فراکسیۆنی پارتی: یەکێتی بیانو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دروستدەکات ناوخۆیی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

بەرپرسێکی یەکێتی دەڵێت: تا یاسای هەڵبژاردن نەکرێتە فرەبازنەیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نادرێت و پەرلەمانتارێکی پارتیش پێیوایە: ئەوە بیانووە بۆ دواخستنی هەڵبژارن.

بە پێی یاسا پێویستە لە رێکەوتی(1/ئۆکتۆبەر/2022 ) هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجام بدرێت، بەڵام فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکات بەر لە هەڵبژاردنی ئەمجارە. پارتی دیموکراتی کوردستان بە بیانو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لێکدانەوەی بۆ دەکات.

شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان،  لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆیدا دەڵێت" ئەگەر یەکێتی و پارتی بیانەوێت لە کاتی خۆیدا دەکرێت، پڕۆژە یاساکە لای سەرۆکایەتی پەرلەمانە و بۆ هەموارکردنەوە پێویستە سەرۆکایەتی پەرلەمان، بیخاتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوە بە زووترین کات".

پارتی: دواخستنی هەڵبژاردنیان کردووە بە نەریت

وەیسی سەعید، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە دواخستنی هەڵبژاردن بووە بە نەریت"بەداخەوە بووە بە نەریتێک هەڵبژاردن لەماوەی یاسایی خۆی ناکرێت، لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی هەڵبژاردن فراکسیۆنی یەکێتی و ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانی فراکسیۆنە جیاوازەکان کە ژمارەیان (39) پەرلەمانتارە، داوای هەموارکردنەوەی سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکەن، ئێمەش وای دەبینین کە ئەمە بیانویەکە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، فراکسیۆنی پارتی و ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانی پێکهاتەکان پێداگیری دەکەن، کە هەڵبژاردن لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا بکرێت، چونکە هەڵبژاردن بنەمایەکی سەرەکی دیموکراسییە لەم رێگایە هاوڵاتیان دەتوانن ئەو لایەنە دەستنیشان بکەن کە بۆ حکومڕانی پێیان باشە، و بنەمای سەرەکی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئاستی دەرەوە دەستنیشان دەکات".

یەکێتی: پێویستە بەر لە هەڵبژاردن یاساکە هەمواربکرێتەوە

رێزان شێخ دلێر، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا گوتی"دەبێت بەر لە هەڵبژاردن ئەو یاسایە بگۆردرێت، چونکە ئەوە داواکاری هەموو لایەنە سیاسییەکانە لە ئێستادا، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەگەر نەگۆڕدرێ زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی ترو کوتلەکانی ناو پەرلەمان دەڵێن، ئێمە هەڵبژاردن ناکەین هەتا یاسای هەڵبژاردنەکان نەگۆڕدرێت، چونکە پێیان باشە یەک بازنەیی نەبێت و بکرێت بە فرە بازنەیی، ئیتر کەوتووەتە سەر ئەوەی ئایا تا چەند پەرلەمان دانیشتن دەکات لەم ماوەدا بۆ ئەوەی دەستکاری ئەو یاسایە بکات".

ئایا بۆچی پارتی دیموکراتی کوردستان نایەوێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە؟ وەیسی سەعید دەڵێت "لایەنەکان تا ئێستا نەگەشتوونەتە ئاستێکی هاوبەش، لە چۆنێتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەرچەندە فراکسیۆنی پارتی هیچ ڤیتۆیەکی لەسەر پڕۆژە یاسای هیچ لایەنێک نییە، بەڵام دەبێت بەپێی پەڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، هەر پڕۆژە یاسایەک هەیە بخرێتە بەرنامەی کار و بەپێی رێکارییە یاساییەکان کاری لەسەر بکرێت، بۆیە گرنگە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەم کێشەیە یەکلا بکاتەوەدانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت. بانگهێشتی پەرلەمانی کوردستان بکرێت لەناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆ لەسەر هەر پڕۆژە یاسایەک بێت هەر هەموارێک هەیەپێشکەش کراوەو بکرێت و خەڵکی کوردستانیش هەر ئەو چاوەڕوانییەی هەیە لە ئێمەی پەرلەمانتاران".

یەکگرتوو: ئەگەر یەکێتی و پارتی بیانەوێ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت

سەبارەت بە هەڵوێستی فراکسیۆنی پارتی وەیسی سەعید جەخت لەوەدەکاتەوە" ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی پیداگری دەکەین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەرسومی تایبەتی بۆ دەرچووە، لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لەکات و ساتی خۆیدا ئەنجامبدرێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین