ئەمریکا لە ناوچەیەکی نزیک لە چین نماییشی چەکی قورس دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

هێزی دەریایی ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوێکی دەگمەندا ئاشکرای دەکات ژێردەریایی (یو ئێس ئێس نیڤادا) کۆتایی هەفتەی ڕابردوو گەیشتووەتە بنکەی مارێنزی ئەمریکا لە دورگەی گوام کە تەنها 290 کیلۆمەتر لە چینەوە دوورە.

یو ئێس ئێس نیڤادا ژێردەریاییەکی زەبەلاحە کە بە وزەی ئەتۆمی ئیش دەکات، لەگەڵ خۆیدا 20 مووشەکی بالیستی و دەیان کڵاوەی ئەتۆمی هەڵدەگرێت.

ماڵپەڕی (عەرەبی 21) لە زاری شرۆڤەکارانەوە دەڵێت یو ئێس ئێس نیڤادا لە بەهێزترین چەکەکانی هێزی مارێنزی ئەمریکایە.

لە ساڵی 2016 وە ئەمە یەکەمجارە ئەم ژێردەریاییەی هەڵگری مووشەکی بالیستی و کڵاوەی ئەتۆمی سەردانی گوام دەکات و لە 1980 کانیشەوە ئەمە دووەم سەردانی ڕاگەنراویەتی بۆ ئەو دورگەیە.

جموجووڵەکانی ئەم ژێردەریاییە بەزۆری بە نهێنییە، کەچی ئەم جارە مارێنزی ئەمریکا بە بەیاننامەیەکی فەرمی ئاماژە بە سەردانەکەی دەکات، لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ناردنی ئەم ژێردەریاییە دەبێتەهۆی پتەوکردنی" پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا و توانای ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئامادەباشی و ئاسان جووڵان وپابەندیی بەردەوامی پیشان دەدات بە ئاساییش و سەقامگیریی هەردوو زەریای هێمن و هیندی".

چاودێران دەڵێن گەیشتنی ژێردەریاییەکە بۆ دوورگەی گوام پەیامێک دەداتە هاوپەیمان و دژبەرانی ئەمریکا، بە تایبەت لە سەروبەندی ئەو گرژییانەی لە ناوچەکانی هەردوو زەریای هێمن و هیندی هەن و ڕوو لە زیادین.

دیاردەیەکی دەگمەنە ئەم ژێردەریاییانە دوور لە بەندەرەکانی خۆیان وێنەیان بگیرێت و جووڵەکانیشیان زۆر بە نهێنی دەهێڵرێتەوە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چین لەبارەی دۆخی تایوانەوە و لەگەڵ زیادبوونی چالاکییە مووشەکییەکانی کۆریای باشوور، ئەمریکا بە باشی زانیوە جووڵەی ئەم ژێردەریاییە بە ئاشکرا و بۆ نماییش بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین