32 سه‌نته‌رى ئه‌مریكى داوایه‌ك ئاراسته‌ى بایدن ده‌كه‌ن ئێران

نوچه‌نێت

چەند ڕێکخراوە و ناوەندی ئەمریکیی لە نامەیەکدا بۆ جۆ بایدن داوایان کردووە بە خێرایی بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە لەگەڵ ئێران کە لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی باراک ئوبامادا ئیمزا کرابوو. ئەو ناوەندانە هۆشدارییان داوە کە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە بە تێپەڕینی کات دژوارتر دەبێتەوە.

بە پێی هەواڵی "یورونیوز" ٣٢ ناوەندی ئەمریکیی ڕۆژی چوارشەمە ٣ی ئادار لە نامەیەکدا، ڕەخنەیان لە ئیدارەی تره‌مپ گرت کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی چووە دەرەوە و سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشاری" گرتەبەر. ئەو ناوەندانە جەختیان کردووەتەوە کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران پێویستە ئەو سیاسەتە بە خێرایی بگۆڕدرێ: "هەرچی زیاتر سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار درێژەی هەبێت، توندڕۆکان بێ باکتر دەبن و ئەوەش دیپلۆماسی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران پەک دەخات".

ئەو ناوەندانە جەختیان کردووەتەوە کە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران یەکێک بووە لە بەڵێنەکانی جۆ بایدن لە کەمپینی هەڵبژاردنەکان بۆئەوەی ئەو وڵاتە لە "تاکڕەویی شەڕخوازانەی تره‌مپ" دوور بخاتەوە.

هەروەها لەو نامەیەدا هاتووە کە: "پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی ئەم دواییانە لەنێوان ئەمریکا و هێزە پاشکۆکانی ئێران لە سووریا وعێراقدا نیشاندەری پێویستی بە سیاسەتێکی نوێیە".

پێدەچێت ئەو بەشە لە نامەکە ئاماژە بە هێرشی ئاسمانیی هەفتەی ڕابردووی فڕۆکە ئەمریکییەکان بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بێت. بە وتەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئەو هێرشە لە تۆڵەی هێرشی مووشەکی سەرەتاکانی مانگی کانوونی دووەم بۆ سەر هەولێر ئەنجام درا.

جۆ بایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندووە مەرجی گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەوەیە کە ئێران هەموو بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات. لە لایەکی ترەوە ئێرانیش داوای لە ئەمریکا کردووە سەرەتا گەمارۆکان لە دژی ئەو وڵاتە هەڵوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی تاران بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.

سەرەڕای ئەوە ئەو ناوەندانەی کە بۆ ئیدارەی بایدن نامەیان نووسیوە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو هەڵوێستانە ڕێگری دەکەن لە دەستپێکردنی گفتوگۆکان.

لەو نامەیەدا ئاماژە کراوە کە هەندێ لە "گۆڕانکارییە جیاوازەکان" لە چەند هەفتەی ڕابردوودا جێگای دڵخۆشین. سەرەڕای ئەوە ئەو ناوەندانە جەختیان کردووەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەتا ڕێککەوتنەکەی پێشێل کردووە، "بۆیە لۆژیکییە چاوەڕوان بین کە ئەمریکا لانیکەم هاوکات لەگەڵ ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەنگاو بنێت".

ڕێکخراوەکانی "ئەوپەڕی بومب"، "بەرگریی هاوبەش"، "دیموکراسی بۆ ئەمریکا"، "ئاڵوگۆڕی جیهانی"، "جووڵە"، "ئەنجوومەنی جیهانی شیاوی ژیان"، "نایاک"، "دەزگای کۆمەڵگەی کراوە"، "پزیشکان بۆ بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی"، کلێسەی پرۆتیستانی ئەمریکا"، "پرۆژەی ئاسایشی نیشتمانیی ترۆمەن"، "بە بێ شەڕ سەرکەون" و هتد نموونەی ئەو ناوەندانەن کە ئەو نامەیانە ئیمزا کردووە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین