ئـابـووری سـووریـا دوای 10 سـاڵ جـەنـگ!! ئابووری جیهان
زیانی جەنگی 10 ساڵەی وڵاتی سووریا، زیاتر لە 442 میلیار دۆلار بووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری، بۆ زیاتر لە 2 میلیۆن کەس.

نوچەنێت

سووریای خاوەن پێگەی چوار دەریایی لە دوای دەیەیەک جەنگی بەردەوام، 2 میلیۆن دانیشتووی وڵاتەکەی هەژار بووە، ڕکابەری بەردەوامی زلهێزە جیهانییەکان، بۆ پێگەی جیوگرافی ئەو وڵاتە بووەتە هۆی داڕمانی ئابووررییەکە و زیادبوونی تراژیدیایی مرۆیی ناوچەکە. 

دەساڵ لەمەوبەر، وڵاتی سووریا خاوەن ئابووریەکی گەشەکردووی ناوچەکە بووە، بەڵام دوای ئەو ماوەیە، ژێرخانی ئابووری وڵاتەکە تەواو داڕماوە، کە گەشەکردنی لە ماوەیەکی نزیک دا ئەستەمە. 

لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە ئابووری سووریا، کۆمیسیۆنی (ESCWA)ـی نەتەوە یەکگرتووەکان و، زانکۆی سانت ئەندرووس زیانەکانی ئابووری ئەو وڵاتەیان بە زیاتر لە 442 میلیار دۆلار خەمڵاندووە، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە کە 82%ـی، ئەو زیانانەی بەهۆی جەنگی سووریاوە کەڵەکەبوون، لە حەوت کەرتی تایبەت خۆیان دەبیننەوە، لەوانە: کەرتەکانی (  خانووبەرە، کانگە و کانزا بە نرخەکان، ئاسایش، گواستنەوە، پیشەسازی، کارەبا و تەندروستی). 

ئەم زیانانەی وڵاتی سووریا لە کاتێکدایە، کە داهاتی ناوخۆیی GDP ئەو وڵاتە  لە ساڵی 2018، بە ڕێژەی 54% دابەزیوە بەراورد بە ساڵی 2010، واتە پێش هەڵگیرسانی بەهاری عەرەبی لە ئەو وڵاتە.

دیمەنی مرۆیی سووریا ئاڵۆزترە لەسەرجەم دیمەنە تراژیدیایەکانی ژێرخانی ئابووری!!

ئامارە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژە بە زیادبووی ڕێژەی هەژاری، بۆ زیاتر لە 2 میلیۆن کەس دەدەن، جگە لەوەی کە زیاتر لە 5.6 میلیۆن خەڵکی سووریا پەنابەری وڵاتانی جیهان و دراوسێیەکانن. 

پوختەی زیانەکانی وڵاتی سووریا لە 2010 بۆ 2021

سەرچاوە جیهانی و ناوخۆییەکان، بە ئاماری جوودا زیانەکانی وڵاتی سووریا دەخەنەڕوو، بە جۆرێک بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی رویای جیهانی، بۆ هاوکاری مرۆیی، کۆی زیانەکانی ئەو وڵاتە لەو ماوەیەدا بە 1.2 تریلیۆن دەخەمڵێنێت، هەروەها وەزیری کشتوکاڵی سووریا  زیانەکانی کەرتی ئاژەڵی بە ڕێژەی 50%، کۆی  خاوەنداریەتی سووریا دەخەمڵێنێت.

ڕێکخراوی Unicef، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی نرخی بەربوومی خۆراکی بۆ ئاستی 230%، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا دەدات، جگە لەوەی کە ناوەندی ئاماری سووریا ئاماژە بە بەرزبووەنەوەی ئاستی کاڵاکان، بۆ 2008% دەدات. 

سەبارەت بە ئاستی قەرزەکانی وڵاتی سووریا، لە داهاتی ناوخۆیی هەر تاکێك، وەزیری کشتوکاڵی سووری گوتی: "ئاستی قەرزەکانی وڵاتەکەمان لە 30% بۆ زیاتر لە 208%، بەرزبووەتەوە لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2019." 

زیانەکانی سێکتەری نەوتی وڵاتی سووریا، بە زیاتر لە 91.5 میلیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، سەبارەت بە بەهای لیرەی سووری، بەرامبەر بە دۆلار، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2010ـدا، بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی 47 لیرە بووە، بەڵام لە 2021ـدا، هەر دۆلارێکی ئەمریکی  بە شێوازی نافەرمی بە 4015 لیرە و بە فەرمی بە 1260، لیرەی سووری ئاڵوگۆڕی پێکراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین