سەرۆكی فەرەنسا: راستی و دانپێدانانم لە داوای لێبووردن پێ باشترە عێراق ناوچەکە و جیهان
ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا لەگەڵ عەبدولمەجید تەبوون، سەرۆكی جەزائیر رێككەون لەسەر دروستكردنی لیژینەیەكی هاوبەش، كە لە مێژوونووسانی هەردوو وڵات پێكدێن، بۆ لێكۆڵینەوە لە داگیركردنی جەزائیر لە لایەن فەڕەنساوە.

ئەمڕۆ هەینی (26/ئاب/2022) ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاویكردەوە ئیمانوێل ماكرۆن لە دووەم رۆژی سەردانەكەی بۆ جەزائیر رایگەیاند، "راستی و دانپێدانانم پێ لە داوای لێبووردن لە بابەتەكانی پەیوەست بە داگیركاری جەزائیر لایەن وڵاتەكەم پێ باشترە."

سەبارەت بە لێدوانەكانی رابردووی كە نكۆڵی لێكردبوو گوتی، "ئەو بابەتە بە چیرۆكی خۆشەویستی دەچێت، هەندێك جار ناكۆكی هەیە بەڵام ئاشتەوایش هەیە، پێویستە رووبەڕوو بابەتەكانی پەیوەست بە رابردوو چارەسەر بكەین، سەبارەت بە رابردوو هەمیشە پێویستە ئەو بژاردانە هەبێت، داوای لێبووردن، یاخود پەشیمان بوونەوە، بەڵام من راستی و دانپێدانم پێ باشترە، ئەگەر وانەكەین، هەرگیز پێشناكەوین."

لە بەشێكی تری قسەكانی ئاماژەی بەوە كرد، “من منداڵ نیم، رۆڵەیەك لە رۆڵەكانی ئەو جەنگە نیم، بەڵام نە فەرەنسا و نە جەزائیر بەو جۆرە ناتوانن پێشكەون، چونكە مێژوومان هاوبەشە."

پێشتر رێكخراوەكان و چینەكانی جەزائیر داوایان كرد، فەرەنسا بە فەرمی داوای لێبووردن لە قۆناغی داگیركاری وڵاتەكەیان بكات، دان بەو تاوانە دابنێت دژ بە جەزائیرییەكانیان ئەنجامیان داوە.

سەبارەت بە بایەخی رێككەوتنەش لەگەڵ سەرۆكی جەزائیر ماكرۆن پێیوایە دروستكردنی ئەو لیژنە هاوبەشەی مێژوونووسانی هەردوو وڵات كارێكی مێژووییە، گوتیشی، "داوامان كردوو لیژنەیەكی هاوبەش لە پێنج یاخود شەش مێژوونووسی هەردوو وڵات پێك بێت، هەموو ئەریشیفەكانی پەیوەست بەو دۆسیەیان لە (1830) تا كۆتایی ئەو جەنگە بۆ دەكەینەوە، ئەو ئەرشیفانە هەموو توندوتیژیەكی كە جەزائیرییەكان دەیزانن ئەو كەسانەشی ونبوونە تێدایە."

سەبارەت بە جۆری رێككەوتنەكەش ماكرۆن ئاشكرایكرد، "لەسەر ئەوە رێككەوتووین ئەو كارە ماوەی ساڵێك بۆ مێژوونووسەكان جێبهێڵین، بۆ ئەوەی بزانین ئەنجامی ئەو كارانە چی دەبێت، پاشان بڕیارەكان دەدرێن."

دروستكردنی ئەو لیژنە هاوبەشە بەهێزترین خاڵی رێككەوتنە لە سەردانی ماكرۆنە بۆ جەزائیر، حكومەتی جەزائیر داوای كردووە ئەرشیفی نیشتیمانی پەیوەست بە قۆناغی هەبوونی عوسمانییەكان لەو ناوچەیە رادەستی بكاتەوە، هەروەها لێكۆڵینەوە لە قۆناغی داگیركاری فەڕەنسا پەیوەست نەبێت بە قۆناغی جەنگی ئازادكردن.

فەرەنسا هەر لە سەرەتاوە رەزامەندی دەربڕیووە، بەڵام جەزائیرییەكان بەوە رازنین تەنیا ئەرشیفەكان بكرێنەوە، بەڵكو داواش دەكەن ئەو ئەرشیفەیان رادەست بكرێتەوە.

لە ماوەی پێنج ساڵدا ماكرۆن بۆ دووەم جار سەردانی ئەو وڵاتەی كرد، شاندێكی (90) كەسایەتی لە وەزیران بزنسمان و رۆشنبیر و پسپۆڕانی مێژووی لەگەڵ بوو. 

ئەو سەردانەی سەرۆكی فەرەنسا ئاڕاستەكەی روو لە گەنجانی ئەو وڵاتە بوو، ئامانجیش تێپەڕاندنی ئەو ئاڵۆزییەیە نزیكەی ساڵێكە بەهۆی پرسە ناكۆكەكانی ئەو دوو وڵاتە هەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین