عەلی باباجان: دوای هەڵبژاردنەكان دۆخی ئابووری توركیا زۆر بەخێرایی باش دەبێت تورکیە
عەلی باباجان، سەرۆكی پارتی دیموكرات و پێشكەوتن رایگەیاند، "تێبینی ئەوەم كردووە گەلی توركیا خواستی گۆڕینی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایان هەیە، لادانی دەسەڵاتی ئێستا لە رێگەی هەڵبژاردنەكان كێشە ئابوورییەكانی توركیا بەخێرایی چارەسەر دەكات."

پێنجشەممە (15/ئەیلوول/2022) ماڵپەڕی (زەمانی توركی) بڵاویكردەوە سەرۆكی پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن سەردانی ناوچە بازرگانییەكانی چابوكی لە ئەنقەرەی پایتەخت كرد و لەگەڵ كاسبكارانی ئەو ناوچەیە گفتوگۆی كرد. 

باباجان رایگەیاند، "لە گفتوگۆكردن لەگەڵ كاسبكارانی ئەو ناوچەیە بۆم دەركەوت دەخوازن دەسەڵاتی ئێستا بگۆڕن، یەكێك لە كاسبارەكان پێیگوتم، ئێمە زۆر كاردەكەین بەڵام هیچ بەهایەك بۆ كارەكەمان نابین، بەڵكو رۆژنانە بەبێ بەهایی كاركردن زیاد دەكات، ئێمە بێهێوا بووینە، كاردانەوەی زۆر هەیە."

لە بەشێكی تری قسەكانی سەرۆكی پارتی دیموكراسی پێشكەوتن جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "ئەو دۆخە تا هەڵبژاردنی داهاتوو بەردەوام دەبێت، پێش هەڵبژاردنەكان هیچ چاكسازییەك ناكرێت، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنەكان دۆخی ئابووری زۆر بەخێرایی باش دەبێت."

سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانیش عەلی باباجان ئاماژەی بەوە كرد، "لە میانەی گەشتە حزبییەكانم بۆ ناوچەكان هەستم بەوە كردووە گۆڕانكاری گەورە روودەدات، لە مانگی رابردوو سەردانی (18) ویلایەتم كرد، خواستێگی زۆر گەورەم بۆ گۆڕانكاری لە هەموو توركیا بەدی كردووە."

عەلی باباجان، یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پارتی دادوگەشەپێدانی فەرمانڕەوا، لە كابینەی پێشووی حكومەتی توركیا وەزیری دارایی ئەو وڵاتە بوو، بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئاكپارتی و سەرۆك كۆماری ئێستای توركیا دەستی لەكاركێشایەوە و پارتی دیموكراسی و پێشكەوتنی دامەزراند.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین