بۆچى جيهان پێشوازى لەرێككەوتنى رووسيا و ئۆكراينا دەكات؟ شیکاری

ئیسماعیل تەها: تایبەت بە نوچەنێت

لەگەڵ دەركەوتنى قەيرانى خۆراك لە جيهان، بەهۆى جەنگى رووسيا دژ بە ئۆكراينا، لە مانگى ئايارى ئەمساڵ توركيا پێشنيارى كردنەوەى رێڕەوێكى تايبەتى لە دەرياى رەش كرد، بۆ ئەوەى لەم رێگەيەوە گەنمى ئۆكراينا رەوانەى وڵاتانى جيهان بكرێت، دواى ئەمە نەتەوە يەكگرتووەكان هاتە سەر هێڵ و پێشوازى لەو هەوڵە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش داواكرا ناوەندێك لە ئيستەنبۆڵ دابمەزرێت، بۆ ئەوەى نوێنەرانى توركيا و نەتەوەيەكگرتووەكان و رووسيا و ئۆكراينا تێيدا سەرپەرشى هێنانى دانەوێڵەى ئۆكراينا بكەن، هەوڵەكان نزيكەى دوو مانگى خاياند، دوێنێ هەينى (22)ى تەممووز بە ئامادەبوونى رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا و ئەنتۆنيۆ گوترێس، سكرتێرى گشتى نەتەوە يەكگرتووەكان، كە لەلايەن سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگری رووسیا و ئەلیكسەندەر كۆبراكۆڤ، وەزیری ژێرخانی ئۆكراینا بە نێوەندگیری خوڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا بە جیا واژۆكرا، وڵاتانى جيهان پێشوازى لە رێككەوتنى ئۆكراينا و رووسيا لەسەر رەوانەكردنى دانەوێڵەى ئۆكراينا دەكەن و ستايشى هەوڵەكانى توركيا دەكەن.

ئۆكراينا سەرچاوەى دانەوێڵەى جيهان

ئۆكراينا بە سەرچاوەيەكى سەرەكى دانەوێڵەى جيهان دادەندرێت و ساڵانە چەندين مليۆن تۆن دانەوێڵە رەوانەى وڵاتانى جيهان دەكات، تاراس ڤيستۆتسكى، جێگرى يەكەمى وەزيرى كشتوكاڵى ئۆكراينا ئاماژە بەوە دەكات، "لەگەڵ ئەو هەموو بەربەستەى لەبەردەممانە، ئەمساڵ وڵاتەكەمان (50) مليۆن تۆن دانەوێڵەى دەبێێت."

ئەو بڕەى ئەمساڵ بەراورد بە ساڵى ڕابردوو كەمترە، چونكە لە ساڵى رابردوو بەرهەمى دانەوێڵەى ئۆكراينا ژمارەى پێوانەيى تێپەراند، بەوەش خاوەنى (86) مليۆن تۆ دانەوێڵە بوو، سەرەڕاى ئەو دۆخە ئاڵۆزەش هێشتا چاوەڕوان دەكرێت، بۆ ئەمساڵ (30) مليۆن تۆن دانەوێڵە رەوانەى جيهان بكەن،  بەتايبەت گەنمى ئەو وڵاتە بۆ نان گونجاوە. 

چەندين سەدەيە ئۆكراينا وەك سەبەتەى خۆراكى ئەوروپا ناسراووە، ئەوەش بەهۆى خێراى گەشەى گەنم و زەيتى رووەكى بۆ ئەو كيشەوەرە و كيشەوەرەكانى تر لە ئاسايياوە بۆ ئەفريقيا.

ئەمساڵ ئۆكراينا (50) مليۆن تۆن دانەوێڵەى هەيە

ئۆكراينا گەورەترين سەرچاوەى دانەوێڵەويە، بەڵام گەنمى ئەو وڵاتە كاريگەرى لەسەر ئاسايشى خۆراكى هەموو جيهان هەيە، لە ساڵى (2020) ئۆكراينا (18) مليۆن تۆن گەنمى رەوانەى جيهان كرد، پێنجەم وڵاتى رەوانەكردنى گەنم بوو.

بەگوێرەى راپۆرتێكى رێكخراوى (فاو) لە (2020) لوبنان، لە (35%) گەنمى ئارد و دانەوێڵەكانى ترى لە ئۆكراينا هاوردەكردووە، هەروەها (14) وڵات زياتر لە (10%) هاوردەى گەنميان لە ئۆكرايناوەيە، ئەوەش وايكردووە ئەو وڵاتانە رووبەڕووى قەيرانى خۆراك ببنەوە. 

هەندێك وڵاتى تر رێژەى هاوردەيان زۆر بەرزە، بۆ نموونە يەمەن (22%) و ليبيا لە (43%)ى گەنميان لە ئۆكراينا هاوردە دەكەن، دواى ئەوانە ميسر لە ساڵى (2020) زياتر لە سێ مليۆن تۆن گەنمى لەو وڵاتە هاوردەكرد، كە بەگوێرەى داتاكانى رێكخراوى (فاو) دەكاتە لە (14%)ى گەنم، لە ئاسيا ماليزيا پشت بە گەنمى ئۆكراينا دەبەستێت، كە لە (28%)ى گەنم لە ئۆكراينا دەكڕێت، ئەندونيسيا بە رێژەى لە (28%) گەنم لە ئۆكراينا دەكڕێت، لە ساڵى (2020) بەنگلاديش بەرێژەى لە (21%) گەنمى لە ئۆكراينا كڕى.

وڵاتان بۆ گەنمى نان پشت بە ئۆكراينا دەبەستن

جەنگى رووسيا دژ بە ئۆكراينا لێكەوتەكانى لە ئەفريقياوە تا ئاسيا بوو، نرخى خۆراكە سەرەكييەكانى لەو وڵاتانە بەرزكردەوە، برسێتى زيادكرد، لە زۆربەى وڵاتان باردۆخ تێكچووە، حكومەتەكان تووشى ناسەقامگيرى بوون، تا ئاستى توندوتيژى رۆيشت.

گۆڤارى فۆڕين پۆليسى، لە راپۆرتێكى دەڵێت، تەنيا (10) ساڵ بەسەر بەهارى عەرەبى تێپەڕيووە، بەزربوونەوەى نرخى خۆراك پرشكى ئەو ئاگرەيە لە تونس و ميسڕ هەڵگيرسا.

ميسر كە گەورەترين كڕيارى گەنمە لە جيهان ساڵانە زياتر لە (13) مليۆن تۆن گەنم هاوردە دەكات، بەهۆى ئەو جەنگە دڵەڕاوكێيەكى گەورە لەو وڵاتە دروستبووە، چونكە سەقامگيرى ميسر پشت بە هاوردە دەبەستێت، حكومەت بۆ پاڵپشتى نانەواكان گەنميان پێ دەدات، خەڵكى ميسڕيش پشت بەو نانەوايانە دەبەستێت.

لە ساڵى رابردوو نرخى گەنم بەشێوەيەكى بەرچاو بەرزبۆوە، بەجۆرێك حكومەتى ميسر بۆ هەر تۆنێك ئارد (350) دۆلارى تەرخان كرد، بەوەش ميسڕ يەك مليار و (500) مليۆن دۆلارى زياترى بۆ ئەمساڵ تەرخان كرد.

ئەمەريكا گومان لە پابەندى رووسيا بەو رێككەوتنە دەكات

هەوڵەكانى توركيا

لە كۆتايى مانگى ئايارى ئەمساڵ، مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزيرى دەرەويى توركيا رايگەياند، "بەهۆى كێشە ئەمنييەكان ئەستەمە بتواندرێت گەنمى ئۆكراينا لە رێگەى دەرياوە رەوانەى بازاڕەكانى جيهان بكرێت، هەروەها هەندێك سزاش لەسەر رووسيا هەيە ئەوەش كاريگەرى هەيە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەندێك كۆتوبەندى كاتى هەيە پەيوەست بە كارى رەوانەكردنەکە، بۆ ئەو بەمەبەست پەيوەندى هەيە."

دواتر وەزيرى دەرەوەى توركيا راگەياند، "نەتەوە يەكگرتووەكان پێشنيارى كردووە رووسيا و ئۆكراينا و توركيا تو نەتەوە يەكگرتووەكان گرووپێك دروست بكەن، بۆ رەوانەكردنى ئەو گەنمەى لە بەندەرەكانى ئۆكراينا، توركى رازمەندى لەسەر ئەو بيرۆكە سەرەتاييە دەربڕى و كۆبوونەوەيەكى لەسەر لايەنى تەكنيكى ئەنجام دا."

هەڵوێستى رووسيا

وەزارەتى دەرەوەى رووسيا رايگەياند، ئێمە دەستوەرنادەينە رەوانەكردنى دانەوێڵەى ئۆكراينى و ئەو بەربەستە لۆجستيانەى بەهۆى هەڵەكانى كيێڤ دروست بووە، كە بەهۆى مێنێژكردنى بەندەرەكانە، لاى خۆشیيەوە سێرگى لاڤرۆڤ، وەزيرى دەرەوەى رووسيا راگەياند، "زياتر لە مانگێكە چەند جارێك مۆسكۆ رێكارى رێگەدانى بە رەوانەكردنى دانەوێڵەى ئۆكرانيا گرتۆتەبەر، داواش دەكەين ئۆكراينا مينى بەندەرەكان لابدات."

هەڵوێستى وڵاتانى جيهان

لەكۆتايى مانگى رابردوو توركيا دەستيكرد بە چڕكردنەوە و باسكردنى رەوانەكردنى دانەوێڵەى ئۆكراينا، لە زۆربەى كۆبوونەوە دووقۆڵييەكانى بەرپرسانى توركيا و وڵاتان جەختيان لەسەر ئەو پرسە دەكردەوە، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان لە دواى کۆبوونەوەی لەگەڵ ماريۆ رۆبیرتۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا، سەبارەت بە هێنانی دانەوێڵەى ئۆكراینا رایگەیاند، "له‌  (10) ڕۆژى داهاتوو بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ينه‌ ئه‌نجامێك گفتوگۆكانمان چڕترده‌كه‌ينه‌وه‌." 

لەلايەكى ترەوە لەناوەڕاستى ئەم مانگە ئەردۆغان و ئيمانوێل ماكڕۆن، سەرۆكى فەڕەنسا لە پەيوەندييەكى تەلەفۆنى گفتوگۆيان لەسەر پلانى رەوانەكردنى گەنمى ئۆكراينا كرد و لەو پەيوەنديە كۆبوونەوە چوارقۆڵييەكانى ئيستەنبۆڵ كرد. 

لە بەشێكى ترى گفتوگۆكان ئەردۆغان بە ماكرۆنى راگەياندووە، "هەموو رێكارەكان بۆ بڕيارى بەرێوەبردنى رەوانەكردنى دانەوێڵەى ئۆكراينا لە ناوەندى هەماهەنگى كە لە ئيستەنبۆڵ دروستدەكرێت گيراوەتەبەر."

واژۆكردنى رێككەوتن

رۆژى (22) ئەم مانگە لە رێوڕەسمێكی فەرمی كە هەریەك لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و ئەنتۆنیۆ گوترێس، سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەبوون، رێككەوتنی گواستنەوەی گەنمی ئۆكراینا بۆ جیهان بە رێگەی دەریای رەش واژۆ كرا. بەر لە واژۆكردنی رێككەوتنەكە سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی، "ئەوە كردنەوەی رێگایە لەبەردەم رەوانەكردنی خۆراكی بازرگانی لە ئۆكرایناوە لە رێگەی دەریای رەش، ئەوەش دەبێتە پاراستنی ملیۆنان كەس لە هەموو جیهان لە تووشبوون بە كارەساتی كەمی خۆراك."

هەر سەبارەت بەو رێككەوتنە ئەردۆغان ئاماژەی بەوە كرد، "رێككەوتنی ئیستەنبۆڵ هاریكار دەبێت بۆ رێگری لە مەترسی برسێتی، كە ملیارەها مرۆڤ لە جیهان رووبەڕووی ئەو مەترسیە دەبوونەوە، لە چەند رۆژی داهاتوو كەشتییە بارهەڵگرەكان دەست بەجووڵە دەكەنەوە."

رێككەوتنەكە لەلایەن سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگری رووسیا و ئەلیكسەندەر كۆبراكۆڤ، وەزیری ژێرخانی ئۆكراینا بە نێوەندگیری خوڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا بە جیا واژۆكرا.

ماوەى ئەو رێككەوتنە

ماوەى ئەو رێككەوتنەى دوێنێ واژۆ كرا (120) رۆژە، كە دەكاتە چوار مانگ، ئەگەر جەنگى ئۆكراينا كۆتايى بێت، ئەوە ماوەكەى درێژ ناكرێتەوە، بەڵام ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت، بەگوێرەى پێشبينى نەتەوە يەكگرتووەكان چاوەڕوان دەكات ئەو رێككەوتنە لەگەڵ كۆتاييهاتنى وادەكەى جارێكى تر درێژ بكرێتەوە.

وادەى دەستپێكردن

بريارە بە زووترين كات تيمى پشكنين و دياريكردنى كارمەندان لە ناوەندى هەماهەنگى هاوبەش (J C C) لە ئيستەنبۆڵ كە ئەندامانى هەرچوار لايەن سەرپەرشتى دەكەن دەستبەكارەكانى بكات، بەندەرەكانى ئۆكرايناش داواى مۆڵەتى (10) رۆژيان كردووە، بۆيە چاوەڕوان دەكرێت، چەند هەفتەيەكى پێدەچێت تاوەكوو كەشتييەكان دەست بەكاركردن دەكەن.

دەستكەوتەكانى توركيا

سەرەڕاى هەوڵەكانى بۆ سوود وەرگرتن لە جەنگى نێوان ئۆكراينا و رووسيا، پێگەى جوگرافى خۆى قۆستەوە بەهۆى سنوورە دەريايەكانى لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە، هەوڵدەدات دەستكەوتى ئابووريشى هەبێت، لە رێگەى هەوڵە ديپلۆماسييەكانى بۆ راگرتنى ئەو جەنگە دەستكەوتى تريشى هەبێت.

وەحيد كريچى، وەزيرى كشتوكاڵى توركيا رايگەياند، "توركيا دەيەوێت زياتر لە (25%) دانەوێڵەى ئۆكراينا بكڕێت، لە رێگەى هەوڵە ديپلۆماسيەكان هەوڵدەدات كۆتوبەندەكانى سەر رەوانەكردنى دانەوێڵە لە بەندەرەكانى ئۆكراينا هەڵبگرێت."

لەبەشێكى ترى قسەكانى رايگەياند، "لەگەڵ ئۆكراينا رێككەوتووين، زياتر لە (25%) دانەوێڵەى ئۆكراينا بكڕين، بەڵام لەگەڵ ئەوشدا رووبەڕووى بەربەستى ئەمنيى دەبينەوە بۆ رەوانەكردنى دانەوێڵەى ئۆكرينا."

سەبارەت بە هەڵوێستى رووسيا وەزيرى كشتوكاڵى توركيا ئاماژەى بەوە كرد، هەردوو وڵات متمانەيان بەئێمە هەيە، دەيانەوێت لەو پڕۆسەيە نێوەندگيربين.

ئەو هەوڵە ديپلۆماسيانە بۆ توركيا دەرفەتێكى زێڕين بوو، توانى بيكات بە دەستكەوتێكى ئابوورى و ديپلۆماسى، هەر ئەوەش وايكردووە لەدواى واژۆكردنى رێككەوتنەكە وڵاتانى جيهان پێشوازى گەرم لەو رێككەوتنە بكەن.

پێشوازى وڵاتانى جيهان

ماريۆ دەراغى، سەرۆك وەزيرانى ئيتاڵيا رايگەياند، "رێككەوتنى ئيستەنبۆڵ بۆ رەوانەكردنى دانەوێلە و بەرهەمى خۆراكى لە ئيستەنبۆڵ هەواڵێكى گرنگە بۆ كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى."دەراغى بەڵێنى پاڵپشت توركياى لەو رێككەوتنەى لەگەڵ نەتەوەيەكگرتووەكان.

لۆيجى دى مايۆ، وەزيرى دەرەوەى ئيتاڵيا لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى رايگەياند، "ئەو رێككەوتنە هەواڵێكى باشە بۆ كرندەوەى كەناڵەكانى گفتوگۆ.

لاى خۆشيەوە ئاناليندا، وەزيرى دەرەوەى سويد راگەياند، "پێشوازى لە رێككەوتنى رەوانەكردنى ئەو دانەوێڵانە دەكەين كە لە بەندەرەكانى ئۆكراينا ماينەوە، هەروەها سوپاى هەريەك لە، ئەنتۆنيۆ گوترێس، سكرتێرى گشتى نەتەوە يەكگرتووەكان و رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا دەكەين لەسەر ئەو هەوڵانەيان بۆ كەمكردنەوەى قەيرانى خۆراك لە جيهان."

ئيداگار رينكيڤيكس، وەزيرى دەرەوەى لاتفيا، رايگەياند، "رۆڵى نەتەوە يەكگرتووەكان و توركيا بۆ ئاسانكارى ئەو رێككەوتنە مايەى ستايشە."

لە لايەكى ترەوە سێرگى لاڤرۆڤ، وەزيرى دەرەوەى رووسيا رايگەياند، "سوپاسى ئەردۆغان سەرۆكى توركيا دەكەين بۆ ئەو هەوڵانەى لە پێناو گەيشتن بە رێككەوتن لەسەر رەوانەكردنى دانەوێڵەى ئۆكراينا."

لە لايەكى ترەوە كۆشكى سپى ئەمەريكا پێشوازى لەو رێككەوتنەى نێوان رووسيا و ئۆكراينا و نەتەوە يەكگرتووەكان توركيا كرد.

جۆن كێربى، وتەبێژى ئەنجوومەنى ئاسايشى نەتەوەيى ئەمەريكا لە لێدوانێكى رۆژنامەوانى رايگەياند، "ئەو رێككەوتنە بۆ چاسەركردنى كەمبوونەوەى سەرچاوەكانى خۆراك لەجيهان هەنگاوێكى ئەرێنييە، سوپاسى هەريەك لە رەجەب تەيب ئەردۆغان و سكرتێرى گشتى نەتەوە يەكگرتووەكان دەكەين بەرانبەر ئەو هەوڵە بەرداوامانەيان بۆ گەيشتن بەو رێككەوتنە، رێككەوتنە دەبێتە چارەسەرى هەندێك شوێنەوارى دوورمەوداى جەنگى رووسيا."

بەلاى كێربيەوە پابەندى رووسيا بەو رێككەوتنە و جێبەجێكردنى پابەندييەكان كارێكى گرنگە، كە بريتيە لە لادانى گەمارۆى سەر بەندەرەكانى ئۆكرانيا، ئەوەش لە پێناو گەيشتنى ئەو بەرهەمانەيە بەجيهان، بە پێويستى دەزانێت رێككەوتنەكە لەمڕۆوە بخرێتە بوارى جێبەجێكردنەوە، چونكە جيهان رووبەڕووى كەمى خۆراك بۆتەوە.

سەرەڕاى واژۆكردنى ئەو رێككەوتنە بەڵام هێشتا گومانێك لاى ئەمەريكا هەيە ليندا تۆماس گرينڤيڵد، باڵيۆزى ئەمەريكا لە نەتەوە يەكگرتووكان، راگەياند، "واشنتن كار لەسەر هەڵگرتنى بەرپرسيارێتى رووسيا دەكات بۆ جێبەجێكردنى ئەو رێككەوتنەى بە چاودێرى نەتەوە يەكگرتووەكان كراووە."

يەكێتى ئەوروپا

جۆزيب بۆريل، رێكخەرى سياسەتى دەرەوەى يەكێتى ئەوروپا رايگەياند، "پێشوازى لەو رێككەوتنە دەكەين، كە توركيا و نەتەوە يەكگرتووەكان هەوڵەكانيان خستبووە گەڕ، رێككەوتنى ئيستەنبۆڵ هەنگاوێكە بۆ چارەسەكردنى كێشەكانى كە لە جەنگى رووسيا سەرچاوەى گرتووە، بەئاراستەى دروست، كە مليۆنان مرۆڤى تووشى مەترسى برسێتى كردووە."

لەبەشێكى ترى قسەكانى بۆريل داواى كرد پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنى ئەو رێككەوتنە، ئەوەش بە ئاسانكارى بۆ بارهەڵگرە گەنمەكانى ئۆكراينا لە دەرياى رەش دەبێت يەكێتى ئەوروپاش بەردەوام دەبێت لە هاوكارييەكى بۆ جێبەجێكردنى ئەو رێككەوتنە.

هەڵوێستى رووسيا

سێرجى شۆيگۆ، وەزيرى بەرگرى رووسيا رايگەياند، "مۆسكۆ لادانى مينە دەرياييەكان و كردنەوەى بەرندەرەكان لەچوارچێوەى ئەو رێككەوتنە ناقۆزێتەوە، دواى رێككەوتنى ئيستەنبۆڵ، رووسيا دەست بەو ئەركانە دەكات بەگوێرەى رێككەوتنەكە دەكەوێتە ئەستۆى، لە راستيدا پاكردنەوەى بەندەرەكان لە مين و كردنەوەيان ناقۆزيتەوە، ئێمە بەڵێنمان داوە بەوە پابەند بين."

هەڵوێستى ئۆكراينا 

بڵاويكردەوە ڤۆلۆديمێر زيلينسكى رايگەياند، "ئەو رێككەوتنە گرنگە، پێويستە نەتەوە يەكگرتووەكان بەرپرسيارێتى رێككەوتنى ئێمە و رووسيا لەسەر رەوانەكردنى دانەوێڵەى ئۆكراينا بگرێتە ئەستۆ."

لەبە شێكى ترى قسەكانى گوتى، "دواى واژۆكردنى ئەو رێككەوتنە رێگە دەدەين (20) مليۆن تۆن دانەوێڵەى وڵاتەكەمان رەوانەى وڵاتانى جيهان بكرێت، ئێستاش ئەو بارهەڵگرانەى ئامادەن بۆ فرۆشت، بايى (10) مليار دۆلارە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین