وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە ئەوروپا و ئەمریکا ئێران

نوچه‌نێت

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران وێرای ئاماژەکردن بە هەوڵەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی بۆ ده‌رکردنی بڕیارنامەیەک لەدژی ئێران لە ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند: وڵاتانی ئەوروپی بە پشتیوانی ئەمریکا جووڵەیەکی هەڵەیان دەستپێکردووە، پێموایە ئەو جووڵەیە دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری بارودۆخی ئێستا.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "ئه‌فتاب نیوز"، زەریف جەختی کردەوە: لە ڕێگای باڵوێزی ئێران لە ڤییه‌نا ئەندامانی ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆمی ئاگادار کردووەتەوە کە لە ئەگەری دەرکردنی هەر جۆرە بڕیارنامەیەکدا کە دژی تاران بێت، بارودۆخی ئێستا تێکدەچێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، "ئەگەر ئەو وڵاتانە سیاسەتێکی ژیرانە نەگرنە بەر ئێمەش چەند بژاردەیەکمان لە بەردەستن".

هەواڵنێرنییەکانی ئەوروپا ڕایانگەیاندووە ئەمریکا هەوڵی ئەوە دەدات لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران دەربکات.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی ڕابردوو عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، "ئەگەر ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران دەربکات، وڵاتەکەی بەشێوەیەکی گونجاو وەڵام دەداتەوە و بە نامەیەک ئاژانسی نیودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییان ئاگادار کردووەتەوە".

ڕافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنێکی ئیمزا کرد سەبارەت بەوەی کە ئێران تا سێ مانگی تر ڕێگانادات پشکێنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دەستیان بگات بە زانیارییەکانی ئەو کامێرانەی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان دانراون، بەڵام ئەگەر لەماوەی ئەو سێ مانگەدا ئەمریکا گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵوەشێنێتەوە پشکێنەرانی ئەو ئاژانسە دەتوانن سەردانی ئێران بکەن و دەستیان بگات بە زانیارییەکانی کامێراکان. بەپێچەوانەوە ئەگەر گەمارۆکان هەڵنەوەشێنرێنەوە ئێران هەموو وێنەکان دەسڕێتەوە.  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین