ئێران نه‌وتى خۆى له‌ چین ده‌شارێته‌وه‌ ئێران

نوچه‌نێت

هەواڵنێریی ڕۆیتەرز لە زمانی شەش سەرچاوەی خۆیەوە لە پاڵاوگە و کەرتی پیشەسازیی نەوت و گازی چین ڕایگەیاندووە کە ئێران لەو چەند مانگەی دواییدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە نەوتی خاوی خۆی هەناردەی وڵاتی چین کردووە.

بە پێێ ڕاپۆرتێکی "بی بی سی فارسی" ڕاپۆرتەکان باس لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا دەکەن بە جۆرێک کە نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ یەکەمین جار دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا گەیشتووەتە سەرووی ٧٠ دۆلار.

ئێران هیوادارە بتوانێ دوای هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا نەوتی خۆی بە شێوەی ئاسایی هەناردە بکات. چین پێش گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێران بوو.

بە پێێ ڕاپۆرتەکەی ڕویتەرز پاڵاوگەکانی هیندیش کە پێشبینی ئەوە دەکەن گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران کەم ببنەوە کڕینی نەوتی خاوی ئەو وڵاتەیان خستووەتە ناو بەرنامەی ساڵانەی هاوردەکردنی نەوتی خۆیانەوە.

هیند یەکێک لە گەورەترین کڕیارانی نەوتی خاوی ئێران بوو بەڵام چین و هیند وەک ژاپۆن و کووریای باشوور کە ئەوانیش کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێران بوون، دوای گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەشێوەی فەرمی کۆتاییان بە هاوردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە هێنا.

ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لەم دواییانەدا گوتوویەتی لە چوار ساڵی ڕابردوودا کە گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران گەڕاونەتەوە تا ئێستا "تەنانەت وڵاتانی دۆستی ئێرانیش نەوتیان نەکڕیوە".

جەهانگیری گوتبووی لە کاتی گەمارۆکاندا " هەندێ لای ئایەتۆڵا خامنەیی گوتبوویان کە دەتوانن گەمارۆکان پووچەڵ بکەنەوە" بەڵام گلەیی کردبوو کە ئەوە ڕووی نەدا.

بەرپرسانی ئێرانی لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵیان داوە لە چەندین ڕێگای جیاوازەوە کە بە ئاشکرا باسیان لێ ناکەن بە شێوەیەکی سنووردار نەوت بفرۆشن. دەگوترێت ئێران نەوتەکەی خۆی زیاتر لە ڕێگای ئەو نەوتهەڵگرانەوە کە سیستەمی شوێنهەڵگرییان کوژاوەتەوە لەسەر دەریاکان دەفرۆشێت بۆئەوەی ئاسەوارێکیان لێ نەمێنێتەوە و کڕیاری نەوتەکە نەکەوێتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا.

ئێران لەو ماوەیەدا کە گەمارۆی لەسەر بوو سووتەمەنیشی بۆ ڤەنزۆێلا هەناردە کردووە. ئەو دوو وڵاتە ئەندامی ڕێکخراوەی وڵاتانی هەناردەکەری نەوتن کە ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەریان.

ئەمریکا دەڵێت تا ئێستا دوو جار دەستی بەسەر چەند نەوتهەڵگری ئێرانیدا گرتووە. ئێران ئەو بانگەشەیە ڕەت کردووەتەوە.

لەکاتی سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا و دەسەڵاگرتنییەوە تا ئێستا، بەرپرسانی ئێرانی گەشبینی خۆیان سەبارەت بە ئەگەری هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی سەردەمی دۆناڵد ترامپ نیشان داوە. حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران تەنانەت وتوویەتی لەو بڕوایەدایە سەردەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بەسەر چووە.

سەرەڕای ئەوەی سەرۆک بایدن لە کاتی هه‌ڵمه‌تى هەڵبژاردنەکان بەڵێنی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی دابوو بەڵام دوای ئەوەی دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت وتی پێویستە سەرەتا ئێران بە تەواوەتی ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ بکات پاشان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆکان هەڵدەوەشێنێتەوە و بە مەبەستی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەتر لەگەڵ ئێران لە بواری مووشەکیی و سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا گفتوگۆ دەکات.

ئێران ئەو پلانەی ڕەت کردووەتەوە و عەلی خامنەیی گوتویەتی دوای ئەوەی ئەمریکا گەمارۆکانی هەڵوەشاندنەوە و توانیمان ئەوە پشتڕاست بکەینەوە، ئەو کات بە تەواوەتی بەڵێنەکانمان بە پێێ ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ دەکەین.

گەمارۆکان لەسەر نەوتی ئێران بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی ئەو وڵاتە. بەرپرسانی حکومەت دەڵێن گەمارۆکان بوونە هۆی ئەوەی داهاتی نەوت کە ١٠٠ ملیار دۆلار بوو بۆ کەمتر لە ٨ ملیار دۆلار دابەزێت.

لە ئێستادا ئێران هەوڵی ئەوە دەدات دەستی بگات بە چەندین ملیار دۆلار سەرچاوەی دارایی خۆی لە وڵاتانی کووریای باشوور و ژاپۆن، کە داهاتی ئەو نەوتەیە کە پێش گەمارۆکان هەناردەی ئەو وڵاتانەی کردبوو.

بەرپرسانی ئێران دەڵێن هێشتا ڕێککەوتنێک بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارانە بۆ کڕینی پێداویستییەکان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نەدراوە بەڵام هەندێ لە ئەندامانی ژووری بازرگانی ئێران و عێراق دەڵێن ئەمریکا ڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە بۆ پێدانەوەی بەشێک لە پارەکانی ئێران لە عێراق.ئەوە پارەی کارەبای هەناردەی ئێرانە بۆ عێراق.

ئێران ڕایگەیاندووە کە پلانێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان هەیە و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران گڤوتوویەتی ئەو پلانە لە ڕێگای "کەناڵە دیپلۆماتیکەکانەوە" ڕەوانەی ئەمریکا دەکات.

ئێران پێشنیاری ئەوروپای بۆ کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەندامانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان هەڵبگرێت.

 


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین