بۆچی ڕووسیا پشتی لە ئەمریکا و چینە و ڕووی لە ئەوروپایە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

نەخشەی سیاسیی نێودەوڵەتی گۆڕانکاریی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، سەرەتای ئەم گۆڕانەش لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستانەوە دەرکەوت لە ئابی 2021 دا، کە بناغەی دانا بۆ قۆناغێکی نوێی جەمسەرگیری کە زلهێزەکان ڕێبەرایەتی دەکەن، لە پێش هەموویانەوە ئەمریکا و چین، و ڕووسیا.

 جەمسەرگیریی لایەنە هاوپەیمانەکانیش تا ڕادەیەک گۆڕانی بەسەرداهات، بۆ نموونە چین بە بەهێزییەوە بەرەو وڵاتانی ئاسیا هەنگاودەبنێت، کەچی ڕووسیا بەرەو ئەوروپا ملدەنێت  و کارتی غازی سروشتی بەکاردەهێنێت بۆ فشاردانان لەسەر ئەو کیشوەرە پیرە لەپێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی لە بەرامبەر دوژمنە مێژژووییەکەی خۆی کە بریتییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەرچی ئەمریکاشە، ئەوە بەردەوامە لە کشانەوە لە ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست لەپێناو سەنگەرگیرییەکی نوێ بەو جۆرەی دەیهێڵێتەوە وەکوو تاکجەمسەر و ڕێگاگرتن لە هەڵکشانی هەژموونی چین کە دەیەوێت عەرشی باڵادەستیی ئەمریکا بهەژێنێ.

 

ڕووسیا وادەکات بۆ پشتیوانیی ئابوورییەکەی

 

عەبدولمەسیح شامی، ڕێکخەری پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و جیهانی عەرەبی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، دەڵێت هۆکاری ملنانی ڕووسیا بەرەو ئەوروپا ئەوەیە کە ئەو کیشوەرە گەورەترین بازاڕی بەکاربەری بەرهەمەکانی ڕووسیایە هەر لە نەوت و گازی سروشتی تاوەکوو بەرهەمی پیشەسازی و هی دیکە، ئەوەش دەبێتە پشتیوانێکی بەهێزی ئابووری ڕووسیا.

 

شامی دەڵێت پەیوەندیی و کرانەوەی نێوان ڕووسیا و ئەوروپا لەسەر حسابی پەیوەندییەکانی ڕووسیا نییە لەگەڵ چین، بەڵکو ڕووسیا بەڕووی هەردوو لایاندا کراوەیە، بەڵام سروشتی پەیوەندییەکانی و سوود و بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ هەر کام لە چین و ئەوروپادا جیاوازە، بۆ نموونە ڕووسیا پێویستی بە پشتیوانیی سیاسی و ئابووریی چین هەیە، بە تایبەت لەو ماددە سەرەتاییانەی لە پیشەسازیی ڕووسیدا بەکاردەهێنرێن.

 

ڕووسیا ئەو کارە دەکات وەکوو ئاراستە وەرگرتنێکی لۆجیکی

شامی دەڵێت ئەوەی کە پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ چین لەسەر حسابی پەیوەندییەکانی نەبووە لەگەڵ ئەورووپا، دەرەنجامێکی لۆجیکییە، چونکە ڕووسیا بەرهەمی خۆی چنیوەتەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپادا، ئەوەتا لە بەرامبەر دابینکردنی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا، ڕوسیا پێگەی خۆی بەهێزکردووە لە زۆر بابەتی سیاسیدا. لە بابەتی ئۆکرانیادا وەکوو نموونەیەک، هەرچەندە ئەمریکا فشار لە ئەوروپییەکان دەکات هەڵوێست وەربگرن دژ بە ڕووسیا، بەڵام هێڵی گازی سروشتیی نۆرد ستریم2 لەم میانەیەدا کاریگەریی هەیە و پێدەچێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبێت لەوەدا کە ئەوروپییەکان بەدەم ئەو بانگەوزەی ئەمریکاوە ناچن و ناکەونە دوژمنایەتیکردنی ڕووسیا.

 

ڕوونیشیکردووەتەوە کە بابەتی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئەوروپا بەشێوەیەکی بنەڕەتی بریتییە لە ڕەهەندی ئابووری، بەڵام ئەو هێڵە ئابوورییانەی ڕووسیا بە ئەوروپاوە دەبەستنەوە، ڕووسیایان کردووە بە خاوەن کارتی فشار لە زۆر دۆسیەی سیاسیی ئەوروپادا.

 

ڕووسیا ئەو کارە دەکات وەکوو ئینتیمابوونی بۆ شوناسی ئۆراسی

 

لای خۆیەوە، ئیدمۆند غەریب ئاکادێمیست و پسپۆڕ لە کاروباری نێودوڵەتی دەڵێت بابەتی ڕووانگەی ڕووسیا بەرەو ئەوروپا زیاتر بابەتی شوناسە، بەوەی زۆرینەی خەڵکی ڕووسیا لەو ناوچانەی ڕووسیا دەژین کە وەکو ڕوبەر 23%ی خاکی ڕووسیا پێکدێنن و دەکەونە کیشوەری ئەوروپاوە، کەچی بەشە ئاسیاییەکەی ڕووسیا هەرچەندە وەکو ڕووبەر 77%ی ئەو وڵاتە پێکدێنێت، کەچی هێندەی 32% ئەوروپیەکە دانیشتوانی نییە. غەریب دەڵێت زۆر ئەڵقەی کەلەپووری، کەلتووری، شارستانی و تەنانەت ئەدەبیش خەڵکی ڕوسیا دەبەستنەوە بە ئەوروپاوە، لەگەڵ هەبوونی هەندێک جیاوازیی سنوردار لەنێوانیان. هەروەها دەشڵێت هەرچەندە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا زۆر گەل و نەتەوەی جیاجیای ئاسیای خستووەتە ژێر سایەی خۆی، کەچی شوناسەکەی هەر بە "ئۆراسی" هێشتووەتەوە و شوناسی ئەوراپایی خۆی ون نەکردوە، واتە وڵاتی ئاسیایی و ئەوروپییەکانیش بووە. دەشڵیت بەشێک لە قەیسەرانی ڕووس تەواو هاوشێوەی ئەوروپییەکان بوون و تەنانەت پەترۆسی گەورەی قەیسەری ڕووس ساڵی 1703 شاری سان پترسبۆرگی لەسەر شێوەی شاری ڤینیسیا دروستکردووە.

 

ڕووسیا سەرنجی لەسەر ئەوروپایە چونکە هەڕەشەکانیش لەوێوە دێن!

 

یەکێکی تریش لە هۆکارەکانی گرنگیدانی ڕووسیا بە ئەوروپا بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە زۆرینەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر ڕووسیا هەن لە ئەوروپاوە دێن، بە تایبەت ئۆکرانیا و ئەو وڵاتانەی دیکەی پاڵێوەراون بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا ببنە ئەندامی ناتۆ و ڕووسیاش ناتوانێ چاوپۆشی لەو هەڵوێستەیان بکات، بە تایبەت کە 15-30% خەڵکی ئەم وڵاتانە لە بنەچەدا ڕووسن.

 

ڕووسیا نیگەرانە لە سیاسەتەکانی ناتۆ

 

غەریب دەڵێت گۆڕانە سیاسییەکان و پەلکێشانی ڕۆژئاواییەکان بەرەو ڕۆژهەڵات بەلای ڕووسیاوە مایەی نیگەرانییە، بە تایبەت لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا گرتوویانەتە بەر لەپاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، ئەمەش وای لە ڕووسیا کردووە گوتارێکی نەتەوەیی بگرێتە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی بەردەوامی سەرچاوە گرتوو لە ناتۆوە کە پێچەوانەی بەڵینەکانیانە کە کاتی خۆی وتبوویان ئەگەر ڕووسیا ڕازیبێت لەسەر یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەوە ناتۆ ڕووە و خۆرهەڵات ناکشێت. ئەدمۆند غەریب دەڵێ ماوەی داهاتوو سەردەمی داڕشتنەوەی نەخشەی جوگرافیای سیاسی و ستراتیجیی نێوان ڕووسیا و ئەوروپایە و چۆنێتیی ئەو نەخشانەش دەکەوێتە سەر ئەنجامی گفتوگۆکانی ئێستای ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە دۆسیەی ئۆکرانیا و ئەوروپای ڕۆژهەڵات، دۆسیەی بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان و مووشەکە کورتمەوداکان. ڕووسیا لە دۆخی ئێستادا هەست دەکات لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی ناتۆدایە و سەرکردەکانی ئێستای ڕووسیا هەستدەکەن سەرکردەکانی پێشوویان زیاد لە پیویست ئاسانکارییان کردووە بۆ ڕۆژئاواییەکان، بۆیە ئێستا لە سەر و بەندی قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارداین.

 

عومەر ئەلمیقداد، نوسەری ڕۆژنامەنووسی لە ناوەندی توێژینەوە لە بابەتی کۆچ، کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، دەڵێت بەرژوەندییە ئابوورییەکانی ڕووسیا لە ئەوروپادا زۆرترن بەراورد بە ناوچەکانی دیکە، هەروەها ئەوروپا لە بەری پشتەوەی ڕووسیادا هەڵکەوتووە کە ئەوەش گرنگییەکی زیاتری ئابووری و سیاسی بەو کیشوەرە دەدات بە نیسبەت ڕووسیاوە لە بابەتی ململانێی ئەمریکا و ڕووسیادا، ئەلمیقداد دەڵێت ڕووسیا دەیەوێت لە ڕیگەی هێڵی نۆرد ستریمەوە هەژموونی خۆی بەسەر ئەوروپادا بسەپێنێت. دەشڵێت ڕووسیا هەردەم دژی ئەوە بووە وڵاتانی وەکوو ئۆکرانیا و بیلاڕوسیا بچنە یەکێتیی ئەوروپاوە، جەختیش دەکاتەوە لەدوای شۆڕشی ئۆکرانیا بابەتی چوونی ئەو وڵاتە بۆ ناو ڕیزەکانی یەکێتیی ئەوروپا هێنرابووە بەر باس، بەڵام فشار و دەستێوەردانی ڕووسیا نەهێشت ئەوە ڕووبدات.

 

 

چین ڕووی لە یەک لا نییە!

 

غەریب دەڵێت چین هەر تەنیا گرنگی بە ئاسیا نادات، بەڵکو گرنگی بە هەموو جیهان دەدات و پەلکێشانی ئابووریی چین بەرەو ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشە، ئەوەش لە پلانی پشتێنە و ڕێگادا خۆی دەبینێتەوە کە بێگومان ئاسیاش دەگرێتەوە.

لەبارەی ملنانی چین و ئەمریکا بەرەو ئاسیا، ئەلمیقداد دەڵێت ناکرێ ڕۆڵی ئەمریکا و چین تەنیا لە ئاسیادا کورت بکرێتەوە، بە تایبەت کە هەژموونی ئەمریکا هێشتا زاڵە بەسەر ئەوروپادا، بەڵام بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی ئەمریکا وا دەخوازێت ڕۆڵی چین لە ئاسیادا سنووردار بکات، بۆ نموونە دۆسیەی تایوان و ڕێگری لەوەی چین دەستبگرێت بەسەر دەروازە دەریاییەکانی تایواندا بابەتێکی ئێجگار گرنگە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. 

 

ئەلمیقداد ئاماژە دەکات بە ململانێی ئەمریکا لەگەڵ چین لە ئاسیا و هەمانکات ململانێی لەگەڵ ڕووسیا لە ئەوروپا و جەخت دەکاتەوە کە پەیمانی ناتۆ و دەوڵەتانی ئەوروپا تاوەکوو ئیستا لەژێر هەژموونی ئەمریکادان.

 

سەرچاوە: ئەلڕوئیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین