دەیلی تەلەگراف: کێبڕکێی ئەمریکا و چین لە جیبۆتی (لانەی سیخوڕان) گەرمە! عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

ململانێی زلهێزان جێگا نازانێت، تەنانەت لە وڵاتێکی هەژاری ئەفریقایی وەکوو (جیبۆتی) هەریەکەیان هەڵپەیەتی بۆ زیادکردنی هەژموونی خۆی.

ڕۆژنامەنووس (ویل براون) پەیامنێری رۆژنامەی (دەیلی تەلەگراف)ی بەریتانی لە جیبۆتی  ڕاپۆرتێکی لە ماڵپەڕی ڕۆژنامەکەدا بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە ململانێی زلهێزەکان بۆ زاڵکردنی هەژموونیان لە جیبۆتی، کە ئەو ناوی ناوە "لانەی سیخوڕان".

براون دەڵێت "لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا لانەی سیخوڕان ئۆسلۆ بوو، لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو دارلبەیزا بوو، لە پەنجاکاندا بەرلین و ئێستاش دەتوانین بڵێین پایتەختی سیخوڕیی جیهان دەوڵەتێکی ئەفریقایی نەناسراوە کە جیبۆتییە".

نووسەر ئاماژە دەکات بە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکی لە سەربازگەی (لیمۆنیێر Lemonnier) لە جیبۆتی، کە تەنیا چەند میلێک دوورە لە بنکەیەکی سەربازیی چینی لەو وڵاتە و لەسەر کەناری دەریا.

لە درێژەی نووسینەکەدا هاتووە "لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ئەم وڵاتە بچکۆلەیە کە ژمارەی دانیشتووانی لە ملیۆنێک کەس کەمترە، بووەتە نمونەیەکی بچووکراوەی سیستمی نوێی جیهانی. بەڵی ئێستا جیبۆتی بووەتە لانەی سیخوڕان، بووەتە شوێنێک کە هێزە ڕۆژئاواییە دێرینەکان کێبڕکێی هەژموون دەکەن لەگەڵ هێزێکی ڕوو لە هەڵکشان کە چینە".

نوسەر لە زاری دیپلۆماتکارێکی بیانییەوە دەڵێت: هەموو لایەک دەزانێت خەریکی چییە، هەمووان لێرە خەریکی پیلانگێڕین.

دیپلۆماتکارە بیانییەکە وتووشیەتی "هەزاران هێزی ئەمریکی، چینی، فەرەنسی، ژاپۆنی، ئیسپانی و ئیتاڵی لێرە ئاساییشی سیاسەتوانە گەندەڵەکانی جیبۆتی مسۆگەر دەکەن، لە بەرامبەر وەرگرتنی هەندێک زەوی و زاری ستراتیجیی ئەم وڵاتە بۆ کارەکانیان".

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "بەرپرسانی ڕۆژئاوایی وەهای دەخەمڵێنن لەناو بنکە چینییەکەدا دە هەزار سەرباز هەن، ئەو بنکەیە دیوارەکانی دژە تەقینەوەن و ئێجگار نهێنییە. لە دەرەوە خەڵکی وا دەزانن لە پشت تەلە دڕکاوییەکانی دیواری ئەم بنکەیەوە تەنیا چۆڵەوانییەکە و کەسی لێ نایەتە دەر!".

نووسەر وتووشیەتی "کارمەندێکی یو ئێن کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت: هەموو ڕۆژێک لێرەوە تێدەپەڕن، بەڵام بڕوا ناکەم هیچ کەسێکم تێدا بەدی کردبێت، کێ دەزانێ لە ژوورەوە خەریکی چین؟".

نووسەر ئاماژە بە پێگەی ستراتیجتی دەوڵەتی جیبۆتی دەکات کە دەکەوێتە سەر تەنگەی بابولمەندەب، کە یەک لە سێی کەشتییە بارهەڵگرەکانی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبن "شانبەشانی چەندین جۆری قاچاخچی، کە چەک و ماددەی هۆشبەر و خەڵک هاتوچۆ پێدەکەن بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ڕوونیشی دەکاتەوە "بە نیسبەت چینەوە، جیبۆتی وەکوو بەندەرێکی نموونەیی وایە بۆ پارێزگاری لە بازرگانیی ساڵانەی ئەو وڵاتە کە بەهاکەی دەگاتە 250 ملیار دۆلار لەگەڵ ئەفریقا، هەروەها چین دەتوانێت هێزی خۆی لەسەر ئەم تەنگەیە پیشان بدات، ئەوە بوو ساڵی 2017 چین بنکەی سەربازی لە جیبۆتی کردەوە و وەها پەرەی پێدا کە ئێستا توانای لە خۆگرتنی فڕۆکە هەڵگری هەیە".

هەروەها دەشڵێت "نزیکیی بنکەی ئەمریکی و چینی لە یەکەوە، گرژیی مەترسیداری دیپلۆماسی لێ کەوتووەتەوە. ئەوە بوو کاتێک لە 2018 فڕۆکە ئەمریکییەکان زۆر نزیکبوونەوە لە بنکە چینییەکە، چینییەکان تیشکی لەیزەری سەربازییان بەکارهێنا بۆ کوێرکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین