وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆنگرێس دڵنیا دەکاتەوە: هیچ ئیمتیازێک بە ئێران نادات ئێران

نوچه‌نێت

ئه‌نتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی سیاسەتی دەرەکی وڵاتەکەی لە کۆنگرێسدا ئامادە بوو، وتی بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی هیچ ئیمتیازێک نادرێت.

بە پێی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا"، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەم ١٠ی ئادار لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێس لە وه‌ڵامی پرسیارێکی "برد شێرمەن" ئەندامی دیموکراتی ئەو کۆمیتەیە سەبارەت بەوەی کە ئایا دەتوانێ کۆنگرێس دڵنیا بکاتەوە ئێدارەی بایدن بۆ دیدار لەگەڵ ئێرانییەکان ئیمتیازێک نادات؟ وتی: بەڵێ دەتوانم و شێرمەن وتی: ئەوە وەڵامێکی زۆر باشە.

لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین جار ئاماژە بە پرسی ئێران و ڕێککەوتنی ئەتۆمی کرا، بۆ نموونە مایک مەک کال ئەندامی باڵای کۆمیتەی کاروباری دەرەوە وێرای ئاماژە کردن بە سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" کە لە سەردەمی دۆناڵد تره‌مپ، لە وەزیری دەرەوە پرسیاری کرد: ئایا دەتوانی دڵنیامان بکەیتەوە، پێش هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، بە فەرمی کۆنگرێس ئاگادار بکەیتەوە؟ بلینکن وتی: بەڵێ دەتوانم.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها لە وەڵامی پرسیاری ئەندامێکی کۆماریخواز سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران وتی: بێ گومان ئێمە لەگەڵ کۆنگرێس ڕاوێژ دەکەین. کۆنگرێس وێستگەی یەکەمی ئێمەیە. لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشانی خۆیشمان گفتوگۆ دەکەین، چونکە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئەوانیش گرێدراوی ئەو پرسەیە.

هەروەها تد دویچ نوێنەری دیموکرات ئاماژەی بە پرسی ئەو هاووڵاتیانەی ئەمریکا کرد کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە بارمتە گیراون پرسیاری کرد و وتی ئێستا کە ئێران پێشنیازی گفتوگۆی رەت کردووەتەوە بەرنامەی ئێوە چییە؟ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامدا وتی: یەکێک لەو کارانەی کە سەرەتا ئەنجامم دا سەردانی بنەماڵەی ئەو کەسانە بوو کە لە ئێران بە بارمتە گیراون و لەوانە بنەماڵەی باب لۆیسۆن.

بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: ڕێککەوتنی ئەتۆمی [سەردەمی ئۆباما] سەرکەوتوو بوو چونکە توانی ڕێگری بکات لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە بۆمبی ئەتۆمی. ئێمە لەگەڵ سیاسەتاکنی ئێران لە بواری پشتیوانیکردن لە تیرۆریزم و مووشەکە بالستیکەکان و ئەو چالاکیانەی کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری کێشەمان هەیە و ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات بە گشتیی خۆی لە بەرپرسیاریەتی دەدزێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە "لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپییەکانمان سەرقاڵی گفتوگۆ و هاوکارین بۆ ئەوەی ئێران بگەڕێنینەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی".

ئه‌نتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا لە کۆنگرێسی ئەمریکا سەبارەت بەو پارانەی ئێران کە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لە کووریای باشوور دەستیان بەسەردا گیراوە، وتی ئەگەر ئێران بەڵێنەکانی بە پێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ بکات، ئەمریکاش وا دەکات. هەواڵنێریی فەڕەنسا بە ئاماژە کردن بەو وەڵامەی بلینکن ڕایگەیاند کە ئەمریکا ڕێگا نادات کووریا لە ئێستادا ئەو پارە ڕادەستی ئێران بکاتەوە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین