سادات پەكیر (50) تویت دژ بە نزیكەكانی ئەردۆغان دەكات شیکاری
دوای چەندین مانگ بێ دەنگی، سادات پەكیر لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییە زنجیرەیەك تۆمەتی ئاڕاستەی كەسایەتییەكی نزیك لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كرد، سەرۆكی توركیاش بە فێڵی ناشیرن ناوی دەبات.

لە (27)ی مانگی رابردوو سادات پەكیر لە رێگەی ئەكاونتێك لە تویتەر (50) تویتی بڵاوكردەوە، لەو تویتانەی هەریەك لە عەلی فوئاد تاچیینلی ئۆغلۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی بازاڕە سەر دەمیەكان و یەكێك لە راوێژكارانی ئەردۆغان و رۆژنامەنووسێكی لە (حوریەت) كردە ئامانج، كە بە قسەی پەكیر تۆڕێكیان  لە پێناو وەرگرتنی بەرتیل لە بەرانبەر پاڵپشتی لە هەندێك كۆمپانیا لەسەر حیسابی هەندێكی تر دروستكردووە.

ئەو تۆمەتانەی پەكیر دەنگدانەوەیەكی گەورەی لە ناوەندەكانی توركیا هەیە، بەتایبەت ئەوانەی لە سەر پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان حیسابن، بە جۆرێك كاریگەری دروستكردووە، هەندێك لەو كەسانەی ناچار كرد دەست لە كار بكێشنەوە، هەروەها بە پرسانی ئۆپۆزیسیۆنیش لە داواكاری گشتی ئەنقەرە سكاڵایان تۆماركرد.

كۆركماز كاراجا، راوێژكاری ئەردۆغان و  ئەندامی دیاری ئاكپارتی، دوای ئەوەی سادات پەكیر بە وەگرتنی بەرتیل تۆمەتباری كرد، دەستی لە كار كێشایەوە، لە لاپەڕەی فەرمی خۆشی نووسی، "ئەو هەڵمەتەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە دژم دەست پێكراوە، هەڵمەتێكی نا ئەخلاقییە، ئەو تۆمەتانە كچەكەم و خێزانەكەمیشی گرتەوە هەڕەشە لە تەندروستیم دەكات، لەبەر ئەو هۆكارانە دەست لە پۆستەكەم دەكشێنمەوە."

پێش كاراجا ئیرك ئاكاریر، بڵاویكردەوە سیركان تاران ئۆغلۆ، راوێژكاری ئەردۆغان بەهۆی كێشەی تەندروستییەوە دەستی لە كار كێشایەوە، ئەوەش دوای تۆمەتەكانی پەكیر بوو كە ئاڕاستەی كرابوو، بەڵام سیركان هیچ روونكردەوەیەكی فەرمی بڵاو نەكردەوە، لاپەڕەكەشی لە تویتەر داخراوە.

دەركەوتنەوەیەكی لە ناكاو           

لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو سادات پەكیر لە رێگەی بڵاوكردنەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەك لە یۆتیوب دەركەوت، سیاسی دیارەكان و توركیا و پارتە گەورەكانی بە كاری نا یاسایی تۆمەتبار كرد، هەروەها بەشێكی تری تۆمەتەكانی پەیوەست بەوەی ئەوانە پێشێلی مافیەكان و كاری نا یاسایی دەكەن.

سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی توركیا، كە بە كەسێكی نزیك لە پارتی فەرمانڕەوا ناسراوە دیارترین كەس بوو كەوتە بەر تۆمەتەكانی پەكیر.

پەكیر ماوەی چەندین مانگ تۆمەتەكانی ئاراستەی بەرپرسانی توركیا كرد، لە راگەیاندنەكانی توركیا بڵاویكردەوە فشاری لەسەرە، كە ئەو كاتە لە ئیمارات دەژیا كارەكانی راگرت. 

پسپۆڕیكی سیاسی: تا دوای هەڵبژاردن سادات پەكیر لە تویتەكانی بەردەوام دەبێت

لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ئەنقەرە و ئەبوو زەبی رێككەوتن، توركیا بە فەرمی داوای دەستگیركردنی پەكیری لە ئیمارات كرد، بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی سەباحی نزیك لە حكومەت پۆلیسی ئینتەرپول لە یەكی شوباتەوە لە (194) بەدوای پەكیر دەگەڕێت.

بەڵام ئیمارات تا ئێستا هیچ لێدوانێكی لەسەر سادات پەكیر نەداوە، هەنگاوی یەكەمی توركیا بە فەرمی داوای لە ئەبو زەبی كرد.

فێڵ و لێكۆڵینەوەكان

بە درێژایی حەوت رۆژی رابردوو تویتەكانی پەكیر بابەتی گەرمی دەزگا راگەیاندن و رۆژنامەكانی نزیك لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان بوو، ئەوەش لە كاتێدایە نزیكەكانی ئەردۆغان ئەو تۆمەتانە رەت دەكەنەوە، حكومەتی توركیا بە فەرمی هیچ لێدوانێكی لەسەر ئەم بابەتە نەداوە، تەنیا رۆژی پێنجشەمەی رابردوو ئەردۆغان رایگەیاند، "بەداخە كەسانێك هەوڵدەدەن لە پێناو فێڵێكی ناشیرنی مافیاكانی تاوان سیستەمی دادپەروەری لە وڵاتەكەمان بكەنە قوربانی، بەڵام هەرگیز رێگە بەو ئابڕوبردنە نادەین."

ئەو قسانەی ئەردۆغان دوو رۆژ دوای داواكاری پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان بوو، كە داوایان كرد بوو، لێكۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی سادات پەكیر بكرێت.

ارتی گەلی كۆماری، كە پارتی سەرەكی ئۆپۆزیسیۆنە داوای لە داواكاری گشتی كرد دۆسیەی لێكۆڵینەوە لەسەر بنەمای تۆمەتەكانی سادات پەكیر بكەن، موحەرم ئیركی، جێگری سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری رایگەیاند، "هەموو ئەو ڤایرۆسانەی لە ئاسمانی وڵاتن پاك دەكاتەوە."

لەبەشێكی تری قسەكانی رایگەیاند، "گەندەڵی گەیشتۆتە پلەیەك بۆتە كێشەی مانەوەی راستەقینە، دۆخی دادگاش جێگەی نیگەرانییە، لەبەر ئەوەی ئێمە داواكارین ناتوانین بجوڵێت."

بەهەمان شێوە پارتی باشە و ئایندە و سەركەوتن و دیموكراسی و پێشكەوتن لە داواكاری گشتی ئەنقەرە داوایان تۆمار كردووە.

سادات پەكیر چی دەوێت؟

تا ئێستا بە دیاریكراوی نازاندرێت پەكیر چی دەوێت، كێ لەپشت ئەو تۆمەتانەیەتی، ئەو داوایەشی هەشت مانگ پێش ئێستا ئەنقەرە لە ئەبوو زەبی كردووە، تا ئێستا روون نییە. 

هیشام گۆنای، لێكۆڵەر لە كاروباری توركیا رایگەیاند، "گێرانەوەی پەكیر بۆ توركیا چارەسەری هیچ شتێك ناكات، بە پێچەوانەوە لە دادگاكان باس لە شتی تریش دەكات، چونكە لەسەر بنەمای بەڵگە و تۆمەتەكان داواكاری تریش هەیە، ئەو كێشەیەش دەلاقەیەك دەكاتەوە ئەستمە بتواندرێت داخرێت."

بەقسەی ئەو لێكۆلەرە توركە پەكیر بۆتە كێشەیەكی گەورە، گەڕانەوەی ئێستاشی بە هێزەوەیە، بەڵێنی داوە بەردەوام بێت، لە داهاتوو ڤیدیۆش بڵاوبكاتەوە، ڤیدیۆكانی دەداتە كەسانێكی متمانە پێكراو.

گێڕانەوەی پەكیر بۆ توركیا چارەسەری هیچ شتێك ناكات

پەكیر باسی ناو و كات و مێژووەكان دەكات، هەندێك پەیوەندی نێوان ئەو كەسانەی تۆمەتباری كردوون جارێك بە بەرتیل و جارێك بە كوشتن ئاشكرا دەكات.

گۆنای پێیوایە لەو قۆناغەی ئێستا بۆ ئیدارەی توركیا قوورسە مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسە بكات، بە پشتبەستن بەوە دادگا دەجووڵێنێت، چونكە فشارێك لە رایگشتی هەیە بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو كەسە.

لە بەرانبەردا موهەند حافز ئۆغلۆ، لێكۆڵەر و سیاسی دەڵێت، "سادات پەكیر دیاردەیەكی ئامادەكراوە، ئامانجی سەرەكی لێدانە لە ئاكپارتی و بەرپرسە سەرەكییەكانی لە دەوڵەتی توركیا، چ وەزیری ناوخۆ بێت، یاخود كەسانی تر، ئەو دیاردەیە كۆتایی نایەت، تا دوای هەڵبژاردنەكان، كەسانی تریش دەبن ئەو كارە بكات تا هەڵبژاردنەكان كۆتایی دێت، جا ئەو شتانە لە لایەن سادەتەوە بێت، یاخود خەڵكێكی تر بێت كە خاوەنی راگەیاندێكی چەواشە كران لە ناوخۆ و دەرەوە دژ بە توركیا.

موهەند پێیوایە، "كێشەی سەرەكی بریتییە لە هەڵبژاردنەكانی توركیا، زۆر لۆبی و كەسایەتی و پارت لە دەرەوە و ناوە هەیە ترسی لە سەركەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەكانی توركیا هەیە، هەر ئەوەش وایكردووە پەیامەكانیان ئاڕاستەی ناوخۆی توركیا بكەن، بە پشتبەستن بەوە ئەو دۆخە دەمێنێتەوە رووبەڕووی دەنگدەری توركی دەبنەوە، لە رێگەی دزە پێكردن و تۆمەتەكان فشار دەخەنە سەر دەنگدەری توركی، هەركات لە دۆسیەك شكستیان هێنا، سادات دۆسیەكی دیاریكراو دەوروژێنێتەوە."

هیشام گونای دەڵێت، "سادات كەسێكی مافیایە ئەوەی بەلایەوە گرنگە بە پلەی یەكەم بەرژەوەندی خۆی، بەڵگەی لانیە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاری بهێنێت، خواستی پەكیر دەربازكردنی توركیا نییە، یاخود سەركۆنە كردنی ئەو كەسانەی تاوانیان ئەنجام داوە، چونكە ئەو خۆی لە بنڕەتەوە لە چەندین تاوان گلاوە، ئەو بەڕوونیش دەڵێت دەمەوێت بەرژەوەندی خۆم بەدەستبهێنێنم، لەوانەشە كەسانێك هەبن سازشی لەسەر بكەن، كەسانێكی تر لەپشت بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكان بن، ناشكرێت بڕوا بە هەموو ئەو شتانە بكەین كە پەكیر بە بەردەوامی بڵاوی دەكاتەوە، لە رابردووش وەستا لە هەر چركە ساتێكیش بێت دەوەستێتەوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین