندان.

مایک بایکرۆفت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی (ئای ئێف ئای) تایبەت بە خزمەتگوزاریی تۆمارکردنی داهێنانەکان لە ئەمریکا، دەڵێت "بە هەر لایەکدا دەڕوانی، چینییەکان بوونی خۆیان پتەو دەکەن، یان کار بۆ ئەوە دەکەن وەکو گەمەکەری سەرەکی خۆیان بچەسپێنن.. چیرۆکی ئەوتۆ دەبیستین کە دەڵێن لە داهاتوو بازاڕی چین هەژموونی خۆی بەسەر جیهاندا زاڵدەکات، هەر لە ئێستاوە خەریکە ئەوە دەبێتە ڕاستی".

کۆماپانیا ئەمریکییەکان کەمتر لە نیوەی ئەو 327,329 داهێنانە تۆمارکراوانەیان هەیە کە لەناو ئەمریکا لە ساڵی داهاتوو دیاری کراون، بە گشتی لەناو ئەمریکادا چین لە پلەی چوارەمی خاوەندارێتیی داهێنانە تۆمارکراوەکاندایە و لە هەوڵدایە پێشی کۆریا بداتەوە کە پلەی سێهەمی وەرگرتووە.

بایکرۆفت دەڵێ ساڵی ڕابردوو تەنیا کۆمپانیا چینی و سویسرییەکان ژمارەی داهێنانەکانیان کەمی نەکردووە .

لە ئەمریکا یاسایەک هەیە کە هەر دامەزراوەیەک داهێنانێکی نوێی بەدەستهێنا، ئەوە بەناوی خۆیەوە تۆماردەکرێت و تاوەکو بیست ساڵ تەنها خۆی دەتوانێ داهێنانەکەی بەکاربهێنێ و دامەزراوەکانی دیکە بەبێ ڕەزامەندیی ئەو بۆیان نییە بەکاری بهێنن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین