ساڵێک بەسەر دەرچوونی یاسای قەرەبوی کچانی ئێزدی تێپەڕی هێشتا جێبەجێنەکراوە ناوخۆیی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

ساڵێک بەسەر دەرچوونی یاسای قەرەبوکردنەوەی ئافرەتانی ئێزدی لە پەرلەمانی عیراق تێپەڕبوو، بەڵام تا ئێستا یاساکە جێبەجێ نەکراوەو هیچ ژنێکی ئێزدی سودمەند نەبووە. رێزان شێخ دلێر دەڵیت: تا ئێستا هیچ بودجەیەک بۆ جێبەجێکردنی تەرخاننەکراوە.

رۆژی( 8/مارس/2021) یاسای ژمارە ( 8) لە پەرلەمانی عیراق پەسەندکرا. دواتر لە میدیای فەرمی عیراق وەک دیاری سەرۆککۆماری عیراق بۆ ئافرەتانی ئێزدی باس لەم یاسایە کرا. 

یاساکە لە (13) ماددە پێکهاتووە. لە ماددەی (10) لە بڕگەی دوو ئاماژە بەوەکراوە، کە دەبێت لە ماوەی (90)رۆژ دوای پەسەندکردنی ئەو ئافرەتانە قەرەبو بکرێنەوە. لە ماددەی( 12) یاساکەدا جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە کە دەبێت ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەی ٩٠رۆژدا رێنمایی تایبەت دەربکات.

خێری بۆزانی، راوێژکار لە وەزارەتی ئەوقاف، لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت سەبارەت بە جێبەجێنەکردنی ئەم یاسایە گوتی "تا ئێستا وەکو پێویست یاساکە روننەکراوەتەوە، نە بودجەیەکی شایستەیان بۆ دابینکردووە نە کارێکی باشیان بۆ ئەنجامدراوە، تەنیا بەڕێوەبەرێکی گشتییان بۆ داناوە کەس نازانێت فەرمانبەری هەیە یاخود نا، بەڵام کۆتا جار لەگەڵ بەڕێوەبەرەکە خۆی دانیشتم، گوتی: تا ئێستا هیچیان بۆ نەکراوە".

سعود مستە، بەرپرسی کاروباری  ئێزیدیان لە وەزارەتی ئەوقاف، لە بارەی هەبوون و جێبەجێنەکردنی ئەم یاسایە دەڵێت "ئەگەر بەکۆی گشتی قسەبکەین لە (2014)وە دۆسیەی کۆمەڵکوژی ئێزیدی و ناساندنی لەرووی مرۆڤایەتی و پێشکەشکردنی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی خەڵکی شنگال، هەروەها خزمەتگوزاری و ئەمنێیەتی شنگال ئەوەندە ئیرادەیەکی حکومی وەک حکومەتی مەرکەزی وە ئیرادەیەکی سیاسی نییە بەرامبەر کێشەی ئێزیدییەکان، لەبارەی ئەو یاسایەش هەرکەسێک کە دایناوە، چالاکوان بێت یاخود رێکخراوی مافی مرۆڤ  رێکخراوی مەدەنی یاخود رێکخراوەکانی ژنان ئەوان فشارێکی وایان دروست کرد تا حکومەتی بەغدا یاسایەکی وا دەربکات کە ئێش و ئازاری بەشێکی گرنگی کۆمەڵگای ئێزید نیشان بدات، کە لە دەستی داعش رزگاریان بووە، بەڵام هەمان نەفەسی نەبوونی ئیرادە بۆ جێبەجێ نەکردنی ئەو یاسایە ئەوە هۆکارێکی سەرەکی دەبێت".

رێزان شێخ دلێر ئەندام پەرلەمانی پێشوی عێراق، لەبارەی جێبەجێنەکردنی یاساکە گوتی "بێگومان ئەوە کێشەیەکی گەورەیە پێویستی بە کۆمەڵێک زانییارییە، راستە ئەو یاسایە دەرکراوە بۆ ئەوەیە کە قەرەبویان بۆ بکرێتەوە قەرەبو کردنەوەکەش دەبێت لە کاتی موازەنەدا دیاری بکرێت، هەندێک پارەیان دا بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەک بکرێتەوە، بەڕێوەبەرێکیان بۆ داناوە بەڵام لێپێچینەوەیەکی سادە. تاکو ئێستا بەشێوەیەکی باش توانیبێتیان بە پێی یاساکە قەرەبویان کرابێتەوە دەڵێم نەخێر، چونکە لە سەرەتاوە پێویستمان بەوەیە کە دەبێت یاسایەک دەربکرایە، پێشتر ئێمە پڕۆژەیەکی یاساییمان هەبوو لە ساڵی (2021) دا پڕؤژەیەکی یاساییمان هەبوو بۆ دادگا کردنی تاوانبارانی داعش، ئەگەر ئەوە هەبوایە هەر کەیسێک قەرەبو دەکرایەوە، ئێستا دنیایەک لێپێچینەوەی یاسایی دەوێت کە تا ئێستا حکومەت نەیتوانیوە ئەم لێپێچینەوانە تەواو بکات".

لەبارەی گرنگی یاساکە خێری بوزانی دەڵێت "گرنگی ئەو یاسایە لەوەدایە کە ئەوانەی چەندین ساڵە لە دەستی داعشدابون، ئێستاکە کە گەڕاونەتەوە دەبێت جۆرێک لە جۆرەکان قەرەبو بکرێنەوە، ئیتر قەرەبوەکە ماددی و مەعنەوی یاخود هەرشتێکی تر بێت، دەرچونی یاساکە لە پەرلەمانی عێراقدا خۆی لە خۆیدا شتێکی زۆر باش بوو، بەڵام  تا ئێستا هیچ نەکراوە کاتێک هاتە سەر جێبەجێکردنی یاساکە راگیرا و تا ئێستاش وەکو پێویست هیچ شتێک جێبەجێ نەکراوە".

سەبارەت بە بەرنامەو فشاری ئەوان بۆسەر حکومەتی عێراقی خیری بوزانی دەڵێت " ئێمە سەر بە هەرێمی کوردستانین دەبێت پەرلەمانی عێراق بەتایبەت ئەو ئەندامانەی کە دەنگیان بە یاساکە داوە، فشار لەسەر حکومەتی عێراقی و- وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بەغدا دروست بکەن بۆ ئەوەییاساکە جێبەجێ بکرێت چونکە یاساکە هەر یاسایەک بێت لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرچوو جێبەجێکردنەکەی نیزامییە لەلایەن دەسەڵتی جێبەجێکردنی حکومەتەوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە".

سەبارەت بە گرنگی یاساکە بۆ کچانی ئێزیدی، مەسعود مستە دەڵێت "تراژیدیای رزگار بوونی کچان و ژنانی رزگار بووی دەستی داعش کە سەدەی( 21 )بەسەرداهاتبوو ئێشو ئازارو دەستدرێژی و ئەوەی خودا قبوڵی نەکردووە بەسەر ئەواندا هاتووە، پێویستیان بە لەخۆگرتنە و هاوکاری مادییە و پێویستیان بە دووبارە هاندانیانە بێنەوە ناو کۆمەڵگا، دابین کردنی سەرلەنوێ ژیانێکی نوێ بۆ ئەوان بۆ ئەوەی بە سەرفرازی بژین و پێویستیان بەکەس نەبێت هەندێک کاری زۆر باشی تێدایە ئەو یاسایە، بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە بەڵام جێبەجێکردنی زەحمەتە".

دەربارەی فشار دروستکردن سەر حکومەتی عێراقی تاکو ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت ئەو دەڵێت "بێگومان پێش مانگێک پێشوازیمان لە میری جڤاتە رۆحانی و چالاکوان و کۆمەڵگای ئێزیدی بۆ دەرچوونی ئەو یاسایە لەگەڵ چەندین دۆست و برادەر لە حکومەت و ئاژانسی یوئێن کە ئێمە داوامان کردووە ئەو یاسایە بێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە لە بڕۆکسلەوە داوا لەبەغدا کراوە، جارێکی تر بە زووترین کات بڕگەکانی ئەو یاسایە بچێتە بواری جێبەجێکردن بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگای ئێزیدییەکان".

رێزان شێخ دلێر سەبارەت بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی یاساکە گوتی " کێشە لە یاساکەدایە، پێویستی بەزانیارییە حکومەتەکەش حکومەتێکی کار بەڕێکەرە هیچ گرنگی نەداوە بەو بابەتانە، ئێستا حکومەت ناتوانێت ئەو بودجەیەی دایدەنێت کە قەرەبووکردنەوەیەکی زۆریان دەوێت جگە لە بردنەوەیان راهێنانی تێدایە دەبێت لە یاساکەدا هەبێت، جگە لەوە دەبێت ئەوکچانە جارێکی تر بخرێنەوە بەر خوێندن تەمەنیان لەبەر چاو نەگیرێت کەلەو ماوەیەدا لەدەستیان چووە، پێویستی بە لێپێچینەوەی زۆر گەورە هەیە، پێویستی بەوە هەیە کە بەڕێوەبەرایەتییەکی وردی بۆدابنرێت، تەنیا بەڕێوەبەرێکیان داناوە نەک دەسەڵات و ماددە بەڵکو فەرمانبەریشی لەبەردەستدا نییە، بەداخەوە کە دەڵێم ئەم یاسایە پڕۆژەی سەرۆککۆمار بووە، بەڵام حکومەت جێبەجێی نەکردووە".

هاوکات ئاماژە بە گرنگی یاساکە دەکات بۆ کچانی ئێزیدی و دەڵێت "ئەو کچە ئێزیدییانەی کە گەڕاونەتەوە لە ئێستادا پێویستیان بەوەیە کە باری دەرونیان چارەسەر بکرێت لە ساڵی (2014) تا ئێستا بەداخەوە ئێمە باس لەوە دەکەین ئەویش بەو دامەزراوەیەی کە دادەنرێت دەبێت جێگای تایبەتی هەبێت بۆ چارەسەرکردنیان، هەروەها ئەوانەی کە گەڕاونەتەوە زۆربەی زۆریان زەرەری زۆریان پێکەوتووە کە دەستدرێژی سێکسیان بەرامبەر کراوە دەبێت قەرەبوویان بۆ بکرێتەوە، و داوای ئەوەش کراوە هەندێک لەوانە زەویان پێبدرێت بۆ ئەوەی شوێنەکانیان لەدەستداوە جارێکی تر بتوانن ژیان بکەنەوە هەموو ئەمانە لەناو یاساکەدا هەیە".

سەبارەت بە فشارەکان بۆسەر حکومەتی عێراقی کە ئایا هیچ فشارێک کراوە بۆ ئەو یاسایە تا جێبەجێبکرێت؟ رێزان شێخ دڵیر رونیکردەوە "لەگەڵ رێکخراوەکاندا هەوڵمانداوە، چونکە ئێمە لەمانگی (2/2021) وە پەرلەمانی عێراق ئیشی نەکردووە، بەڵام لەگەڵ زۆربەی رێکخراوەکان کارمان کردووە بەتایبەت رێکخراوی یەزداد، چەندین جار دانیشتنمان کردووە لە بەغدا-داوا لە سەرۆکی عێراقی و لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کراوە، کە دەبێت ئەم یاسایە وەکو پێویست جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەداخەوە کێشە سەرەکییەکەی ئەوەیە  کەدەبێت بودجەیەکی تایبەتی بۆ دابین بکرێت ئەم بودجەیەش نییە، بارودۆخی ئابوری و حکومەتی کار بەڕێکەر ناتوانێت، تەنیا دەتوانێت لەسەدا (11) لەوەی موازەنەی بۆ دانراوە خەرجی کات، بێگومانیش ئەو سەدا (11) یە بۆ بابەتی کارە گرنگەکانە نەک بیکاتە قەرەبوو بۆ ئێزیدییەکان بەداخەوە کە وا دەڵێم".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین