پەیوەندییەکانی  ڕووسیا و هیندستان بەرەو کوێ؟! شیکاری ئابوری
هۆکاری بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە هیندستان، ڕێگریکردنە لە پرۆژەکانی نێوان ڕووسیا و هیندستان، دوای واژۆکردنی پرۆژەی Arctic 2

شیکاری تایبەت بە نوچەنێت

هیندستان نوسینگەیەکی تایبەت بە وزەی لە ڕووسیا کردەوە، ئەو هەنگاوەی هیندستان لە پێناو زیادکردنی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوو وڵات، بۆ پاڵپشتی ئاسایشی وزە بۆ نیودەلهی، کە دووەمین بەکاربەری وزەیە لە سەر ئاستی جیهان. 

ئەو نووسینگەیە لە تاوەری یەکێتیی بەناوبانگ لە مۆسکۆ کراوەتەوە، کە نوێنەرایەتی پێنج لە گەورەترین کۆمپانیاکانی نەوت و وزەی هیندستان دەکات، لەوانە:  ONGC Videsh Limited، کۆمپانیای نەوتی هیندی ، کۆمپانیای نەوت و گازی هیندی گەیل ، نەوتی هیندستان ئێل تی دی و، ئینجینیرس هیندستان . 

پردی وزەی نێوان ڕووسیا و هیندستان 

لە مەڕاسیمی کردنەوەی سەنتەری گازی ڕووسی/هیندی،  دارماندرا پرادان، وەزیری نەوتی هندستان، نێردەی هندستان بۆ ڕووسیا دی بالا ڤێنکاتش فارما و پاڤێل سۆرۆکن، جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا، ئامادە بوون

پرادان گوتی: "هاوکاریی و هەماهەنگییەکی زۆرمان لەگەڵ وڵاتی ڕووسیادا هەیە، کۆمپانیا هیندییەکان لە ڕووسیادا، وەبەرهێنانی بەرچاویان کردووە، لە هەمان کاتدا،  کۆمپانیا ڕووسییەکان لە هیندستان وەبەرهێنانی دەکەن، هەردوولا کار بۆ تەواوکردنی (پردی وزە)ی نێوانیان دەکەن."

داهـاتـووی ئـاسایـشی وزەی هیـندستـان! 

دی بالاڤێنکاتەک، نوێنەری وڵاتی هیندستان لە ڕووسیا ڕایگەیاند: "کردنەوەی ئۆفیسی وزەی هاوبەش، هەنگاوێکی گەورەیە لە داهاتووی (وزە)کەماندا، ئەوەشی خستەڕوو کە ئێستا کەرتی وزە یەکێک لە فاکتەرە هەرە سەرەکییەکانی پەیوەندی ستراتیژی و تایبەتی نێوان (نیودلهی و مۆسکۆ)ـیە، بۆیە هیندستان پاڵپشتییەکی بەردەوامی ڕووسیا دەبێت، لە پێناو پاراستن و پشتگیریکردن لە داهاتووی ئاسایشی وزەی ئەو وڵاتە، ئەمەیش نامەیەکی بەهێزە کە وڵاتی ئێمە دەیەوێت بیگەیەنێت!" 

جێگری وەزیری وزەی ڕووسیا، لەبارەی کردنەوەی ئەو پرۆژە هاوبەشە ڕایگەیاند: "هیوادارین هەنگاوێکی نوێ بێت و ڕێگایەک بێت، بۆ زیادکردنی ئاستی وەبەرهێنانی نێوان هەردوو وڵاتدا." 

کردنەوەی سەنتەری وزەی هیندی/ ڕووسی لە کاتێکدایە، وڵاتی هیندستان پێش یەکێتیی ئەورووپا کەوتووە، لە بەکاربردنی وزەدا، لە دوای چین بە پلەی دووەم دێت لە بەکاربردنی زۆرترین نەوت و گازی جیهان، هەروەها پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030، ئاستی بەکاربردنی ئەو وڵاتە بۆ ڕێژەی %25 بەرزبێتەوە. هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەی ڕێژەی بەکاربردن، دەگەڕێتەوە، بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی هیندستان داهاتی ناوخۆیی تاکیان بۆ، 8.6 تریلیۆن دۆلار لە 2040ـدا.

خـواستـی هـینـدستـان بـۆ نـەوت و گـاز. 

زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوانی هیندستان، پێشبینییەکانی بەکاربردنی نەوت و گازی لە 5 میلیۆن بەرمیل ڕۆژانە، بۆ 8.7 میلیۆن بەرمیل لە ساڵی 2040ـدا بەرزکردووەتەوە، هیندستان ساڵانە ڕێژەی %76 خواستی نەوتی وڵاتەکەی لە دەرەوە دابیندەکات، بەڵام  پێشبینیی دەکرێت تا ساڵی 2030، پشت بەستنی ئەو وڵاتە، بە نەوتی هاوردەکراو بە رێژەی %90، هەروەها لە ساڵی 2040، بۆ %92 بەرزبێتەوە. 

سەبارەت بە گازی سروشتی، پێشبینیی دەکرێت هاوردەکردنی هیندستان بۆ گازی LNG، چوار هێندە، واتە بۆ 124 میلیار مەتر سێجا بەرزبێتەوە، ئەم ڕێژەیە دەکاتە ڕێژەی %61ـی، خواستی وڵاتەکە لە ساڵی 2040ـدا. 

ڕێککەوتنی نێوان نۆڤاتیکی ڕووسیا و، وڵاتی هیندستان 

هیندستان بۆ دابینکردن و فەراهەمکردنی ئاسایشی وزەی وڵاتەکەی، بیر لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی درێژخایەن دەکاتەوە، لە گەڵ وڵاتی ڕووسیا، لە چوارچێوەی پرۆژەی Arctic 2، بە مەبەستی گواستنەوەی گازی LNG، بۆ ناو وڵاتی هیندستان. 

بۆ ئەو مەبەستە وەزیری نەوتی هیندستان لە مۆسکۆ، گوتی: "حوکوومەتی هیندستان ئامانجی ئەوەیە سەقامگیری لە نرخەکانی گاز دەستەبەر بکات، لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستە درێژخایەنانە، لە پێناو رێگریکردن لە هەڵئاوسانی گازی LNG".

هەروەها ڕایشیگەیاند: "ئێمە دەمانەوێت گازی LNGـی زیاتر بکڕین و، وا باشترە گرێبەستی درێژخایەن، بۆ ئەو مەبەستە واژۆ بکرێت، بۆیە وڵاتی ڕووسیا گونجاوترین بژاردەی ئێمەیە." 

پرۆژەی Arctic 2، دووەم گەورە پرۆژەی کۆمپانیای نۆڤاتیکی ڕووسیایە، دوای پرۆژەی ستراتیژی یاماڵ، بۆ دابنیکردنی گاز، لە چوارچێوەی ئەم پرۆژیەدا سێ هێڵی فراوان، بۆ هەناردەکردنی ئەو گازە درێژدەبنەوە، کە توانای بەرهەمهێنانی هەر یەکێک لەو هێڵانە بڕی، 6.6 میلیۆن تەن گاز هەیە، هێڵی یەکەمی ئەو پرۆژەیە لە سەرەتاییەکانی ساڵی 2023ـدا دەکەویتە کار و، هێڵەەکانی تر تا ساڵی 2026، کۆتایی بە دروستکردنیان دێت. 

نۆڤاتێک، خاوەنی %60ـی، پشکەکانی پرۆژەکەیە ، لەکاتێکدا سێ کۆمپانیا هاوبەشی دەکەن، بۆ هەریەکێكیان پشکی %10ـیە، لەوانە: تۆتاڵ فەرەنسا، کۆمپانیای نەوتی چینی (KNOC)، هەروەها هاوپەیمانێتییەک بە ڕێژەی %10، بۆ کۆمپانیای میتسوی ژاپۆنییە. 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین