بـەنـدەرەکـانـی گــواسـتـنـەوەی نـەوت لـە جـیـهـان شیکاری ئابوری
دوای داخستنی نۆکەندی سووێس (کەناڵی سووێـس) بەهۆی گیرخواردنی کەشتییەکی بارهەڵگر، ئێران داوا لە ڕووسیا دەکات، بەندەرەکانی وڵاتی ئێران بەکاربهێنیت، بۆ هەناردەکردنی وزەی وڵاتەکەی، ئەم سیاستەی ئێران کاریگەری لەسەر هاوسەنگی بەندەرەکانی جیهان، بۆ گواستنەوەی نەوت دروست دەکات.

ئامادەکردنی نوچەنێت

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند، کە کازم جەلالی باڵیۆزی ئێران لە ڕووسیا، پێشنیاری چالاککردنی هێڵی کەشتییە بارهەڵگرەکانی ڕووسیای بە خاکی ئێراندا کردووە، وەک جێگرەوەی نۆکەندیی سووێس، ئەم هەوڵەی حوکوومەتی ئێران لە کاتێکدایە، کە ڕووسیا بە هۆی داخستنی نۆکەندی سووێسەوە، ڕۆژانە نزیکەی نیو میلیۆن بەرمیل لە هەناردەی ئەو وڵاتە کەمدەکات و لە نۆکەندی سووێس کەڵەکە دەبێت. 

هەرەوەها کازم جەلالی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی ئێران IRNA ڕایگەیاند، هەوڵی جدی دەدەین بۆ تەواوکردنی کارە لۆجستییەکانی پرۆژەی کۆریدۆری (باکوور – باشوور)، ئەم لێدوانەی بەرپرسی ئێران دوای داخستنی نۆکەندی سووێس دێت، کە شرۆڤەکاران بەردەوامی داخستنی کەناڵەکە، بە هۆکاری سەرەکی کردنەوەی چەندین ڕێگای جێگرەوە دەدەن. 

ماوەی چوار ساڵە ئێران، کار بۆ تەواو کردنی کۆریدۆری (باکوور – باشوور) دەکات، بۆ گەیاندنی هێڵە بازرگانی و شادەمارەکانی ڕووسیا و هیندستان، لە ڕێگەی خاکی ئێرانەوە. 

باڵیۆزی ئێران لە ڕووسیا، لە بارەی ئەم پرۆژەیەوە گوتی: " گواستنەوەی کەشتییە بازرگانییەکان لە ڕێگەی کۆریدۆری باکوور – باشوور، دەبێتە هۆی کورتکردنەوەی ڕێرەوەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، بە ڕێژەی 30%، بەراورد بە گواستنەوە لە ڕێگەی نۆکەندی سووێس." 

هەروەها گوتی: "ئەم پرۆژیە سەقامگیترە، لە کەناڵی سووێس، ساڵانە توانای گواستنەوەی زیاتر لە میلیار تۆن کاڵای هەیە.

کەناڵی سووێس بە کورترین، ڕێگای ئاوی نێوان ئاسیا و ئەورووپا دادەنرێت، هەروەها سەرچاوەی سەرەکی دراوی بیانی وڵاتی میسرە. بەردەوامی داخستنی کەناڵەکە، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بۆ ڕێژەی 10% بەهێزتر دەکات.

گـرنـگـتـریـن بـەنـدەرەکـانـی گـواسـتـنـەوەی وزە لـە جـیـهـانـدا:

ئاژانسی وزەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکیدا، گرنگترین بەندەرەکانی جیهانی، بۆ گواستنەوەی نەوت لە 2018ـدا خستەڕوو، لە ڕاپۆرتەکدا حەوت ڕێڕەوی سەرەکی گواستنەوەی وزەی جیهان هەن، کە ڕێژەی 50%ـی، نەوتی تانکەری ناوچەکانی جیهان دەگوازنەوە. 

گرنگترین ڕێرەوەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا

 

گەرووی هورمز: بەگرنگترین ڕێرەوەی گواستنەوەی جیهان دادەنرێت، کە (کەنداوی فارسی، کەنداوی عومان و دەریای عەرەبی) بە یەکەوە دەبەستێتەوە، دەکەوێتە نێوان ئێران و عومان. لەڕێگەی ئەم ڕێگایە دەریاییە، ڕۆژانە زیاتر لە، 17 میلیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی جیهان دەکرێت، کە هاوتەیە لە گەڵ ڕێژەی 20%ـی، کۆی هەناردەی وزەی جیهانی لە ڕێگەی کەشتتییەوە. 

گرنگی و پێگەی ستراتیژی، ئەو ڕێرەوە گرنگەی جیهان، هۆکاری سەرەکی بووە، لە هەڕەشەی داخستنی ڕێرەوەکە لەلایەن ئێرانەوە، دوای سەپاندنی سزا ئابوورییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەڵام لەهەمانکاتدا، ئێران هەوڵی ڕێرەوی تر دەدات، بۆ گواستنەوەی وزەی وڵاتەکەی بۆ بازاڕەکان، بە تایبەت دوای تەواو بوونی پرۆژەی (جاسک). 

بەندەری مەلاکا: دووەم بەندەری ستراتیژی گواستنەوەی وزەیە، دەکەوێتە نێوان ئەندەنوسیا، مالیزیا و سەنگافورە، بە ڕێرەوێکی سەرەکی گواستنەوەی وزە، بۆ وڵاتە ئاسیاییەکانی (چین، یابان و کۆریای باشوور) دادەنرێت، هەروەها تاکە ڕێرەوە، لە لکاندنی کەنداوی فارسی بە زەریایی هیندی و دەریای باشووری چین، لەوێیشەوە بۆ زەریای ئارام. لە ساڵی 2018، ڕۆژانە بڕی 15.7 میلیۆن بەرمیل، لە ڕێگەی ئەم بەندەرەوە هەناردەی بازاڕەکان کراوە، بەڵام کێشەی هەرە سەرەکی ئەم بەندەرە دزیکردنە لە کەشتییە نەوتییەکان، بەڕێژەی 20%، لە لایەن ئەندەنوسیاوە، هۆکاری سەرەکی ئەم دیاریدەیەیش کێشەی سنووری ئەم گەرووەیە لە گەڵ کەناڵی فلیپن. 

کەناڵی سووێس (نۆکەندی سووێس): لە ساڵی 2018، ڕۆژانە زیاتر لە 4.6 میلیۆن بەرمیل، لە ڕێگەی سێیەم کەناڵی ستراتیژی، کەنالی سووێس و هێڵی گواستنەوەی سومید SUMED، هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە، کەناڵی سووێس، خاڵی بەیەکبەستنەوەی دەریای سوور و دەریای سپی ناوەڕاستە، زۆربەی نەوتی ئەو ناوچانە لە ڕێگەی باکووری نۆکەندی سووێسەوە، هەناردەی بازاڕەکانی ئەورووپا دەکرێت، بەڵام لە دوای ساڵی 2008، وڵاتانی باشووری کەناڵەکە (وڵاتانی ژێر دەستەڵاتی کۆماری یەکێتیی سۆڤیەت)، هەوڵی هەناردەکردنی وزەی ناوچەکانیان دەدەن، بۆ  بازاڕەکانی ئاسیا.

هەریەکە لە ڕێرەوەکانی گواستنەوە، (بۆسفۆر، باب ئەلمەندەب، پەناما)، لە ڕیزبەندی دوای بەندەرەکانی سەرەوە دێن، لە گواستنەوەی نەوتی جیهان. 

گەشەی خێرای وڵاتانی ئاسیا و، زیادبوونی قەبارەی پیشەسازی چەک و تەکنەلۆژیا، کێڕڤی خواستی وزەی جیهانی لە ئاستێكی بەرزدا هێشتۆتەوە، بۆیە هەر بڕیارێکی سیاسی وڵاتانی هاوسنووری نێودەوڵەتی، ئەم پێگە گرنگانەی بازرگانی نێودەوڵەتی، کاریگەری جیۆستراتیژی، جیۆئیکۆنۆمی، لەسەر بڕیارەکانی تایبەت بەو ناوچانە دروست دەکات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین