راگەیاندنەكانی جیهان چۆن باسى سه‌ردانه‌كه‌ى پاپا بۆ هه‌ولێر ده‌كەن؟ راپۆرت و شیکاری

نوچه‌نێت

پاپا فرانسس دواى نیوەڕۆى رۆژى پێنجى ئازارى 2021 گەیشته‌ عێراق لەلایەن بەرپرسانى باڵاى عێراقى پێشوازى گەرمى لێكرا، بەیانى رۆژى حەوتی ئازار گەیشتە شارى هەولێر لە لایەن بەرپرسانى باڵاى هەرێمى كوردستان پێشوازى لێكرا، ئەو سەردانەى پاپا بەلاى چاودێرانەوە بەسەردانێكى مێژوویى دادەدنرێت. ماڵپەڕە عەرەبیەكان بە گرنگییەوە رووماڵى سەردانى پاپا فرانسیسیان كردووە بۆ عێراق و هەرێمى كوردستان.

ماڵپەڕى"ئاڕتی" لە هەواڵێك دا بڵاوى كردۆتەوە، كە پاپا لە شارى هەولێر لە لایەن نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان پێشوازى لێكرا، دواتر لە بە ئامادەبوونى (10) هەزار كەس نوێژیان خوێندووه‌.
ماڵپەڕى"ئەنادۆڵ" وردەكاريى زۆرى سەردانەكەى بڵاوكردۆتەوە، كە تێیدا باسى گەورەترین قوداسى پاپاى كردووە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى كوردستان، كە (10) هەزار كەس ئامادەبوون.
هەروەها  نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان قوباد تاڵەبانى، جینین هینین بلاسخارت، نوێنەران و دبلۆماتكارانى عەرەب و وڵاتانى تر ئامادە بوون. 
لە بەشێكى ترى راپۆرتەكەى تیشكى خستۆتە سەر سەردانى پاپا بۆ شارى مووسڵ، لە باكوورى عێراق، دواتر باس لەو گوتانەى پاپا دەكات، كە داواى دووركەونەوە لە تووند وتیژى و رق كردووه‌.. 
هەر ماڵپەڕى "ئەنادۆڵ" لە هەواڵێكى ترى دا دەربارەى ئەو سەردانە، باس لە ناوەڕۆكى پەیامى كونسوڵخانەى ئەمریكا له‌ هه‌ولێر ده‌كرێت كە سەردانى پاپاى بۆ عێراق و كوردستان بە گرنگ وەسف كردووە، دەبێتە هۆى بە هێزبوونى په‌یوه‌ندى ئایینەكان.
لە لایەكى ترەوە ماڵپەڕى" تورك پرێس" بۆچوونى لوتفوڵا غوكتاشى باڵیۆزى توركیاى لە ڤاتیكان بڵاوكردۆتەوە، لەو نووسینە، باڵیۆزى توركیا تیشكى خستۆتە سەر گرنگى سەردانەكەى پاپا، كە دەبێتە هۆى بەهێزبوونى پێوەندییەكانى ئیسلامى كاسۆلیكى، بەتایبەت ئاماژەى بەو دیدارەى نێوان پاپا و عەلى سیستانى مەرجەعى شیعە داوه‌، بە دیدارێكى مێژوویى ناوبردووە، پێى وایە بۆى هەیە ببێتە هۆكارى بەهێزبوونى په‌یوه‌ندى نێوان شیعە و مەسحیەتى كاسۆلیكى. 
لە بەشێكى ترى قسەكانى باڵیۆزى توركیا هاتووە كە ئەو سەردانە بریتیە لە هاوخەمى كەنیسەى كاسۆلیكى لەگەڵ مەسیحیەكانى عێراق لە پێش هەموویانەوە كلدان و سەریان.
هەروەها باڵیۆزى توركیا لە ڤاتیكان پێيوایە هەوڵێك هەیە بۆ ناچاركردنى حكومەتى عێراقى بۆ قەرەبووكردنەوەى ئەو مەسیحیانەى ماڵى خۆیان جێهێشتووە، ڤاتیكان ئەو هەوڵە بە گرنگ دەزانێت و لەو سەردانەى شانبەشانى مەسیحیەكان دەوەستێت.
لە لایەكى تریشەوە  ماڵپەڕى" یەنى شەفەق" بڵاوى كردۆتەوە، ئەو سەردانەى پاپا بۆ عێراق سەردانێكى مێژووییە، ئەوە لە كاتێكدایە هاتووچۆ لە عێراق قەدەغەكراوە. لە بەشێكى هەواڵەكەى هاتووە نووسینگەى سیستانى چەند مانگێكە تاوتوێى كۆبوونەوەى پاپا دەكات لە ماڵى سیستانى. 
هەروەها باس لەوەش دەكات كە پاپا موسڵمانەكانى هانداوە بۆ لەخۆگرتنى مەسیحیەكان، بەو پێیەى سیستانى خاوەن كەسایەتیەكى دیارە لە وڵاتێكى زۆرینە شیعە.
ماڵپەڕى رۆژنامەى"شه‌رق ئه‌وسه‌ت" لە چەندین هەواڵ و راپۆرتى لەسەر ئەو سەردانەى پاپا كردووە، بەڵام زیاتر باسى سەردانەكە و ناوەڕۆكى قسەكانى پاپایە، ئاماژەى بە كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى هەرێمى كوردستان نەكردووە. 
لە هەواڵێكى ترى ئەو ماڵپەڕەدا هاتووە، پاپا چاوى بە عەبدوڵا كوردى باوكى ئايلان كوردى كەوتووە، كە بەهۆى كۆچكردنیان لە دەریا خنكا، باوكى ئايلان سوپاسى پاپاى كرد هاوسۆزە لەگەڵ ناخۆشى سەرجەم ئەوانەى كۆچ دەكەن و وڵاتى خۆیان جێ دەهێڵن، بە مەبەستى گەڕان بەدواى پەناگەیەك.
ماڵپەڕى"سكاى نیوز عەرەبى" چەند هەواڵ و راپۆرتێكى لەسەر سەردانەكەى پاپا فرانسس بۆ كوردستان كردووە، لە راپۆرتێكدا بە ناونیشانى" كوردستان چاوەڕوانى خستنەڕووى ئەزموونەكەیەتى بۆ پاپا" لەو راپۆرتەدا چەند كەسێكى دواندووە، یەكێك لەوانە نەعیمە كلدانیە، كە بۆ ئەو ماڵپەڕە قسەى كردووە دەڵێت" من دە ساڵە لە كوردستان لەگەڵ ئەوەى جیاوازیمان هەیە، بەڵام تا ئێستا رووبەڕووى هیچ هەڵوێستێكى جیاكارى نەبوومه‌ته‌وە". 
هەر لەو راپۆرتە هاتووە حكومەتى هەرێمى كوردستان لە (2014) میواندارى مەسحییەكانى كردووە كە لە مووسڵ و پارێزگاى نەینەوا بەهۆى هێرشەكانى داعش ئاوارە بوون.
لە هەواڵێكى ترى ماڵپەڕى (سكاى نیوز عەرەبى) هاتووە" وێستگەى كۆتایى سەردانى پاپا.. رۆژێكى درێژ بوو لە كوردستانى عێراق) لە سەرەتا باس پێشوازى نێچیرڤان بارزانى وەك سەرۆكى هەرێمى كوردستان  و ژمارەیەكى بەرچاو لە نوێنەرى هێزە سیاسى و ئایینى و كۆمەڵایەتی پێكهاتە جۆراوجۆرەكان دەكات، لە بەشێكى ترى لێدوانێكى لەزین ئەنوەر رێكخەرى راگەیاندنى سەردانى پاپا بۆ هەرێمى كوردستان دەكات، كە سەردانى پاپا بۆ هەرێمى كوردستان گرنگى خۆى هەیە، بەتایبەت ئەو قوداسەى لە یاریگاى"شەهید فەرەنسۆ هەریرى" ئەنجامى دەدات، بە ئامادەبوونى (10) هەزار كەس.
لە راپۆرتێكى ترى ئەو ماڵپەڕە هاتووە" كوردستانى عێراق و پاپا فرانسیس.. سەردانێك شەش پوولى پۆستەى بە نەمرى دەهێڵێتەوە" 
لە بەشێكى ئەو هەواڵە هاتووە، لە كۆبوونەوەى نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ پاپا فرانسیس بە نێیچیرڤان بارزانى گوتووە" زۆر سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەت بۆمان"
هەروەها پاپا گوتوویەتى" ماوەیەكى زۆرە دەمەوێت سەردانى هەرێمى كوردستان بكەن، خۆشحاڵم ئەمرۆ وەڵامى داواكارییەكەتانم دایەوە، من زۆر سوپاس بۆ ئەو هەموو رێزەتان بۆ ئاوارە مەسیحیەكان لەگەڵ ئەوەى ئێوە لە جەنگ دابوون،  بەڵام پێشوازییتان لە مەسیحیەكانى مووسڵ و دەشتى نەینەوا و قەرەقوش و ئاوارەكانى تر كرد، ئێوە باوەشتان بۆ مەسیحیەكان كردەوە. 
لە بەشێكى ترى ئەو راپۆرتە هاتووە كە لە سەرۆكایەتى هەرێم وه‌رگیراوه‌، كە پاپا گوتوویەتى" هاتووم بۆ ئەوەى دوعا و نوێژ پێكەوە لە پێناو مەسیحیەكان و هەموو مرۆڤایەتى بكەین، دوژمنێك هات ئەو شارە تێك بدات، بەڵام ئەوە بەرەسەنایەتى خۆتان  پێشوازیتان لە مەسیحيەكان و پێكهاتەكانى تر كرد ، جەنگ ماڵوێرانى و وێرانكارییە، بەڵام ئێوە ئەو دوژمنەتان شكست پێهێنا و دووبارە ئەو وڵاتەتان ئاوەدان كردەوە.

لێكەوتە سیاییەكانى سەردانى پاپا فرانسس

ماڵپەڕى"جەزیرە" لە راپۆتێك دا بەناوى" مشتومڕ و قۆستنەوەى سیاسى لە عێراق.. دەربارەى سەردانە مێژووییەكەى پاپا" سەردانى پاپا بۆ لاى عەلى سیستانى و هەرێمى كوردستان بووە جێى مشتومڕى كەسایەتییە ئایینیەكان لە پێكهاتەى سووننە و پەرلەمانتاران، بەهۆى ئەوەى لەو سەردانەدا هیچ كەسایەتیەكى سیاسى بەشدار پێنەكرا، یاخود سەردانى مەجمه‌عى فیقهى عێراقى لە مزگەوتى ئەبوو حەنیفە نەكرد، كە دیارترین مەرجەعى سووننەیە لەو وڵاتە. 
محەمەد حەلبووسى كە لە بەرنامەى سەردانەكەى پاپا نەبوو، بەڵام بە تەنیا خۆى گەیاندە كۆشكى سەلام لە بەغداى پایتەخت، بەڵام بەگوێرەى چەند سەرچاوەیەك كە قسەیان بۆ "جەزیرە نێت" كردووە د.بەرهەم ساڵح سەرۆككۆمارى عێراق بە پەلە ئەو سەردانەى بۆ رێكخستبوو.

لەسەر ئاستى سیاسى ئەسیل نوجێفى سەردانەكەى پاپا بووە هۆى هەندێك خزمەتگوزارى بەپەلە، ئەوەش دووفاقیەكى گەورەیە سیاسیەكان گیرۆدەى بوون لە بەرێوبەردنى دەوڵەت، كە چارەسەرى قەیرانەكانى وڵات لەخۆى ناگرێت، كە گیرۆدەى چەند دۆسيەى گەندەڵى و قەیرانى سیاسى و ئابوورى گەورە بووتەوە. 

ئەو سەردانەى پاپا لە دۆخێك دایە فراكسیۆنه‌ سیاسیەكان سوورن لەسەر پشتگوێ خستنى قەیرانەكانى ئەو وڵاتە و برەودان بە دیدارییان لەگەڵ پاپا، وەك ئەوەى رووداوێكى سیاسى، یاخود سەركەوتنێكى ئابوورى و ئەمنى بێت، لە كۆتایشدا نوجێفى هیوادارە پاپا تێبینى ئەوە بكات، بۆچى سیستانى رێگەى نەدا هیچ سیاسیەك بە هاوڕێیەتى پاپا سەردانى ماڵەكەى بكات.

غەیس تەمیمى كه‌ سه‌ركرده‌ی حزبێكى سیاسییه‌ بە گرنگییەوە لەو سەردانەى پاپا دەڕوانێت  بۆلاى عەلى سیستانى، جارێكى تر ئەوەى هێنایەوە بەرباس كە دەكرێت ئەو سەردانە نەجەف لەو گۆشەگیریە رزگاربكات، دەرگا بكاتەوە بۆ زیاتر كرانەوەى رۆشنبیرى و رۆحى، نەجەف رۆڵى خۆى ببینێت بەتایبەت لەگەڵ دەركەوتنى رادیكاڵیەتى شیعە بە فۆڕمى شۆڕشى ئێرانى، چونكە بەهۆى دروستكردنى گروپە چەكدارەكان بووینە هەڕەشە لەسەر بیروباوەڕى گشتى و ناسنامەى شیعەى تەقلیدى.
لاى خۆشیەوە حاكم زاملى سەركردە لە رەوتى سەدڕ ئەو سەردانەى پاپاى بۆ عێراق بەگرنگ وەسف كردووە، پێىوایە دەچێتە بەرژەوەندى عێراق، رەنگدانەوەى ئەرێنى دەبێت لەسەر دۆخى عێراق لە ئاستى ناوخۆ و پرسى گەشت و گوزار و ئەو شارستانیەتەى كە هەیەتى.
دەربارەى مشتومڕى بەرنامەى سەردانەكانى پاپاش زاملى گوتى "بەگوێرەى بەرنامەى پێشوەخت پاپا دیدارى چەند كەسایەتیەكى دیاریكراوى هەبوو، ئەگەرچى هەموو كەسایەتیە دیارەكانى نەگرتەوە، بەڵام هەموو ئەوەى كە كراوە پێشوازى لێدەكەین ئەگەرچى كامڵیش نەبوو"
هەروەها ماڵپەڕى"عەرەبى جەدید" لە راپۆرتێك دا بەناوى"سەردانى پاپا فرانسس بۆ عێراق ئاسوودەیى رەسمى و چاوەڕوانى ئەنجام" لەو راپۆرتە باس لە نەبوونى ناوەڕۆكى كۆبوونەوەى پاپا دەكات لەگەڵ هەریەك لە بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمى، كە لە بەیاننامەكانیاندا تەنیا تیشكیان خستۆتە سەر پێشوازى پاپا ناوەڕۆكى كۆبوونەوەكانیان باس نەكردووە.
دەربارەى كۆبوونەوەى پاپا لەگەڵ حكومەتى عێراقى بەرپرسێكى عێراقى باسى لەوە كرد، كە سەرۆكوەزیران پلانێكى گشتگیرى خستە بەردەمى پاپا بۆ گێڕانەوە موڵك و ماڵى مەسیحیە عێراقیەكان لە بەغدا و نەینەوا و شارەكانى تر، بەتایبەت ئەوانەى دواى (2003) دەست بەسەر موڵك و ماڵیان داگیراوە، بەهەمان شێوە باسى لە بەهێزكردنى سەقامگیركردنى كردووە لە ناوچەكانى دەشتى نەینەوا و موسڵ، بە جۆرێك ئاوارەكان دڵنیا دەكاتەوە لە گەڕانەوەیان بۆ شوێنى خۆیان و لەگەڵ قەرەبووكردنەوەیان بەهۆى وێرانبوونى شوێنى نیشتەجێبوونیان.
لاى خۆشیەوە پاپا ئەو هەنگاوانەى بەگرنگ وەسفكردووە، ئامادەیى ڤاتیكانى بۆ ئەو هەنگاوانەدەربڕیوە

پاپا چى پێیە بۆ مەسیحیەكانى عێراق؟

ماڵپەڕى دوچیه‌ڤیله‌ى ئه‌ڵمانى لە راپۆڕتێكى بەناوى (ئایە سەردانى پاپا بۆ عێراق گۆڕانكارى لە واقیعى تاڵى مەسیحیەكان دەكات؟ 
لەو راپۆرتەدا هاتووە" ئەو سەردانە  بۆ مەسیحیەكان گرنگە ، چونكە گەورە پیاوانى مەسیحى لە عێراق بەردەوام ئەوە دووبارە دەكەنەوە، كە مەسیحیەكان لەبەردەم هەڕەشەى" لە ناوچوونن" لە ناو زۆرینەیەكى موسڵمان، مەترسى ئەوەیان هەیە مەسیحیەكانیش رووبەڕووى هەمان چارەنووسى جووەكان ببنەوە، كە بە چڕى عێراقیان جێهێشت، ئێستا ژمارەیان لە پەنجەى دەست تێپەڕناكات. 
مه‌تى وەردە هاووڵاتیەكى مەسیحیە پێىوایە ئەو سەردانە كاریگەرى ئەرێنى دەبێت،  چەند پرسیارێك دەخاتە روو، راستە ژمارەیەك لە مسوڵمانان دیدى نەرێنى هەیە، بەڵام دەتوانم بڵێم زۆربەى مسوڵمانان دیدیان ئەرێنیە، ئەوەش دەبێتە هۆى رووچوونى زیاتر بۆ مێژووى ئەو وڵاتە، كە ئەو پرسیارانە بكەن" ئەو مەسیحیانە كێن؟ ئایە ئەوان ئیماندار نین، وەك ئێمە بەردەوام گوێمان لێ دەبێت؟ بەشدارییان چیە؟ ئەوەش ئەو سودانەیە بۆ ماوەیەكى درێژ.
بۆ دیدارى پاپا لەگەڵ عەلى سیستانى دەبێت، سەعد سەلوم دامەزرێنەرى"ئەنجومەنى عێراقى بۆ گفتوگۆى ئایینەكان" پێگەى سیستانى بە پێگەى پاپاى ڤاتیكان دەچوێنێت، كە نەجەف تایبەت بە سیستانى
ماڵپەڕى (ئەخبار ئان) لە ژێر ناوى( كۆبوونەوەى مەسحیەكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیانێكى گەورەیە دیارى ناكرێت) تێیدا هاتووە پاپا فرانسس جەختى لەوە كردووە" كە كەمبوونەوەى كارستبارى ژمارەى قوتابیانى مەسیح لێرە و لە هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیانێكى گەورەیە دیارى ناكرێت
ماڵپەڕى (BBC) عەرەبى لەژێر ناوى" ئەو پەیامانە چین پاپا فرانسیس لە سەردانەكەى بۆ عێراقى هەڵى دەگرێت" كە لە رۆژنامە عەرەبیەكانى وەرگرتووە، بۆچوونى نووسەرانى عەرەبى گواستۆتەوە:
رۆژنامەى ئیحادى ئیماڕاتى لە سەروتارى خۆى بەناونیشانى "ئاشتەوایى" دەڵێت: سەردانى پاپا فرانسس پاپاى كەنیسەى كاسۆلیكى سەردانى ئاشتى و برایەتییە، پەیامێكى بۆ عێراقیەكان بە هەموو تائیفەكانەوە، لە بەشێكى ترى نووسینەكەى دا هاتووە، ئەو سەردانە مێژووییە، پەیڕەوكردنى حەقیقەتێكى كردەیىیە بۆ پەیمانى برایەتى مرۆڤایەتى، كە لەگەڵ مانگى شوباتى 2019 لەگەڵ شێخ ئەحمەد تەیبى شێخى ئەزهەر لە ئەبو زەبى ئیمازى كرد، كە بەندە سەرەكیەكانى رێزگرتن بوو لە ناسنامەى هەموو ئایینەكان، چونكە ئێمە برایین. گەلى عێراقى ئازارى زۆرى چەشتووە، پێویستى بە گێرانەوەى ئاشتى و ئارامییە.
ره‌زوان سەید لە رۆژنامەى"شەرق ئەوسەت" نووسیویەتى ئەو سەردانەى پاپا هەڵگرى پەیامى هاوسۆزییە، چەندین واتا و لایەنى هەیە، پاپا جەخت لەسەر بەڵێنى یوحەناى پۆلس دەكاتەوە، كە بەردەوام ئامادەیى هەیە، دەیەوێت پابەند بێت بە بەڵێنەكەى، لەگەڵ بوونى مەترسی و بەربەرسەتەكان بەڵام ئەمرۆ زۆر زیاتر پێویستە، كە پێوانه‌ ناكرێت، ئەوەش نەك تەنیا بۆ دۆخى عێراق بەڵكو بۆ ئەو ناخۆشیانەى مەسیحى و ئێزیدیەكان لە عێراق تووشى بوون، لە سەردەمى داعش و پێش داعش. 
رۆژنامەى"عەرەبى لەندەنى" پێى وایە ئەو سەردانەى پاپا كەوانەیەكى ئارامى و لێبوردەیى  دەكاتەوە.
كلادس سەعب لە ماڵپەڕى رادیۆى بەیرووت پێىوایە"سەردانى چاوەڕوانكراوى پاپا بۆ شارى نەجەف" زیندووكردنەوەى مەرجەعیەتە بەرامبەر شیعەى حەشد و دەسەڵاتى قوم" 
كلادس دەڵێت: ئەو سەردانە هاوكاتە لەگەڵ بەریەككەوتنى هەڵوێستە دوو لایەنەكانى نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا، كە ئەوەى دزەى كردووە لێدانى سەربازییە لە ئێران، بەهۆى ئەو كارانەى ئێران لەرێگەى نزیكەكانى لە عێراق ئەنجامى دەدات، بۆ فشارخستنە سەر ئەمریكا بۆ گەڕانەوەى بۆ دۆسەى ئه‌تومى، كە سەرۆكى پێشووى ئەمریكا لێى دەرچووە.
ماڵپەڕى(بى بى سى) لە راپۆتێكى تر بەناونیشانى" پاپافرانسس چ پەیامێكى بۆ عێراق هەڵگرتووە"
بەگوێرەى راپۆتەكە ئەو سەردانەى پاپا ئەو پەیامانەى هەڵگرتووە" پەیامى دڵنیایى" گرنگترین پەیامە بۆ مەسیحیەكان، كە ژمارەیەكى زۆریان عێراقیان جێهێشتووە، بەهۆى زیادبوونى مەترسى لەسەر ژیانیان لە لایەن گروپە تیرۆرستەكان، لە دواى (2003) نزیكەى دوو ملیۆن هاونیشتمانى عێراقى جێهشتووە.
چاودێرانى سیاسى پێیانوایە ئەو سەردانەى پاپا دەبێتە ئارامكردنەوەى دۆخى په‌یوەندى نێوان مسوڵمانان و مەسیحەكان، كە هاوبەشن لە عێراق.
لایەنەك لە مەسیحیەكانى عێراق پێیانوایە ئەو سەردانە شتێكى شكڵیە، هیچ گۆڕانكارییەكان ناكات لەوانەى پێشوو، قسەكانى پاپاش هەندێك وشەى جوانن، بەكاتى لێى دەڕوانن، بەهۆى ئەوەى خاكى عێراق بەتەواوى جیاوازە لە دڵڕەقى.

"ئاشتەواوى ئاڵوگۆڕ"

زۆرێك پێیان وایە ئاڵوگۆڕى ئاشتەوابى روودەدات، لایەك ڤاتیكان هەوڵى ئەوە دەدات سۆزى مسوڵمانان بەدەست بهێنێت، بەهۆى سەردانى پاپا بۆلاى عەلى سیستانى، ئەوەش رەنگدانەوەى ئەرێنى دەبێت لەسەر دۆخى مەسیحیەكان لە عێراق و رۆژهەڵات بەشێوەیەكى گشتى.
لە لایەكى تریشەوە ئەو سەردانە لەو دۆخەدا بۆ عێراق گرنگە، عێراق لە لایەن جیهانەوە پشتگوێخرابوو، چاوێران پێیان وایە دەبێت بەغدا ئەوە بقۆزێتەوە، لە رێگەیەوە پەیامى نەهامەتییەكانى رووبەڕوى عێراق و گەلەكەى بۆتەوە بگەینێتە جیهان,، ئەوەش بەهاوكارى كەسایەتیەكى ئاینى وەك پاپا فرانسس لە پێناو چارەسەكردنى كێشەكانى وڵاتەكەى و كۆتایى هێنان بە نەهامەتیەكان.

 لێكەوتە سياسيەكانى كۆبوونەوەى پاپا فرانسس و ئايەتوڵا عەلى سيستانى:

لە لايەكى تريشەوە ئێران بە تەواوى كاريگەرى بەسەر بڕيارەكانى عێراقەوە هەيە، سەرەڕاى بوونى هەڕەشە دوولايەنەكانى ئەمريكا و ئێران لەسەر خاكى عێراق، كە هەندێك جار بۆتە كردەى سەربازى.

سەردانى پاپا بۆلاى عەلى سيستانى مەڕجەعى شيعەى عێراق هەڵگرى خوێندنەوەى سياسيى جۆراوجۆ بوو،  بە تايبەت لەو بەياننامەى كە نووسينگەى عەلى سيستانى بڵاوى كردەوە لەسەر ناوەڕۆكى كۆبوونەوە، بەتايبەتر باسكردن لە پرسى فەڵەستين لەگەڵ پاپاى ظاتيكان، گرنگى تايبەتى هەبوو.

عومەر جەنابى چاودێرى سياسى بە"خەليج ئۆنلاينى" راگەياند "باسكردنى پرسى فەڵەستين لە كۆبوونەوەى نێوان پاپا فرانسس و عەلى سيستانى" پاڵپشتيكردنى چارەسەرى دوو دەوڵەت، وا دەردەكەوێت كە مەڕجەعيەتى نەجەف پاڵپشتى لەوە دەكات.

زاڵكردنى سيستانى بەسەر خامنەيى

بەگوێرەى بەياننامەى ظاتيكان كە پاپا جەختى لەسەر گرنگى هەماهەنگى و دۆستايەتى نێوان تائيفە ئايينيەكان كردۆتەوە، بۆ ئەوەى بتوانين پەرە بە رێزى دوولايەنە بدەن و گفتوگۆ بكەن، لە پێناو بەشداريكردن باشبوونى عێراق و ناوچەكە و مرۆڤايەتى بەگشتى.

هەروەها ئەو ديدارە هەلێك بووە بۆ پاپا تا سوپاسى ئايەتوڵا عەلى سيستانى بكات، چونكە لەو ساڵانەى دوايى لەگەڵ شيعە دەنگيان بەڕووى تووندوتيژى بەرز كردۆتەوە، رووبەڕووى بەربەستە گەورەكان بوونەوە بەرگريان لە چەوساوە و بێدەسەڵاتەكان كردووە. 

لە لايەكى ترەوە ئەياد دلێمى نووسەر و چاودێرى سياسى  بە"خەليج ئۆنلاينى" راگەياند سەردانى پاپا بۆ عێراق بۆ دووبارە بنياتنانەوەى كاريگەرى پاپايە لە عێراق و ناوچەكە.

سەبارەت بە ديدارى لەگەڵ عەلى سيستانى عومەر جەنابى دەڵێت: ئەوە هەوڵێكە لە لايەن پاپاوە بۆ چەسپاندنى بوونى مەسيحى لە عێراق، كە لە (2003) رووبەڕووى كۆچپێكردن دەبنەوە.

هەروەها ئاماژەى بەوەش كرد كە پاپا دەيەوێت" لە ديدارى لەگەڵ عەلى سيستانى پارێزەر و پاڵپشتێك  دەستەبەر بكات، بەهۆى ئەوەى سيستانى نوێنەرايەتى لوتكەى ئايينى دەكات لە لاى هێزە سياسى و چەكدارەكانى عێراق"

عومەر جەنابى پىَيوايە دەبێ بڕوامان بەوە بێت، كە ئەوە برەودانێكى فراوانە كە لە(2003) سيستانى پياوى يەكەمە لە عێراق، بۆيەش گرنگترين كەسايەتى لايەنە نێودەوڵەتيەكان ديدارى لەگەڵ دەكەن.

هەروەها سيستانى لەلايەن يەكێتى ئەوروپا و ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكاش لايەندارى هەيە، ئەوەش لەبەرامبەر دووركەوتنەوەيەتى لە مەڕجەعيەتى قوم، بەو پێيەى كە مەڕجەعيەتى قوم پەيوەستە بە ويلايەتى فەقيه لە ئێران.

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەياد دلێمى دەڵێت: ململانێ و ناكۆكيەكى نێودەوڵەتى لەنێوان ستراتيژيەتى بڵاوكردنەوەى فةقيه و ويلايەتى فەقيه لەو ناوچەيە هەيە، لەسەر ئەو بنەمايەش عومەر جەنابى لەو بڕوايە دايە" ئەوە سروشتيە كە پاپا نزيك بێتەوە لە ديد و فيكرى مەڕجەعيەتى نەجەف بەو پێيەى لە مەڕجەعيەتى قوم ميانڕەوترە، ياخود لەو مەڕجەعيەتى وەلى فەقيه كە پەيوەستە بە حەوزەى قوم.

ئەوەش لەگەڵ ديدى ئەياد دلێمى يەك دێتەوە كە دەڵێت: ديدارى پاپا و سيستانى" نوێنەرايەتى دانپێدانانى رۆژئاوايى دەكات بە نەجەف، نەك بە قوم، كە پايتەختى شيعەى جيهانە، ئەوەش كارێكە ئێرانى تەنگاو كردووە، لە داهاتووش تەنگاوى دەكات.

دەربارەى كاريگەريەكانيش دەڵێت: ئەو سەردانە كاريگەرى لەسەر دۆخى عێراق نابێت، بەڵام پاڵپشتى گەورەى مەعنەوى سيستانيە بۆ رووبەڕووبوونەوەى مەرجعەعيەتى وەلى فيقه،  بە هەمان شێوە پاڵپشتى شيعەى عێراق لەسەر حيسابى پێكهاتەكانى تر، ئەوەش دووبەرەكى لە عێراق قوڵتركردەوە، پياوانى ئايينى سووننە و كەسايەتيە كۆمەڵاييەتيەكانى سوونەى پەراوێز خست.

ئەياد دلێمى پێشى وايە ئەو سەردانە دەلالەتى داننانە بەوەى" كە نەجەف لە داهاتوو بڕيارى يەكلاكەرەوەى دەبێت لە رێخستنەوەى داهاتووى ئەو ناوچەيە.

 غانم عابد چاودێرى سیاسى دەربارەى دەركەوتنى ململانێ لە نێوان حەوزەى قوم و حەوزەى نەجەف راگەیاند" لەگەڵ هەر نزیك بوونەوە و كرانەوەیەك بەڕووى عێراق لە لایەن ئایینەكانەوە، یاخود وڵاتانى عەرەبى و بیانى، هەندێك دەنگى ئێرانى دەبینین بۆ هەوڵ دەدەن بەربەست دروست بكەن، ئامانجى ئەو دەنگە ئێرانیانەش بۆ ئەوەیە باڵادەستى ئێران بەسەر عێراق بمێنێتەوە، هۆكارى ئەوەش شیعەى عێراق زۆربەیان شوێنكەوتەى عەلى سیستانین نەجەف بە مەرجعەى خۆیان دەزانن، شوێنكەوتەى خامنەیى نابن.

مەهدى نەسیڕى نووسەر و راگەیاندكارى ئێرانى لە تویتەر نووسیویەتى" پێشوازى ئایەتوڵا سیستانى بۆ رێبەرى كاسۆلیكى جیهانى لە نەجەف لە تێگەیشتنى لە پێشینەى جیهانى واتاى پێشخستنى حەوزەى نەجەفە بەسەر حەوزەى قوم و چنینەوەى دبلۆماسیەتى ئایینیە.

ماڵپەڕى"فرانس24" لە راپۆڕتێكى بەناوى" سیستانى لە دیدارە"مێژوویەكەى" بۆ پاپا جەختى لە گرنگيدانى بە ژیانى ئاشتیانەى مەسیحیەكانى عێراق كردەوە"

لە بەشێكى ئەو راپۆرتە هاتووە" محەمەد عەلى بەحرعلوم بەو ئاژانسەى راگەیاندووە، ئەو سەردانەى پاپا سەرچاوەى "شانازى كردنە" راشیگەیاندوە" ئەو سەردانە رەهەندێكى تر بە نەجەف دەدات.

هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە سیستانى بۆ زۆرینەى شیعەى بەرزترین دەسەڵاتە، سیستانى لە دایكبووى ئێرانە مەڕجەعى نەجەفە جەخت لەوە دەكاتەوە رۆڵى مەرجع راوێژكارى سیاسیە، نەك بڕیاردان، لەبەرامبەردا مەرجعەیەتى قوم پێى وایە دەبێت مەڕجەع رێنمایى سیاسى لەسەر شێوەى عەلى خامنەيى، رێبەرى باڵاى كۆمارى ئیسلامى ئێرانى بدات.

ماڵپەڕى"حورە" لە راپۆرتێكدا بە ناونیشانى"دیدارى پاپا فرانسس و سیستانى چەند پەیامێك بۆ ناوخۆ و دەرەوە" باس له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى پاپاى ڤاتیكان ده‌كات.
لە بەشێكى ئەو راپۆرتە هاتووە، سیستانى بەرجەستەى دیارترین یەك لەو دوو رەوتەى جیهان دەكات، كە نوێنەرى مەڕجەعیەتى نەجەفە، دەیەوێت دوور بێت لە سیاسەت، رەوتى ویلایەتى فەقیه بە پێویستى دەزانێ پیاوانى ئایینى رۆڵى سەركردایەتى دەوڵەت ببینن بەشێوەى عەلى خامنەیى رێبەرى باڵاى كۆمارى ئیسلامى ئێران.
لەسەر ئەو بنەمایەش هەندێك لە گرووپە چەكدارەكانى نزیك لە ئێران پێشوازییان لەو سەردانەى پاپا نەكرد، بە دەستوەردانى نامۆ لە كاروبارى عێراقیان دانا.
لە بەشێكى ترى ئەو راپۆرتە لێدوانى سولێمان دۆگلاس باڵیۆزى پێشووى ئەمریكاى لە عێراق وەرگرتووە، كە دەڵێت، "بۆ زۆربەى عێراقیەكان وشیعەى جیهان نەجەف ناوەندەى ئیسلامى شیعییە لە عێراق سیستانى رێبەڕى ئەو باڵەى ئیسلامى شیعى دەكات".
لە بەشێكى ترى قسەكانى  دەڵێت، "ئێران دەیەوێت لە جیهان سەركردایەتى شیعە بكات، بەڵام هەندێك حەقیقەت هەیە كە نەجەف و كەربەلا ماڵى شیعەن، كە لانكەى شیعە دادەندرێن".

دۆگلاس پێشى وایە سەردانى پاپا بۆ نەجەف و بە دیاریكراوى لاى سیستانى بەشدار دەبێت لە بەهێزكردنى پێگەى عێراق و سیستانى، دەبێتە هۆى پاڵپشتى نێودەوڵەتى پەیوەست بە ئاشتى و كرانەوە و دامەزراندنى عێراقێكى بەهێز.

ماڵپەڕى"مەنەسە" راپۆڕتێكى بڵاوكردۆتەوە بە ناونیشانى"دیدارى پاپاى فاتیكان و سیستانى.. ململانێى نێوان قوم و نەجەف"

لە بەشێكى ئەو راپۆرتە نووسیویەتى"بەڕوونى دیارە دیدارى پاپا فرانسیس لەگەڵ سیستانى هێزى مەعنەوى گەورە دەداتە شارى نەجەفى ناوەندى شیعە لەسەر حیسابى شارى قومى ئێرانى كە ناوەندێكى ترى شیعەیە، ناكۆكى فیكرى ئەو دوو ناوەندە ریشەیەكى مێژوویى هەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەكانى رابردوو.

بنەچەى ناكۆكى پیاوانى ئایینى شیعە لە"نەجەفى" عێراقى و پیاوانى ئایینى شیعە لە شارى"قوم"ى ئێرانى دەگەڕێتەوە بۆ بیرۆكەى"ویلایەتى فەقیه" كە مەڕجەعیەتى ئایینى لە نەجەف سیستانى نوێنەرایەتى دەكات، بە تووندى بیرۆكەى" ویلایەتى فەقیه" رەتدەكاتەوە، داواى جیاكردنەوەى ئایین لە دەوڵەت دەكات، داوا دەكات دەوڵەت مەدەنى بێت، لە بەرامبەردا مەڕجەعیەتى ئایینى"قوم" تەبەنى"ویلایەتى فەقیه" دەكات عەلى خامنەیى نوێنەرایەتى رابەرایەتى دەكات، كە ئایین بنەماى كارى سیاسى بێت.

نموونە زۆرە لەسەر ئەو ناكۆكیە بەردەوامە، لە چەند ساڵى رابردوو بە ڕوونى دەركەوت، دیارترین ناڕەزایى ئەوە بوو لە پایزى 2019 خۆپیشاندانى جەماوەرى لە عێراق كرا، عەلى سیستانى پاڵپشتى تەواوى خۆپیشاندەرانى كرد، پارتەكانى نزیك لە ئێران دژى خۆپیشاندانەكان بوون، بەرپرسانى ئێرانى ئەو خۆپیشاندانەیان بە پیلان وەسف دەكرد. سەدان خۆپیشاندەر كوژران و رفێندران و تیرۆركران، پەنجەى تۆمەت بۆ ئەو گرووپانەى نزیك لە ئێران درێژكرا.

ناكۆكییه‌كى ترى نێوان قوم و نەجەف هەڵوێستوەرگرتن بوو بەرامبەر هێزەكانى"حەشدى شەعبى" سیستانى داواى دەكرد ئەو هێزانە بخرێنە چوارچێوەى هێزەكانى دەزگا ئەمنییە  فه‌رمییه‌كانى سوپا و پۆلیس، لەبەرامبەردا ئێران هەوڵى دەدا ئەو هێزانە بەسەربەخۆیى بمێننەوە، ئەوە بووە هۆى ئەوەى ئەو هێزانەى نزیك لە عەلى سیستانى بوون لە حەشدى شەعبى جیا ببنەوە. رایگەێنن كە تەنیا فەرمان لە سەرۆكوەزیران و هێزەكانى سوپا وەربگرن.

عەقیل وائیلى قوتابى ئایینى لە نەجەف دەڵێت، " ململانێى نێوان مەرجعەیەتى نەجەف بە سەرۆكایەتى سیستانى ومەڕجەعیەتى قوم بەسەرۆكایەتى خامنەیى ململانێیەكى مەعنەوى و فیكرییە دەربارەى بەڕێوبردنى دەوڵەت، كە سیستانى نوێنەرى شەرعى شیعەیە وەك دەوڵەتى ڤاتیكانى مەسیحى.

وائیلى دەڵێت: سەردانى پاپا و دیدارى لەگەڵ عەلى سیستانى رووداوێكى مێژوویى دەبێت بۆ نەجەف و فەلسەفەى میانڕوەیى ئایینى، كە داواى ئاشتى و دووركەوتنەوە لە تووندوتیژى دەكات، هەروەها زۆر خاڵى هاوشێوە لە نێوان ڤاتیكان و نەجەف هەیە، هەردوولا داواى میانڕەویى و دووركەوتنەوە لە تێوەگلان لە سیاسەت و پارێزگارى لە تایبەتمەندى ئایینى دەكەن.

هێزە شیعەكانى نزیك لە عێراق هیچ گەرموگوڕییەكى گەورەیان نەبوو بۆ ئەو سەردانەى پاپا فرانسیس بۆ وڵاتەكەیان، هاوشێوەى گەرموگوڕى هێزە سیاسى و ئایینیەكانى شیعە و سوننە، كە بەیاننامەى رەسمى و دەیان لێدوانیان بۆ دەزگاكانى راگەیاند هەبوو.

تەنانەت موقتەدا سەدڕى پیاوى دیارى ئایینى شیعى سەر بە نەجەف، لە بەیاننامەیەكى رەسمى دا رایگەیاند، ئەگەرى زیادبوونى هێرشى مووشەكى هەیە بۆ سەر ناوچەى سەوز و باڵیۆزخانەى ئەمریكا، هەروەها هێرشەكانى چه‌ند هەفتەى رابردووى سەر هەولێر و ئاڵۆزیەكانى شەنگالى بە هەوڵەكانى شكستپێنانى سەردانى پاپا بۆ عێراق وەسفكردبوو .

لەسەر ئاستى توركیا" ئیبراهیم قەراغول" لە وتارێكى بە ناونیشانى"دیدارى پاپاى ڤاتیكان لەگەڵ سیستانى: ئەو بڕگەیە چیمان پێ دەڵێت؟ ئایا لە رۆژهەڵات بەرەیەك لەگەڵ ئێران دروست دەكەن بۆ گەمارۆى توركیا؟"
دەڵێت:سەردانى پاپا فرانسس پاپاى ڤاتیكان و سەرۆكى كەنیسەى كاسۆلیكى بۆ عێراق و دیدارى لەگەڵ عەلى سیستانى و راگەیاندنى حەوتى ئازار بە "رۆژى نیشتمانى" لە عێراق بەو بۆنەیەوە چیمان پێ دەڵێت؟
ئەو پەیامە سیاسیە چیە لە میانەى "وێنەیەك" دیدارى پاپا ــ سیستانى ناردیان؟ ئایا دەستپێشخەرى گفتوگۆى نێوان ئایینەكانە؟ یاخود هەنگاوێكە بەرەو جەنگى ئەهلى ئیسلامى مەترسیدار تر لە هەر شتێك؟

پاپا گەورە و سیستانى شوێنكەوتە

لایەنى پاپا وەك گەورەى بەهێز و باڵادەست لە وێنەیەكى سەركەش دەركەوێت، وەك ئەوەى هاتووە چاودێرى دۆخى دەوڵەتێكى داگیركراو دەكات، لە لایەكى تریشەوە سیستانى وەك شوێنكەوتە دەردەكەوێت دانیشتووە بە بێ دەنگى و شەرمەزارى لە ترسى هەر رەخنەیەك و سەرزنشتكراوێكى لەسەرچۆك دانیشتووى ملكەچ ئاراستەى بكرێت، وەك ئەوەیە چاوەڕوانى فەرمانەكانە لەلایەن گەورەكەیەوە.

كاتێك ئەو وێنەیە لەگەڵ ئەو رووداوانەى بەسەر عێراق و ناوچەكە هاتووە لە سێ دەیەى رابردوو، هەست بەبوونى تۆڕێكى پێوەندى مەترسیدار و رووكارى نوێ دەكەین، دەیانەوێت جێپەنجەیان لەو ناوچەیە هەبێت بۆ خزمەتى نەخشەى هێزە جیهانیەكان.

ناكۆكى سوننى ـــ شیعى:

سەردانێكى ئاسایى نەبوو:

متمانەى تەواوم هەیە ئەو سەردانە و ئەو وێنەیە نەگەیشتۆتە گەلانى توركیا و  ژمارەیەك وڵاتانى ناوچەكە، وەك ئەوەى سەردانێكى ئاسایی بێت، من پێموایە ئەو سەردانە هەنگاوێكە لەچوارچێوەى هەنگاوە نوێكان، لە رابردووێكى تاریك هاتووە بەرەو داهاتووێكى ئاڵۆز لە چوارچێوەى دەستپێشخەرییە تازەكان لە هاوسەنگى هێزەكانى ئەمرۆى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پیلانى تازە لە چوارچێوەى پیلانەكانى ناكۆكى سووننى ــ شیعى.

ئەزموونێك و حەقیقەتێكى مێژوویى هەیە هەموومان دەیزانین، كە بریتیە لەوەى ناكرێت وڵاتان و گەلانى رۆژهەڵات شوێنكەوتەى رۆژئاوا بن هەنگاوبنێن بەبێ ئەوەى ملكەچیان بن و داگیریان بكەن.

زۆربەى وڵاتان و گەلان ئەو ئەزموونەیان بینیوە و بە گۆڕانكارى گەورە تێپەڕیون، هیچ دەست نەكەوتووە جگە لەوەى بووینە دەوڵەتێكى داگیركراو بۆ رۆژئاوا، بووینە دیل بەدەستیان وێران بووینە، بۆ دەربازبوون لەو كۆلایەتیە باجى زۆریان داوە.

بنەما رۆحیەكانى هاوپەیمانى رۆژئاوایى ـــ ئێرانى چییە؟
ئەوەى حوكمەتى عێراقى لەو سەردانە دەیەوێت بیقۆزێتەوە زۆر روونە، هەمان شت بۆ سەردانى هەولێر چاوەڕوانین، بەڵام ئێمە گەنگەشەى ئەو كارە ناكەین، گرنگترین لەوە رێگەى خوێندەوەمانە بۆ وێستگە گەورە دارێژراوەكان لەپێناو كۆى داهاتووى ئەو ناوچەیە، نەك وڵاتان و حكومەتەكان، ئەو وێستگانە قووڵتر و درێژمەودا ترە وەك ئەوەى گومان دەبەن.

ئەو وێنەیەى پاپاى لەگەڵ سیستانى كۆكردەوە كۆمەڵێك نیشانەى نوێمان لە تۆڕى په‌یوەندى و ئەو هاوپەیمانى قوڵانەمان پێ دەڵێت، ئایە هاوپەیمانى نوێ لە نێوان رۆژئاوا و جیهانى ئیسلامى شیعى دروست دەبێت؟

ئایە بەردى بناغەى بنەماى رۆحیان داناوە بۆ  تۆڕى په‌یوەندییەكان، ئەوەیە كە ئێمە لەسەر ئاستى وێستگە سیاسى و سەربازى و جیۆسیاسى و گەڕان بەدواى هێزى تێدا دەبینین؟
هاوپەیمانى رۆژئاوایى ـــ ئێرانى: 
ئایە هەوڵێكە بۆ گەمارۆى جیهانى ئیسلامى سوننی؟

بۆئەوەى بەشێوەیەكى گەورەت بەڵگە بەرهەستە بگوزانینەوە، دەكرێت سەردانى پاپا بەشێك بێت لە پلانى"ئابڵۆقە"ى نوێ، لەرێگەى پاڵپشتى هاوپەیمانى ئێران ــــ رۆژئاوا  جیهانى ئیسلامى سوننى بكاتە ئامانج؟ عێراق دەخاتە ژێر داگیركارى رۆژئاوایى ئێرانى، ئەوەش ئەو كاره‌یە رێگە خۆش دەكات بۆ هاوپەیمانیەكى لەو جۆرە.

بەدرێژایى مێژوو چەندین هەوڵى هاوشێوەمان بینیوە، نموونەى زۆرى هاوپەیمانى رۆژئاوایى ــ ئێرانیمان لەبەردەستە بۆ رووبەڕووبووونەوەى ئەو هێزە نوێیانەى لەو ناوچەیە دەردەكەون، زۆرجار رۆژئاوا دەستپێشخەرى دەكات بۆ دروستكردنى هێڵى هەماهەنگى رۆژهەڵاتى بۆ رووبەڕووبوونەوەى هەر هێزێك ببێتە هەڕەشە بۆى لەوانەش دەوڵەتى عوسمانى.
هەموو دەزانن لە سێ دەیەى رابردوو هەر دەستوەردانێكى رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئێران بەهێزتر بووە، وەك ململانێى ئەمریكى ــــ ئێرانى  و ململانێى ئێرانى ـــــ ئیسرائیلى، بۆ هەردوولاش بۆتە هۆى سوودگەلێك بە پێچەوانەى ئەو شتانەى برەوى پێ دەدەن.
ئایا بەرەیەكى نوێ لەگەڵ ئێران دروست دەكەن بۆ گەمارۆى توركیا؟
كەواتە دەكرێت سەردانى پاپا و دیدارى لەگەڵ سیستانى دیمەنێك بێت لە چوارچێوەى ئەو پلانەیە بۆ گەمارۆدانى نوێى توركیا؟

توركیا بەهێزێك دادەندرێت لە گۆڕەپانى نێودەوڵەتى بەرەوپێش دەچێت، بەخێرایى كاریگەرى لە لیبیاوە بۆ قەوقاز، لە باكوورى عێراقەوە بۆ سوریا، لە سۆماڵەوە بۆ بەلقان بڵاو دەبێتەوە، ئەوە پاڵى بە جیهانى رۆژئاوا ناوە پرسیارى زۆر و قووڵ بكات، بۆیە پیلانەكانى گەمارۆدانى توركیا لە لایەك لە سنوورى سووریا ــ عێراق و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دەریایى ئیجەیە، هەموو ئەوانە لە پێناو راگرتنى بەرەوپێشچوونى توركیایە.

یەكەم ئێران رۆڵى نوێ دەبینێت لە چوارچێوەى ئەو پیلانە گەورەیە، ئامانجى راگرتنى بەرەو پێشچوونى توركیایە، دواى ئەوەى تاران پاڵپشتى ئەرمینیاى كرد لە قەرەباخ  دۆخێك دابوو، ئازربایجان، كە ئازبایجان هەوڵى ئازادكردنى دەدا، كەس ئیرەیى پێ نەدەبرد.

ئایا بەرەى سوننەى عەرەبى شكستى هێناوە؟

بە درێژایى پێنج ساڵى رابردوو لە چوارێوەى هاوپەیمانى سعوودیە ئیماڕات رۆژئاوا ئەوەى تاقیكردەوە، بەرەیەكى عەرەبى سووننى دامەزراند لە دژى توركیا، لە كەنداو درێژ دەبووەوه‌ بۆ میسڕ، بنەمایەكى بۆ ئەو بەرەیە دانا، كە لەسەر هاوپەیمانى عەرەبى ـــ ئیسرائیلى دروستبوو.

ئەوە لە كاتێدا بوو ئەو بەرەیە رووبەڕووى هەڕەشه‌كانى ئێران دەبوویەوە، كە لەناكاو لە دژى توركیا قۆزرایەوە، هەروەك بەشێك لەبەرەى رۆژئاوا دژى توركیا بوون لە جەنگى قەرەباخ و هەوڵى ئابڵوقەیان دەدا لەلایەنى سووریا و عێراق و دەریایى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دەریایى ئیجە.

ئەوە جگە لەوەى لەو دوایە متمانە لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا و جیهانى عەرەبى نەما بوو، هەروەك نمونەى راگرتنى پاڵپشتی بۆ سعوودیە لە یەمەن و هەڕەشەكانى ئاشكراكردنى دۆسەى كوشتنى جەمال خاشقچى و نزیكەى نێوان ئێران و واشنتنمان بینى.....

رێككەوتنێكى مامناوەند لە نێوان میسڕ و توركیا.
پەیامە ناوچیە موژدەدەرەكان

ئەو ئاڵۆزیانەى پێوەندى نێوان سعوودییە ـــ ئێران هێرشى مووشەكى بالستى لە یەمەن بە ئاڕاستەى سعوودیە چڕكردەوە.

سعوودیە و ئیماڕات دەستیان بە ناردنى نامەى موژدەرده‌ر كرد بۆ توركیا، پەلەیان بوو بۆ گفتوگۆكردن دەربارەى پرسە دەریایەكى نێوان میسڕ و توركیا، بۆیە هەر یەك لە مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیرى دەورەوە و خەلوسى ئاكار رایانگەیاند ئەگرى ئیمزاكردنى رێكەوتنى دەریایى لەگەڵ میسڕ هەیە، وەك رێكەوتنى توركیا لەگەڵ لیبیا.

ئەوە لە كاتێكدا بوو ئەمریكا و ئیسرائیل هانى"بەرەى عەرەبى"یان دەدات هەڵویستى دوژمنكارانە بەرامبەر توركیا بگرنەبەر، ئەو بەرەیەش لەئێستا دۆخى شۆكى نزیكبوونەوەى ئەمریكى ئێرانین

رێكخراوە ئێرانییەكان: لە شنگال جەنگ لەگەڵ توركیا دەكەین
عەرەبییان هاندەدا" توركیا هەڕەشەیەكى مەترسیدارە سەبارەت بە ئێوە" ئەوە هەمان دۆخى ترسە كە دواى گۆڕانى تەرازووى هێزى جیۆسیاسى لە قەوقاز لە دواى جەنگى قەرەباخ ئێران بڵاوى دەكرەوە، لەبەر ئەوەى زانیارییان هەبوو كە ئێران هەڵگرى ئەو دودڵیەیە.
رێكخراوەكانى سەربە ئێران وەك حەشدى شەعبى و ئەوانەى تر لە سووریا جەنگ لە دژى توركیا دەكەن، بە ئاشكرا هاوكارى پەكەكە دەدەن. بەیاننامەى هەڕەشە ئامێز  بڵاو دەكەنەوە، هەموو رۆژ حەشدى شەعبى و سەرجەم رێكخراوەكانى لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەكرێت، هێرشەكانى تیرۆرستان لە شارەكانى باكورى عێراق بەردەوامە.

دەستەواژەى" ئەگەر توركیا پرسەى سەربازى لە شنگال جێبەجێ بكات لەدژى دەجەنگێین" گۆڕا بۆ لێدوانى ئاسایى رۆژانە، هەروەك راگەیاندنى ئێران بەرامبەر توركیا"كە دەوڵەتێكى داگیركەرە لە عێراق" لە كاتێك دا ئەوەى بەكردەیى لەگەڵ ئەمریكا عێراقى داگیركردوە ئێرانە، كە رێنمایى نوێ بەو رێكخراوانە دەدات.
ئەوە گەمارۆى توركیایە لە رۆژهەڵات بەهاوكارى ئێران.
ئێمە پرسیارێكمان هەیە:
ئایە رۆژئاوا پیلانى بەرەى عەرەبى داڕشتووە بۆ وەستانى توركیا، ئەوجارە پیلانى گەمارۆكى نوێ بە دامەزراندنى بەرەى ئێرانى شیعیە؟ ئایە دابەشكارى مەزهەبى نێوان مسوڵمانان و پیلانى گەمارۆى توركیا لە رۆژهەڵات دواى هەستكردنە لە شكستى كە ناتوانن لەگەڵ عەرەب توركیا بووستێنن؟

ئێمە دڵنیایین لەوەى كە هەموو ئەو هاوپەیمانیانەى رۆژئاوا لەو ناوچەیە دروستى دەكات ئامانجى سەرەكى توركیایە، جگە لەوە لاى ئەوان هیچ شتێك گرنگ نیە جگە لە بەهەڵەدابردن نەبێت.
ئێمە دڵنیایین توركیا رووبەڕووى ئابلوقەى تیرۆرستان دەبێتەوە لە سووریا و عێراق بە هاوكارى یۆن لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دەریاى ئیجە، بەهەمان شێوە بە هاوكارى ئەمریكا و فەڕەنسا و بەرەى عەرەبى، بۆیە ئێمە دەچینە خەباتێكى گەورە بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو ئابلووقەیە.
ئایە هێڵى رۆژهەڵات بۆ ئەو بەرەیە ئەمرۆ بەهاوكارى توركیا دەبێت لەگەڵ ئێران؟  ئەوەش رێڕەوى نەخشەیە، لە ناوەراستەوە درێژ دەبێتەوە بۆ سنوورى ئێران، كە هەنگاوى یەكەمە لەو رێگەیە.
سەڵیبیە نوێكان: باش ئەوە دەزانن ئەگەر توركیا رابگرن ئەو ناوچەیە دادەڕوخێت؟
پێویستە زۆر بە جوانى خوێنەوە بۆ لێدوانەكانى ئەو دوایەى ئەردۆگان بكەین، كە سووربوو لەسەر ئەوەى توركیا لە لاى باشوور دەریاى ناوەڕاست رووبەڕووى گەمارۆ دەبێتەوە، بەهەمان شێوە پێویستە تاوتوێ ئەو قسەكانى بكەین دەربارەى ئەو خەباتە گەورەى توركیا ئەنجامى دەدات بۆ لایەكردنەوەى حیسابەكانى كە ئەو ناوچەیە تێیدا دەژیت.
ئایە دەبینین ئێران بچێتە پاڵ" پرۆسەى سەڵیبیەتى نوێ" كە توركیاى بە ئامانج گرتووە؟ ئایە رێنمایى نوێ بۆ راگرتنى توركیا دەرچووە بۆ ئێران؟ ئایە ئەوان دەزانن ئەگەر توركیا ڕابگرن ئەو ناوچەیە دادەڕوخێت.
زۆر شتى تر ماوە دەكرێت تەنیا بە روانین لە وێنەى كۆبوونەوەى پاپا و سیستانى گفتوگۆیان بكەین.... ئەو دیدارە دیدارێكى ئاسایى بێ مەبەست نییە.

 ئەنجام:

سەردانییەکەى پاپاى ڤاتیکان بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، بە هەموو بارێکدا رووداوێکى گەورەی ئایینى ــ کۆمەڵایەتى بوو، بێگومان سیاسەتیش لەم نێوەندەدا بێ کاریگەرى نامایەوە، ئەمە جگە لە ساتەوەختى هاتنى پاپا فرانسیس و لە ماوەى سێ ڕۆژى مانەوەى لە عێراق و کوردستان، بەغدا سێ لە ئارامترین ڕۆژى لە مێژووى خۆیدا بە ڕێکرد. 

 هاتنى پاپا دەکرێ لە ئێستادا، وەک ئەزموونێکى تاقیکراوەى سەرکەوتوو و باشتر سەیر بکرێ بۆ عێراق و کوردستان لە هاتنى هەر شاندێکى دیکەى دیبلۆماسى و سیاسى بۆ ئەو وڵاتە، بۆیە پێویستە هاتن و ڕۆیشتنى پاپا لە  بارودۆخێکى وادا، کە تەنگەژەى تەندروستى و سیاسى و سەربازیى بە توندى بەرۆکى گرتوون، هانى بەرپرسانى کوردستان و عێراق بدات، لەپێناو دەستبەرکردنى ئاشتەوایى سیاسى و توندوتۆڵکردنى بنەماکانى پێکەوەژیانى ئایینى، کاربکەن بۆ بانگکردنى کەسایەتیى کاریگەر و ئاییینى تر، لەوانە شێخى ئەزهەر، کە بەدوور نازانرێ ببێتە هۆى كەمبوونەوەى زیاترى مەینەتیەكانى مەسیحیییەکان و سوننە و شعیەکان و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەییەکان لە عێراق، بەشێكى ترى لێكەوتەكانى ئەو سەردانى ئەگەرى لێكنزيكبوونەوەى شيعە و مەسحيەت، لە بەرامبەر ئەوەدا توركيا هەست بە مەترسيەكانى دەكات، بۆيە هەنگاوەكانى بۆ بەدەمەوە چوونى دانووستان لەگەڵ ميسڕ خێراتر بووە، چونكە لە هەموو بارێكدا توركيا كۆبوونەوەى دوو كەسايەتى گەورەى شيعە و مەسيحى بەبێ لێكەوتەى سياسى سەير نەكات. 

هەروەك ئەوەشى لێ دەخوێندرێتەوە، كە  باڵى سيستانى لە حەشدى شەعبى دەيەوێت ئەو سەردانە بقۆزێتەوە، بۆ كەمكردنەوەى فشارەكانى ئەمەريكا بۆ سەر كەسايەتيەكانى.

سەرەڕاى ئەوەش ئەو سەردانە ململانێكانى نێوان حەوزەى قوم و نەجەفى زەقتر كردەوە، بەهۆى ئەوەى ديدى پاپا لە مەرجەعيەتى نەجەف نزيكترە، لەبەرامبەردا مەرجەعيەتى قوم ئەوە بە هەڕەشە سەير دەكات بۆ سەرخۆى، بۆيەش لايەنگرانى مەرجەعيەتى قوم پێشوازيى گەرميان لەو سەردانەى پاپا فرانسس نەكرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین