چین چی دەکات ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات؟ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

شارەزایان دەڵێن ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیر بکات، ئەوە چین لەڕووی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە پشتیوانیی ڕووسیا دەکات و ئەوەش پەیوەندییەکانی پەکین و وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاڵۆزتر دەکات، بەڵام پشتیوانیی سەربازی پێشکەش ناکات. ئەوە لەکاتێکدایە بە وتەی سەرۆکی ئەمریکا، ڕوسیا بڕیاری داگیرکردنی ئۆکرانیای داوە.

هەرچی چینە، ئەوە ئەمریکا تۆمەتباردەکات بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و دروستکردنی گرژی، هانی ئەمریکاشی داوە کە ڕێز لەو خواستە ئەمنییانە بگرێت و وەڵامیان بداتەوە کە ڕووسیا خستوونیەتە ڕوو.

وەکو دەربڕینی هاوسۆزی و پێکەوەییشیان، پوتین شەشی ئەم مانگە سەردانی چینی کرد بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئۆڵەمپیادی زستانەی پەکین  و لەگەڵ شی جین پینگ ڕایگەیاند کە هاوبەشێتیی ستراتیجیی نێوان ڕووسیا و چین ڕوو لە بەهێزبوونە و هیچ سنوورێکی نییە، مێدیا فەرمییەکانی چینیش وتیان کە هەردوو وڵات "شانبەشانی یەکدی دەوەستن بۆ بەرقەرارکردنی دادپەروەری لە جیهاندا".

داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە وەکو تاقیکردنەوەیەکە بۆ وتەکانی چین کە تاوەکو چەندە دەیانکاتە کردار، بە تایبەت بۆ پرەنسیپی "دەستوەرنەدان" لە کاروباری وڵاتان کە هەمیشە چین جەختی لێدەکاتەوە وەکوو یەکێک لە بنەماکانی سیاسەتی دەرەکیی وڵاتەکە.

پسپۆڕانی کاروباری چین دەڵێن بە دڵنیاییەوە چین ئارەزووی لێ نییە لەڕووی سەربازییەوە تێوەبگلێ لە شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیادا.

شی یینگ هونگ، پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ڕین مین، دەڵێت هەرچەندە پەیوەندییەکانی چین و ڕووسیا بەهێزترن لە پەیوەندیی بەرژەوەندی، واتە نزیکە لەوەی وەکو هاوپەیمان دابنرێن، بەڵام پەیوەندیی نێوان ئەم دوو دراوسێ زلهێزە هێشتا نەبووەتە هاوپەیمانییەتییەکی فەرمیی ئەوتۆ کە یەکێک لەم دووانە ناچاربێت هیزی سەربازی بنێرێت بۆ پشتیوانی ئەوی دی ئەگەر ڕووبەڕووی هەڕەشە بووەوە.

چین بەردەوام بانگەوازی ئەوە دەکات کە قەیرانی ئۆکرانیا دەبێت ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت.

لی مینگ جیانگ، مامۆستا لە کۆلێجی ڕاجاراتنامی ئەمریکایی تایبەت بە توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان لە سەنگاپورە، دەڵێت "وەکو چۆن چین چاوی لەوە نییە ڕووسیا پشتیوانیی سەربازی لێبکات لە باری سەرهەڵدانی جەنگدا لە تایوان، بە هەمان شێوە ڕووسیاش چاوی لەوە نییە چین لەڕووی سەربازییەوە پشتیوانی بکات لە قەیرانی ئۆکرانیادا".

لە بری ئەوە، چین وەها پیشانی دەدات کە دۆستێکی ئەوتۆیە کە ڕووسیا دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت لە ڕووی دیکەوە، بۆ نموونە چین ناچێتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی سەرکۆنەی ڕووسیا دەکەن لە حاڵەتی ڕوودانی داگیرکاریی ئۆکرانیادا.

هەروەها چین تاکە دەوڵەت بو کە مانگی ڕابردوو هاوشانی ڕووسیا دەنگی دا بەوەی ڕێگە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەولەتی نەدرێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی ڕووسیا لە ناوچەکانی نزیک سنووری ئۆکرانیا، هەرچەندە هەوڵەکەی ڕووسیا و چین شکستی هێنا و کۆبوونەوەکە ئەنجام درا.

 

سەرچاوە: یورۆنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین