کاوە مەحموود: یاسای هەڵبژاردن باشترین یاسایە ناوخۆیی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

بڕیارە لە (22-11-2022) هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دەستیپێکردووە. یەکێتی داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن دەکات و پارتی دەڵێت: ئەوە یاسایەی لە عێراق هەیە شکستی هێنا.

عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەربارەی کات و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "پارتی دیموکراتی کوردستان،جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەڵبژاردن بکرێت و ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەشدا خەریکی دانوستانە لەگەڵ لایەنەکان، ئێمە لە رێگای خۆمانەوە داوامان لە سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان کردووە کە ئامادەکاری پێویست بکرێت".

رێزان شێخ دلێر، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە رای حزبەکەی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی "وابڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت و یەکێتیش ئەوەی پێباشە، زۆربەی لایەنە سیاسییەکانیش بڕیاریانداوە کە لەکاتی خۆیدا بکرێت و بە پێویستیشی دەزانن".

کاوە مەحمود، سکتێری حزبی شیوعی کوردستان دەڵێت، " ئەم بابەتەپەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە پەرلەمان چۆن بڕیار لەسەر ئەم بابەتە دەدەن، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەموو هەڵبژاردنێک لەکاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام دەمێنێتەوە سەر ناکۆکییە سیاسییەکان، ئایا پەرلەمان چۆن ئەو ناکۆکییە سیاسییانە یەکلا دەکاتەوە".

قسە لەسەر گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن هەیە. ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی گوتی "یاسای هەڵبژرادنی کوردستان هەمووی یەک بازنەیە و لیستی کراوەیە، نازانین ئەوان داوای چی دەکەن و چی بگۆڕن دەیانەوێ وەکو هی عێراق بێت؟ بەڵام عێراق کەوتووەتە کێشەو تا ئێستا نەیانتوانیووە حکومەت پێکبهێنن شیعەکان لایەکیان رازی نین بە ئەنجامەکە، هەر بۆیە هەر رۆژەو بیانوویەک دەبیننەوە، ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان پێمان وایە یاساکە باشە و شەرعییەت بە کۆمسیۆن بدەین".

عەلی عەونی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، "بەش بە حاڵی خۆم من پێم وایە ئەو سیستەمەی هەیە لە کوردستان باشترە لەهی عێراق، سیستەمی عێراقیش دەبوایە وەکو هی کوردستان بوایە. عێراق هەمووی یەک بازنە بوایە بە قازانجی کورد بوو، دەنگەکانی ئێمەش بە فیڕۆ نەدەچوو لە نەجەف و بەسرە ناوچەکانی دی عێراق کە دەنگ درابوو بە کاندیدە کوردەکان، من پێموایە دەسکاری ئەو سیستەمە نەکرێت و، دەستکاری کردنی سیستەمەکە بە رەزامەندی لایەنەکانی عێراقی نەبووە نەشی توانیوە بە گۆڕنی ئەم سیستەمە ئەمنییەت بۆ شارەکە دەستەبەر بکات، حزبەکانی تر بەتەمان شتێک بدۆزنەوە چۆن خۆیان پێی سەربکەون نەوەک ئەمنییەت بۆ کوردستان دروست بکەن".

ئەو راوێژکارە گوتیشی "زۆربەی زۆری لایەنە سیاسیەکان وا بەباشی دەزانن کە یەک بازنەیی نەگونجاوە بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەتایبەت ئێمە لەناو پەرلەماندا خۆمان بمانەوێت دەنگی خەڵکی بگاتە هەموو شوێنەکان و نوێنەریان هەبێت، دەبینین زۆرجار لە پارێزگایەک بەڕێژەیەکی زۆر پەرلەمانتار دەردەچێت لە پارێزگایەکی تر پەرلەمانتارێکی دیکە دەردەچێت، لە بەر ئەوەی رێژەکانیان کەمترە لەبەر ئەوە داوا دەکەن ئەو یاسایەی لەعێراق دەرچووە ئەو یاسایە لە هەرێمی کوردستان دەری بچوێننەوە یاخود هەندێک لایەنی سیاسی دەیەوێت بەپێی ناوچەکە بیکاتە بازنەکان بەهەمان شێوە گۆڕانکاری تێدا بکات، لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری کوتلە سیاسییەکان بەر لە هەفتەیەک لەسەر ئەم بابەتە کۆنفڕانسێک کرا زۆربەی لایەنەکانی تێیدا بەشدار بوون جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، هەموو داوی ئەوەیان دەکرد کە شێوازی ئەمجارەی هەڵبژاردن بگۆڕدرێ".

رێزان شێخ دلێر دەربارەی شێوازی هەڵبژاردنەکان دەڵێت"شێوازی ئەمجارە بازنە بازنە دەبێت، وەکو عێراق، بەڵام ئەوەش دەبێت یاسای بۆ دەربکرێت و دەنگی بۆ بدریت، ئێمە لە ناوەڕاستی مانگی دوو داین ئەگەر هەڵبژاردنەکان بکرێت مانگی 11 دەکرێت، ئایا دەتوانن بەزووترین کات ئەمە بکەن؟ ئێمە لە عێراق زوو کردمان توانینمان بە ماوەی دوو مانگێک یاساکە دەربکەین".

سکرتێری حزبی شیوعی دەربارەی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن دەڵێت " ئێمە وەکو حزبی شیوعی کوردستان، پێمانوایە ئەم یاسایە باشترین یاسایە بە بەراوردکردن لەگەڵ سەرجەم یاساکانی تر،چونکە کوردستان بەیەک بازنە دەژمێردرێت و جیاوازییەک هەیە لە نێوان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دابەشدەبێت بۆ پارێزگاکان،بەڵام ئەگەر کوردستان یەک بازنە بێت هەڵوێستێکی سیاسی زیاترە لەوەی کە پاراستنی یەکێتی جوگرافیای کوردستانە ئەوەی کە ئێستا لە چوارچێوەی هەرێمدا هەیە، بەمن ئەم یاسایە دەنگ نافەوتێت زیاتر رەنگدانەوەی فرە حزبییە بەپێی ئەم یاسایەی کە ئێستا هەیە، بۆیە بە بۆچوونی من ئەم یاسایە باشترین یاسایە هەیە، کە پەیوەندی بە پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە".

سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردن کاوە مەحمود گوتی"ئەمە پەیوەندی بە پەرلەمانەوە هەیە ئەو یاسایەی کە لەناو پەرلەمانەوە هەیە بیانەوێ یاساکە هەموارکەنەوە، ئێمە وەکو حزبی شیوعی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاساکە نین".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین