توركیا وەزیری پەروەردەی داعش دەستگیر دەكات تورکیە
دەزگا ئەمنییەكانی توركیا وردەكاری دەستگیركردنی بەشار سمێدعی، سەركردەی باڵای رێكخراوی تیرۆرستی داعشیان بڵاوكردەوە.

ئەمڕۆ هەینی (نۆی/ئەیلوول/2022) ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاویكردەوە دەزگای هەواڵگری توركیا وردەكاری دەستگیركردنی بەشار سمێدعی ناسراو بە ئەبو زەید، بڵاوكردەوە.

دوای ئەوەی گومانی لێدەكەن دەست دەكەن بە چاودێرییكردنی داكراو، كاتێك لە شوێنی مانەوەی دەرچووە ریشی تاشیووە، باڕۆكەی لەسەری داناوە، چاوێلكەی كردۆتە چاو، ئەوەش وایكردووە گومانی لێ بكرێت، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراوەتەوە ماوەی حەوت مانگ دەزگای هەواڵگری توركیا لە رێگەی تیمێك  لە ناوچەی ساری یەر لە ئیستەنبۆڵ سەرقاڵی دیاریكردنی شوێنی  ئەبوو زەید بوون.

لەدوای كۆتاییهانی بەدوا داچوون لە رێگەی ئۆپراسیۆنی تیمێكی هاوبەشی ئاسایشی گشتی و بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ئیستەنبۆڵ و دەزگای هەواڵگری توركیا دەستگیر كرا و پاشان رەوانەی كۆشكی عەدلی لە ئیستەنبۆڵ كرا.

دوێش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، "بەشار خەتاب غەزال سمێدعی، بەرپرسی باڵای رێكخراوی تیرۆرستی داعش لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی وڵاتەكەمان دەستگیركرا."

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش كرد، "لەدوای كوژرانی ئەبوو بەكر بەغدادی و عەبدوڵا قەرداش، سمێدعی یەكێكە لە دیارترین سەركردەكانی رێخراوی داعش، راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و دەزگای ئەمنی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان زانیاری سوود بەخشی لەسەر ئەو سەركردەیە تێدا بوو، هەروەك لە كاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵی دەركەوت وەزیری پەروەردە و بەرپرسی دادگای ناو رێكخراوكە بووە."

سەرۆكی توركیا سەبارەت بە چۆنیەتی دەستگیركردنی گوتی،"ماوەیەكی زۆرە چاودێری پەیوەستبوونی بە سووریا و ئیستەنبۆڵ دەكرێت، دوای كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگری لەسەر هاتنی بۆ توركیا بە رێگەی نایاسایی، لە رێگەی تیمێكی ئاسایش و هەواڵگری دەستگیر كرا، لە كاتی لێكۆڵینەوەش دەركەوت ناسنامەیەكی ساختەی لە گیرفان بوو و شێوەی خۆی گۆڕیووە."

لە ماوەی رابردووش حكومەتی توركیا چەندین جار رایگەیاندووە، چەندین كەسی ئەو رێكخراوەی لە شارەكانی توركیا دەستگیر كردووە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین