بۆچی وڵاتی مالی بووەتە جێگای ململانێی ڕووسیا و فەرەنسا؟ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

کیشوەری ئەفریقا سەردەمانێکە جێگای ململانێی زلهێزەکانە، کە هەریەکەیان هەوڵ بۆ دەستخستنی سامانە سروشتییەکانی و دەستبەسەرداگرتنی بازاڕەکەی و خاڵە ستراتیجییە جوگرافییەکانی دەدات.

ئەوەی ئیستا باس و خواسی گەرمە، ململانێی فەرەنسا و ڕووسیایە لە مالی، بە تایبەت دوای ئەوەی باس لەوە کرا کە ڕووسیا هێزە تایبەتییەکانی ڤاگنەری ناردووەتە ئەو وڵاتە و پاشان فەرەنسا و 15 وڵاتی ڕۆژئاوایی ئەو هەنگاوەی ڕووسیایان سەرکۆنە کرد.

کۆلۆنێڵ ئاسیمی گوێتا، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەر لە مالی، ڕەتی دەکاتەوە هێزەکانی ڤاگنەری ڕووسیا هاتبنە ناو وڵاتەکەی، بەڵام زۆر خاڵ هەن کە تەکەز لە گەیشتنی هێزی ڕووسی دەکەنەوە بۆ ناو خاکی مالی، وەکوو: ئەوە کە ماوەی پێشوو ڕووسیا ئاشکرای کرد کە مالی داوای پشتیوانیی سەربازی لێکردوون، هەندێک پرۆسەی جموجووڵی ئاسمانی هێزەکانی مالی بە پشتبەستن بە فڕۆکەی ڕووسی، و دامەزراندنی هەندێک دەزگا لەناو فڕۆکەخانەی باماکۆی تایبەت کە بۆ وەرگرتنی پشتیوانیی سەربازی گونجاون.

 

ڕووسیا چۆن دەگەڕێتەوە ئەفریقا؟

 

مالی لە ساڵی 2012 وە گیرۆدەی تیرۆر بووەتەوە بەدەست چەند گرووپێکی چەکداریی ناوخۆیی و بیانییەوە. توندوتیژییەکان سەرەتا لە باکووری وڵاتەوە دەستیان پێکرد و دواتر پەڕینەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی وڵات و پاشان پەڕینەوە بۆ وڵاتانی بورکینا فاسۆ و نەیجەر کە دراوسێی مالین. لە ئەنجامی ئەو کردەوانەشدا هەزاران کەسی سڤیل و چەکدار کوژراون و و سەدان هەزار کەسیش ئاوارە بوون.

پێشووتر یەکێتیی سۆڤیەت لە کیشوەری ڕەش خاوەنی هەژموون بوو، بەوەی پشتیوانیی ئەو بزاووتنەوانەی دەکرد کە کاتی خۆی دژی داگیرکاریی ڕۆژئاوایی بوون لە ئەفریقا، بەڵام دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت ئەم هەژموونە بەرەو نەمان چوو. ڤلادیمیر پووتین هەستی بەو پاشەکشەیە کرد کە بەسەر وڵاتەکەی هاتووە لە ئەنجامی بەجێهیشتنی ئەفریقا و چۆڵکردنی مەیدانەکە بۆ هێزە ڕۆژئاواییەکان، بۆیە پووتین ڕایگەیاندووە کە کیشوەری ئەفریقا یەکێکە لە ئامانجە لەپێشینەکانی سیاسەتی دەرەکیی ڕووسیا.

لەم ڕووانگەیەوە مۆسکۆ هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆی دەدات لە مالی، بۆ ئەوەی لە دوای ئەفریقای ناوەراست ئەمیش ببێتە دەروازەیەکی دیکە بۆی بەرەو بیابانی ئەفریقا و ناوچە کەناراوەکانی ئەو کیشوەرە. بۆ ئەم مەبەستەش ڕووسیا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ڕێبەرانی ئێستای دەسەلاتی مالی بەهێز دەکات، و گرێبەستی سەربازییەکان لەگەڵ واژوو دەکات و هەوڵی پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی فەرماندە و کرێگرتەی نوێ دەدات، هەروەها کێبڕکێی ڕۆژئاواییەکان دەکات لە ناوچەکانی کەناراوی ئەفریقا و هەوڵدەدات دووریان بخاتەوە لەوێ، کاریگەریی ئەم چالاکییانەش لەوەدا ڕوون بووەوە کە فەرەنسا و ئەڵمانیا و چەند دەوڵەتێکی دیکەی ئەوروپی هۆشدارییان دا ئەگەر ماباکۆ هەوڵی ڕێککەوتن بدات لەگەڵ هێزەکانی ڤاگنەر بەو ئاراستەیەدا، ئەوە مالی باجی ئەمنی و ئابووریی ئاو کارەی دەدات.

دەوڵەتی مالی بۆ ڕووسیا گرنگە، بەهۆی ئەو پێگە جوگرافییە ستراتیجییەی هەیەتی کە بووەتە سەرەڕێگای هەر پێنج هەرێمەکەی کیشوەری ئەفریقا، ئەمەش توانا دەداتە ڕووسیا بۆ بونیاتنانی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە؛ ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ ڕووسیا لە بەگژداچوونەوەی سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەوە جگە لەوەی هەلی وەبەرهێنان دەداتە ڕووسیا لە وڵاتە کەنارییەکانی ئەفریقادا و هەروەها بازاڕێکی نوێی ساغکردنەوە و فرۆشتنی چەک بۆ ڕووسیا مسۆگەر دەکات.

لەلایەکی دیکەوە وڵاتانی کیشوەری ئەفریقاش وایدەبینن دەکرێت سوود لە پێگەی ڕووسیا وەربگیرێت لە چەندین ڕووەوە: هەم ڕووسیا خاوەنی مافی ڤیتۆیە لە ئەنجوومەنی ئاساییش و دەکرێت سوود لە ڤیتۆکەی وەربگیرێت بۆ ڕێگرییکردن لە گەمارۆی وڵاتێک یان هاندانی گەمارۆدانی وڵاتێکی تر، هەروەها دەکرێت پێگەی ڕووسیا بەکاربهێنرێت بۆ ڕێگریی لە کردەی توندوتیژیی گرووپە چەکدارەکان.

 

ڕووەکانی ململانێکە

 

گەلی مالی بێزارن لە بوون و پێگەی فەرەنسا لە وڵاتەکەیاندا، ئەوەش لە چەندین خۆپیشاندانی جەناوەریدا بەرجەستە بووە کە تێیدا پاریس تاوانبار دەکەن بەوەی هیچ سەرکەوتنێکی بەدی نەهێناوە لە نەهێشتنی کردەی توندوتیژی لە مالی، ئەوە جگە لەوەی مێژووی داگیرکردنی مالی لەلایەن فەرەنساوە هێشتا یادەوەرییەکی تاڵە لەلای گەلی ئەو وڵاتە.

بەڵام ڕووسیا ڕوویەکی زیاتر خوازراوی لای خەڵکی مالی هەیە، هیچ نەبێ مێژووی داگیرکردنی مالی تۆمار نەکردووە، بۆیە لە هەندێک لە خۆپیشاندانەکانیشدا خەڵکی مالی ئاڵای ڕووسیا بەرزدەکەنەوە. خەڵکی مالی دەڵێن فەرەنسا لە چاوی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیەوە مامەڵە لەگەڵ ململانێ ناوخۆییەکانی مالی دەکات. هەرچی فەرەنسییەکانن ئەوە ڕووسیا تاوانبار دەکەن بە هاندانی گەلی مالی لە دژیان و دەڵێن بەرپرسانی ڕووس هانی ڕۆژنامەنووسانی مالی دەدەن دژ بە فەرەنسا بنووسن، و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەکاردێنن بۆ زیندووکردنەوەی یادەوەرییەکانی داگیرکردنی مالی لەلایەن فەرەنساوە و لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو داگیرکارییە.

 

بابەتی سەقامگیری لە مالی

 

زیادبوونی ململانێکانی مۆسکۆ و پاریس لە مالی و پێکدادانی بەرژوەندییەکانیان لەو وڵاتەدا، بۆ گەلی مالی زیانبەخش دەبێت، بۆ نموونە دوور نییە بەهۆی زیادبوونی هەژموونی ڕووسیاوە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و فەرەنسا یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان لە مالی ببڕن و بەردەوامی بدەن بە ڕاوەستاندنی ئەندامەتی مالی لە ڕێکخراوەکانی وەکو یەکێتی ئەفریقا، هەروەها هەبوونی هێزی ڤاگنەری ڕووسیش لەناو مالی پێدەچێت ببێتەهۆی پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییانی مالی لەلایەن ئەو هێزەوە، وەکو چۆن لە ئەفریقای ناوەڕاست ئەنجامی دەدەن و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو هێزە ڕووسیەی تاوانبارکردووە بە پێشێلی مافەکانی مرۆڤ و ئەنجامدانی کردەوەی دژ بە مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە.

ئەو ململانییەی فەرەنسا و ڕووسیا کار لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی مالی-ش دەکەن، بەوەی فەرەنسا پشتیوانی ئەوە دەکات هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیاندا بەڕێوەبچن و کاریش دەکات بۆ لادانی کۆلۆنێل ئاسیمی گویتا و هێنانی حکومەتی مەدەنیی لایەنگری فەرەنسا، هەرچی ڕووسیایە ئەوە پشتیوانی هێشتنەوەی کۆلۆنێل ئاسیمی گویتا دەکات وەکو سەرۆکی کاربەڕێکەری مالی و پشتیوانی ئەو دەکات بۆ بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنەکان؛ ئەو دژبەرییەی ڕووسیا و فەرەنساش دەبێتەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی لە مالی و هەل دەخاتە بەردەم گرووپە چەکدارەکان بۆ پەلکێشان و داگیرکردنی ناوچەی زیاتر لە مالی.

 

سەرچاوە: ماڵپەڕی بوابة الفتح ی میسری

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین