ئێران و توركیا.. دۆستایه‌تى له‌ سووریا و ركابه‌ریى له‌ عێراق راپۆرت و شیکاری

شیكاریى تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران بانگهێشتى باڵیۆزى یه‌كتریان كرد و ناڕه‌زاییان به ‌یه‌كتر دا. له‌سه‌ر بابه‌تێك كه‌ دوور و نزیك په‌یوه‌ندى به‌ كورده‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وان كه‌ له‌ سووریا هاوپه‌یمانى یه‌كترن، له‌ عێراق خه‌ریكه‌ ركابه‌رایه‌تى یه‌كتر ده‌كه‌ن، به‌ڵام لێدانى به‌رژوه‌ندییه‌كانى كورد ئامانجى سه‌ره‌كییان ده‌بێت.

دوێنێ ئیره‌ج مه‌سجدى باڵیوزى ئێران له‌ عێراق له‌دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى رووداو، هۆشداریى به‌ توركیادا له‌وه‌ى هیچ كرده‌یه‌كى سه‌ربازى له‌ناو خاكى عێراق ئه‌نجام نه‌دات و له‌و سنووره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ بوه‌ستێ كه‌ بۆى دیاركراوه‌.

ئه‌و قسانه‌ى ئیره‌ج مه‌سجدى له‌كاتێكدا دێ كه‌ توركیا چه‌ند جارێك باسى له‌وه‌ كردووه‌ له‌ به‌هارى داهاتوو هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر شنگال به‌ بیانوى ده‌ركردنى هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌.

فاتیح یه‌ڵدز باڵیۆزى توركیا له‌ عێراق به‌ په‌له‌ وه‌ڵامى مه‌سجدى دایه‌وه‌ و گوتى، "باڵیۆزى ئێران ده‌بێت دوایین كه‌س بێت له‌سه‌ر رێزگرتن له‌ سنوورى عێراق وانه‌ به‌ توركیا بدات". گرژییه‌كه‌ هه‌ر به‌م وه‌ڵامه‌ى باڵیۆزى توركیا نه‌وه‌ستا. به‌ڵكو وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران به‌ په‌له‌ بانگهێشتى باڵیۆزى توركیاى كرد له‌ تاران و په‌یامى ناڕه‌زایى پێدا. هاوكات وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیایش بانگهێشتى باڵیوزى ئێرانى كرد و په‌یامى ناڕه‌زایى پێدا.

به‌رپرسانى ئێران گوتوویانه‌ بانگهێشتكردنى باڵیوزى توركیا ته‌نیا له‌سه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ى یه‌ڵدز نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو سلێمان سۆیلو وه‌زیرى ناوخۆى توركیا گوتوویه‌تى، "هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر خاكى ئێران بوونیان هه‌یه"‌.

ئاژانسى ئه‌نادۆڵى توركى نووسیویه‌تى، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا به‌ باڵیۆزى ئێرانى راگه‌یاندووه‌، توركیا چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر هاوكارى بكات و پێشتریش به‌ عێراقى راگه‌یاندووه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌قامگیرى توركیا و عێراق و به‌رپرسانى باڵاى هه‌ردوو وڵات كۆبوونه‌ته‌وه‌، كه‌چى وه‌ك ئه‌نكه‌ره‌ ده‌ڵى ئیره‌ج مه‌سجدى له‌ دیمانه‌كه‌ى به ‌هیچ شێوه‌یه‌كى باسى هه‌ڕه‌شه‌كانى په‌كه‌كه‌ى له‌سه‌ر خاكى عێراق نه‌كردووه‌.

یه‌كه‌م جار نییه‌ گرژیى دیپلۆماسى له‌نێوان 
توركیا و ئێران دروست بێ

 

په‌یوه‌ندى ئێران و توركیا له‌سه‌ر دۆسیه‌ى عێراق و سووریا

هه‌رچه‌نده‌ ئێران له‌ شه‌ڕى سووریا له‌به‌ره‌ى رژێمى ئه‌سه‌ده‌ و توركیا له‌دژى ئه‌سه‌ده‌، به‌ڵام رێككه‌وتنێك له‌نێوان توركیا و ئێران هه‌یه‌ و ئه‌م رێككه‌وتنه‌ له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌كه‌، یه‌كێك له‌و بنه‌مایانه‌ رووسیایه‌، ئه‌و زلهێزه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌به‌ره‌ى ئه‌سه‌ده‌ هاوسه‌نگى نێوان ئێران و توركیا راگرتووه‌. هێزه‌كانى توركیا له‌ باكورى سووریا وهێزه‌كانى ئێران به‌ په‌رته‌وازه‌یى له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى ده‌شتاییه‌كانى دیمه‌شق و باشوورى رۆژهه‌ڵاتى ئه‌م وڵاته‌ جێگیر كراون.

له‌ساڵانى جه‌نگى سووریا، توركیا سێ ئۆپراسیۆنى گه‌وره‌ى له‌ناو خاكى سووریا له‌ دژى كورد ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام ئێران بێده‌نگى هه‌ڵبژاردووه‌، یه‌كه‌میان له‌ساڵى 2016 بوو به‌ناوى قه‌ڵغانى فورات، دووه‌میان له‌ساڵى 2018 بوو به‌ناوى چڵه‌زه‌یتوون بۆ داگیركردنى عه‌فرین بوو، سێیه‌میان به ‌ناوى كانى ئاشتى بوو بۆ هێرشه‌كردنه‌ سه‌ر سه‌رێكانى و گرێسپى بوو ئه‌مه‌شیان له‌ ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2019 بوو، كه‌چى له‌ هه‌ر سێ ئۆپراسیۆن ئێران بێده‌نگ بوو هه‌رچه‌نده‌ به‌ فه‌رمى رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ سووریا هه‌یه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ى‌ سه‌روه‌رى سووریا.

له‌ عێراق ئێران و توركیا زۆرجار هاوپه‌یمانن، زۆرجاریش تێبینى ئه‌وه‌ كراوه‌. به‌ بیانووى جیاواز هاوكات له‌گه‌ڵ یه‌كتر ناوچه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆردومان ده‌كه‌ن. دواجار ماوه‌یه‌ك پێشبینى ده‌كرێت ئێران و توركیا له‌سه‌ر دۆسیه‌ى شنگال به‌ر یه‌كتر بكه‌ون. ئه‌مه‌یش له‌چوارچێوه‌ى ململانێیه‌كى گه‌وره‌تر ده‌بێت كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ژموونى هه‌ر یه‌كه‌ له‌ رووسیا و ئه‌مریكاوه‌ هه‌یه‌.

شرۆڤه‌كاران بۆ ماڵپه‌ڕى ئارتى رووسى ئه‌مڕۆ باسیان له‌وه‌ كردووه‌، له‌ رۆژانى داهاتوو هه‌ندێك ململانێى گه‌وره‌ دروست ده‌بێت په‌یوه‌ندى به‌ چه‌ند میحوه‌رێكه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ توركیا و هاوپه‌یمانانى ئه‌مریكا، له ‌لایه‌كى تریش رووسیا و ئێران، جیا له‌مه‌یش به‌ره‌یه‌كى ئیسرائیلى و كه‌نداو به‌یه‌كه‌وه‌ن.

ئایا به‌ریككه‌وتن رووده‌دات؟

چاودێرانى سیاسى دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێت به‌ریه‌ككه‌وتن  له‌نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ رووبدات، به‌ دوو هۆكار یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌ نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ ده‌گاته‌ 30 ملیار دۆلار. هۆكارێكى دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م دوو وڵاته‌ له‌ سووریا هاوئاهه‌نگییان هه‌یه‌. بۆیه‌ وه‌ها ئاسان نییه‌ پێكدادان و گرژیى زیاتر رووبدات.

ئه‌و چاودێرانه‌ى قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كردووه‌، به‌ڵگه‌یان ئه‌وه‌یه‌ پێشتریش گرژیى دیپلۆماسى له‌شێوه‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ روویداوه‌ و دوایین جاریان له‌ مانگى كانوونى یه‌كه‌م به‌ هۆى شیعرێك بوو كه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا خوێندییه‌وه‌ و ئێرانى نیگه‌ران كرد.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین