کۆبوونەوەیەک بۆ رووبەرووبونەوەی وشکەساڵی بەڕێوەچوو کوردستان- عێراق

نوچەنێت

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: وەکو ئەندامی لێژنەی باڵا بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشدارییان لە کۆبوونەوەی لێژنەی نیشتیمانی باڵای ئاو لە عێراق کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە(11/ئایار/2022 ) بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆبوونەوەیەک بەرێوەچووە، کە تایبەت بووە بە رووبەرووبوونەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و خستنەرووی پلانی چاندنی کشتوکاڵی لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان.

بە پێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، تاوتوێی بابەتی وشکەساڵی و رێکاری چارەسەری بۆ وشکەساڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان خرایەروو . هەروەها پوختەیەکیان لە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و زیانەکانی کەرتی کشتوکاڵ و جوتیاران بۆ ئامادەبووان خستەروو، باسی پێویستییەکانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ رووبەرووبوونەوەی دەرئەنجامەکانی وشکەساڵی.

هەر لەم کۆبوونەوەیەدا پێشنیارکراوە، ئەو بودجەیەی لە پڕۆژە یاسای کۆمەکی خێرایی پەرەپێدانی ئاسایشی خۆراک تەرخان دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بۆ بابەتی وشکەساڵی و پەرەپێدانی کشتوکاڵی و پاڵپشتی جوتیاران و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.

لە چوارچێوەی گرنگیدانی زیاتر بە ستراتیژی بەرێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، لە کۆبوونەوەکە بریاری دروستکردنی (120) بەنداوی بچوک و پۆند لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان درا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین