پەرلەمانی فەرەنسا جینۆسایدی ئیگۆرەکانی بە فەرمی ناساند! عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

پەڕلەمانی فەرەنسا پڕۆژە بڕیارێک پەسەند دەکات بۆ سەرکۆنەکردنی چین بەهۆی ئەوەی کە پرۆسەی "جینۆساید" و "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی" ئەنجام داوە دژ بە کەمینەی ئیگۆری ناو وڵاتەکەی.

بەپێی ڕاپۆرتی (فرانس24)، کاتێک پڕۆژەیاساکە خراوەتە دەنگدان 160 پەرلەمانتار بە بەڵێ و پەرلەمانتارێک بە نەخێر دەنگیانداوە و پێنج پەرلەمانتاریش پێیان باش نەبووە دەنگ بدەن بە بەڵێ یان نەخێر. زۆرینەی ئەوانەی بە بەڵێ دەنگیان داوە پەرلەمانتارانی حیزبی دەسەڵات "کۆمار بەرەو پێشەوە" بوون.

لە پرۆژە پێشنیازکراوەکەدا هاتووە کە پەرلەمانی فەرەنسا"بە فەرمی دان دەنێت بەوەی توندوتیژییەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری چێنی میلی دەرهەق بە ئیگۆرەکان دەچنە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید".

پەرلەمانی فەرەنسا داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات هەمان هەنگاوی پەرلەمان بیت و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر لە ڕێگەی سیاسەتی دەرەکی خۆی و لە ڕێگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە بۆ ئەوەی کۆماری چینی میللی دەست لەم کردەوانە دەرهەق بە ئیگۆرەکان هەڵگرێت.

لای خۆیەوە، فرانک ڕیستەر، وەزیری کاروباری بازرگانیی دەرەوە لە حکومەتی فەرەنسا لە بارەی ئەم بابەتەوە دەڵێت کە ڕاستە "توندوتیژییەکی بەرنامە بۆداڕێژراو" و "شاهیدی دانی بێ چەندو چوون" هەیە لە کەیسی ئیگۆرەکاندا، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە ناساندنی ئەو کردەوانە وەکوو "جینۆساید" پەیوەندی بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە هەیە نەک حکومەتی فەرەنسا.

بەرپرسە فەرەنسییەکە جەختی کردووەتەوە کە چارەنووسی کەمینەی ئیگۆر لە بەرزترین ئاستی باڵادا باس دەکەن لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی چین، تەکەزیشی کردوە کە سەرۆکی فەرەنسا بابەتی چارەنووسی ئیگۆرەکان دەکاتە بەشێک لە وتارەکەی لە بەردەم پەرلەمانی ئەوروپادا.

پسپۆڕان و شایەتحاڵان و حکومەتی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە زیاتر لە ملیۆنێک کەسی ئیگۆر و مسوڵمانی تورکزمانی دیکە لە مۆڵگە سەربازییەکانی چیندا دەستبەسەر کراون، بۆ ئەوەی نەریتە کلتورییەکانیان بسڕنەوە و بەو شێوەیەیان لێبکەن کە حکومتی چین پێی وایە بەوە تێکەڵ دەبن لەگەڵ کۆمەڵگەی چین.

ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەکان، کە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی دۆکیومێنتە فەرمییەکان و گەواهیدانی قوربانییەکان و شیکاریی ئامارەکان ئامادەکراون، دەڵێن زیاتر لە ملیۆنێک کەسی ئیگۆر لە ناوەندەکانی شیاندنەوەی سیاسی دەستبەسەرن و ڕووبەڕووی بەزۆر نەزۆککردن و کارپێکردنی زۆرەملێ دەبنەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانیش ئەم هەڵمەتەی حکومەتی چینی وەکو جینۆساید ناساندووە.

پەکین ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەو مۆڵگانە شوێنی مەشقی پیشەیین و ئامانجیان یارمەتیدانی خەڵکەکەیە تاوەکو ئیشیان دەستبکەوێت و دووربکەونەوە لە توندڕەویی ئیسلامی.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین