وەزارەتی کشتوکاڵ: لە گەڵ قەیرانی دارایی چالاکییەکانمان کەمبوونەوە شیکاری ئابوری

چنار خۆشناو: نوچەنێت

لەگەڵ داخستنی سنورەکانی وڵاتانی دەوروبەر بە رووی هەرێمی کوردستان، سەرنج کەوتە سەر بەرهەمی ناوخۆ، لەگەڵ هاتنی وشکەساڵی زیاتر گیروگرفتەکانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان بە دەردەکەن، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: تا کاتی هاتنی قەیرانی دارایی بەردەوام خەریکی خول و راهێنان بووین.

حوسێن حەکیم گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ سەبارەت بە کێشە زانستییەکانی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان گوتی: تا ساڵی 2014 و پێش شەڕی تیرۆرستانی داعش و قەیرانی دارایی دابەزینی نرخی نەوت. وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەردەوام بووینلە کردنەوەی خولی ڕاهێنان و ئەنجامدانی توێژینەوە لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی توێژینەوەو ڕێنماییەکان و لە پارێزگاکان خولی ڕاهێنانمان کردووە، بۆ ئەوەی کە  جوتیاران بە شێوەیەکی زانستیانە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان  بەرهەم بهێنن . 

سەبارەت بە کزبوونی چالاکییەکانیان حوسێن حەکیم بۆ ئەوەی گەڕاندەوە کە" لە دوای ساڵی2014 قەیرانی دارایی هەبوو، شەڕی داعش و کۆمەڵێک گیروگرفت کە هەموو چالاکییەکانی لە بواری جۆراوجۆردا کزکرد، بەڵام بە هاو کاری زۆر لەگەڵ ڕێکخراوەکانی " un" رێکخراوەکانی “NGO”  هەوڵمان داوە بۆ ئەوەی کە ڕاهێنان بەجوتیاران بکرێت و بەشێوەیەکی زانستیانە بەرهەمەکانیان بڕوێنن. 

سەبارەت بە دەرچوی بەشی کشتوکاڵی لە زانکۆکان، بۆ خستنەگەڕیان لەبواری کشتوکاڵ بەشیوەیەکی زانستیانە گوتەبێژەکەی وەزارەت رونیکردەوە" ئەوان وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەکو لایەنی ئەکادیمی  بەرپرسن لە فێرکردن و ڕاهێنانی خوێندکاران و قوتابیان لەسەر زانستی کشتوکاڵ، زۆر جاریش بە تەنسیق کە لەگەڵ ئێمە ڕاهێنانیان کردوە بە قوتابیان وخویندکاران  لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوە ئاوییەکان ئێمەش  هەماهەنگ و هاوکاربوین بۆ ئەم مەبەستە بێگومان ئەو قوتابی و خوێنکارانەی دوای دامەزراندنیان جارێکیتر دێنەوە ناو گۆڕەپانەکە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو- و لە نەمامگەکان ، لە پڕۆژەکانی باغداری لە سەرجەم ئەو بەشانەی کە هەیە".

لەگەڵ ئەزمونی قەیرانەکان، خواست بۆ پشت بەستن بە-بەرهەمی خۆماڵی بەرزترە، بەڵام زۆربەی جوتیاران گلەیی ئەوەیان هەیە کە لایەنی بەرپرس و حکومەت گرنگی بە-بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ناوخۆ نادەن. 

یاسین قادر، سەرۆکی یەکێتی جوتیاران سەبارەت بەپشتگوێ خستی بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی گوتی" خوازیارین  زۆرترین ڕێژەی گەنم وەربگرین  پێمان باشەو جوتیارانیشمان هانداوە کە هەرچی گەنم هەیە ڕادەستی سایلۆکانی بکەن  جا چ ئەو سایلۆیەی لە ڕێگای حکومەتە چ ئەو سایلۆ ئەهلییەی کە  ماوەی  دوو ساڵە کراوەتەوە ، چونکە گەنم بەرهەمێکی سەرەکییە بۆ ژیان ئاسایشی خۆراک دابین دەکا بۆیە ئەرکە لەسەر هەموان، جوتیاران هان بدەین  بەروبومەکەیان ڕادەستی سایلۆکان بکەن لەبەر ئەوەی نرخەکەشی تا ڕادەیەک گونجاوە بە بەراورد لە گەڵ سالآنی ڕابردوو،  بەڵام هێشتا هەر کەمە  چونکە  بەرزبونەوەی نرخی گەنم لە جیهاندا کاریگەریشی لەسەر هەرێم دروست کردووە". 

سەبارەت بە کێشەو گرفتەکان، یاسین قادر گوتی" ئەم ساڵ تازە سەرەتایە. ساڵانی ڕابردوو بەڕاستی جوتیاران کێشەیان زۆربوو هەروەها لە سایلۆکان کێشەیان زۆر بۆ جوتیاران دروستدەکرد، لەبەر ئەوەی کە لە تاقیگە پشکنین بۆ گەنمەکە دەکەن، ڕێژەی  پیسیان لێ دەردەکرد، بۆیە لێبڕینێکی زۆریان لەسەر جوتیاران دەسەپاند".

لە بارەی کاریگەری وشکەساڵی لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی، سەرۆکی یەکێتی جوتیاران رونیکردەوە" ئەم ساڵ وشکە ساڵی بووە. ئەو شوێنانەی بەرو بومی دانەوێڵە بەتایبەتی گەنمی لێ دەکرا وەکو: دەشتی هەولێر، دەشتی کەندێناوە، دەشتی قەراج ، هیچی بەروبومی نییە، تەنها ئەو جوتیارانەی کەوا مەڕەشەیان هەیە بەروبومیان هەیە، ئەوانیتر جوتیار تێیدا زەرەر مەند بووەو هیچ بەرهەمێکی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا- داواکارم لە جوتیاران گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆکان بکەن دوو سایلۆی گەورەمان هەیە لە هەولێرو سلێمانی سەر بە کەرتی تایبەتە، لە ماوەی چەند ڕۆژێک پارەکەشیان وەردەگرن،  ئەگەر بەوەش ڕازی نەبوون  دەتوانن ڕادەستی سایلۆکانی عێڕاقی بکەن چونکە ئاشەکانی ئێمە گەنم لە حکومەتی عێڕاق وەر دەگرن بۆیە ئەگەر گەنمەکانیان ڕادەست نەکەن، لەوانیە حکومەتی عێڕاقیش ئامادە نەبێت گەنم بە ئاشەکانی ئەمەش دەبێتە گیرو گرفتیکی زۆرە بەرزبوونەوەی نرخی ئارد لە بازاڕەکان".

لەبارەی بە زانستیکردنی کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان، توێژەری کشتوکاڵی هەولێر، عەبدولسەمەد محەمەد دەڵێت" ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی زانستی هەولێر، هەموو توێژینەوەکانمان بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی  بەڕێوەدەچێت بەپێی ئەو ئامێرانەی کە لەبەردەستماندان".

ئەم توێژەرە کشتوکاڵییە جەخت لەوەدەکاتەوە" ئەو ئامێرانەی کە لە ژێر دەستمان دان ڕادەیەک کۆنن، بەڵام بۆ بە شێکیتری لە پڕۆژەکانمان نوێترین تەکنیکمان بەکارهێناوە واتە وەکو: پڕۆژەی هایدرۆپۆنیک واتە چاندنی بێ خاک ئەوە یەکێکە لەو پڕۆژانە  وە هەروەها پڕۆژەی دیکەمان هەیە وەکو: بە خێوکردنی پەلەوەرئەویش بە شیوازێکی زانستی و ئەکادیمی  کارەکانمان بەڕێوە دەبەین  هەروەها دەتوانین بڵێین  فول کۆنترۆڵە بە شیوازێکی نوێگەری کارەکانمان ئەنجام ئەدەین". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین