شرۆڤەکارێکی ڕووس: ئەمریکا وجیهان لە لێواری قەیرانی ئابووریدان عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

ساڵی پار (لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و کەرەنتینە) بانکەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بڕێکی زۆری پارە ی نەختینەیان خستە بازاڕەوە ، ئەوەش بۆ ئێستا مەترسی هەڵاوسانی ئابووریی لێکەوتووەتەوە لە وڵاتەکانیاندا.

بەپێی بۆچوونی شرۆڤەکاری سیاسیی ڕووس ئەلیکساندەر نازرۆڤ کە لە ماڵپەڕی (روسیا الیوم) دا بڵاوکراوەتەوە، هەڵاوسان گرانیی شتومەکی لێکەوتووەتەوە، ئەوە بوو لە ئەمریکا مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو نرخی کاڵا بە ڕاددەی %6.8 بەرزبووەوە و مانگی دوانزە بوو بە %7 ، لە ناوچەی یۆرۆش لەو دوو ماوەیەدا بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا بە بەهاکانی %4.9 و %5 و لە بەریتانیاش %5.1 و %5.4 تۆمارکران.

ئەگەر هەڵاوسان بەمجۆرە بەردەوام بێت، ئەوە حیزبی دیموکراتی ئەمریکا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و کۆنگرێسی داهاتوو دەدۆڕێنێت. بۆیە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا دەستی بە هەندێک ڕێوشوێن کردووە بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان، وەکوو: کەم خستنە بازاڕی دراو و زیادکردنی سوودی بانکی لەسەر قەرزە بانکییەکان.

چاودێران پێشبینی دەکەن لە مانگی ئاداردا بانکی فیدراڵیی ئەمریکا ڕێژەی سوودی بانکی بەڕێژەی 0.5٪ بەرزبکاتەوە و ئەوەش ڕێژەیەکی زۆرە. (مەبەست لە زیادکردنی ڕێژەی سوودی بانکی بۆ ئەوەیە خەڵکی کەم پارە لە بانک ڕابکێشن، بەوەش پارە هەندێک لە بازاڕدا کەم ببێتەوە و سەرەنجام هەڵاوسان کەم ببێتەوە...وەرگێڕ).

تا مانگی دیسەمبەر بڕی قەرزی کەڵەکەبوو لەسەر ئەمریکا گەیشتە 29.6 تریلیۆن دۆلار، بۆ ئەوەی ئەو ڕێژە زیادکراوەی سوودی بانکیش بدات حکومەتی ئەمریکا دەبێت 888 ملیار دۆلاری دیکە ئامادە بکات.

چارەکی سێهەمی ساڵی 2021 کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا بۆ ئەو ساڵە گەیشتە 348 ملیار دۆلار و ئەگەر ئاراستەی بازاڕ و ئابووریی ئەمریکا وەکوو ئێستا بەردەوام بێت ئەوە بڕی کورتهێنانی بودجەی ساڵانەی 2022 دەگاتە 1392 ملیار دۆلار!

زیادکردنی سوودی بانکی بە ڕێژەی 3٪ دەبێتەهۆی زیادکردنی کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا بەڕێژەی 64٪، پڕکردنەوەی ئەمەش لە ڕێگەی چاپکردنی پارەوە دیسانەوە هەڵاوسان زیاد دەکاتەوە و ئەمەش بەرەو مایەپووچی هەنگاو دەنێت، ئیدارەی بایدن هاوشێوەی حکومەتی لوبنان دەگاتە ڕێگایەکی بنبەست.

بۆ دەربازبوونیش لەم دۆخە قورسە، بانکی نێودەوڵەتی داوای کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان لە حکومەت دەکات و ئەمەش دەبێتە خۆکوژی بۆ ئیدارەی بایدن، چونکە ناڕەزایی جەماوەری لێدەکەوێتەوە.

بەرزکردنەوەی ڕێژەی سووودی بانکی بۆ 3٪ دەبێتەهۆی مایەپووچی چەندین کۆمپانیا و خێزان لە ئەمریکادا. ئێستا ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 7٪ بەرزبووەتەوە، بۆ دەربازبوون لەمەش دەبێت ڕێژەی سوودی بانکی نەک 3٪ بەڵکو 7٪ بەرزبکرێتەوە، ئەمەش دەبێتە خۆکوژی بۆ ئابووریی ئەمریکا.

خۆ ئەگەر هیچ پارەیەکی نوێ چاپ نەکرێت و نەخرێتە بازاڕ، ئەوە ئەو هەڵوێستە بازاڕی دراوی کاغەزی دەڕمێنێت و کێشەکان گەورەتر دەکات و ڕێژەی ئەو کۆمپانیا و خێزانانەی مایەپووچ دەبن دەیان هێندە زیاد دەکات!

بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەردەم دوو بژرادەدایە، لەنێوان تاڵ و تاڵتردا دەبێ هەڵبژێرێت. ئەو ڕێوشوێنانەش کە بڕیارە وەربگیرێن تەنیا بۆ دواخستنی کاتی دەستپێکردنی قەیرانەکەن، نەک ڕێگاگرتن لە ڕوودانی.

لە دۆخی ئیستادا ڕاگرتنی هەڵاوسان لە ئەمریکا و ڕۆژئاوا و بگرە جیهانیش ئاستەمە و لە چەند ساڵی کەمی داهاتوودا دەگەینە قۆناغی هەڵاوسانێکی فراوانی جیهانی.

جگە لەو ڕێوشوێنانە، پێشبینی دەکەین بەم زووانە فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عەرەبەکانی کەنداو زیاد بکات بۆ هەزانکردنی نرخی نەوت و گاز. بەڵام بەهۆی ئەوەی سعودیە لەسەر ئاستی ناوخۆ گرفتی دارایی هەیە و ئەوانەی دیکەش بەهانەی تایبەتیی خۆیان هەیە، لەوانەیە ئاسان مل نەدەن بۆ ئەم داواکارییەی ئەمریکا، بەو پێیەش کە پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکە پاشەکشەی کردووە، پێناچێ ئەو فشارەش ئەنجامی هەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین