هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوای زیاتر لە دەیەیەک لە عێراق وەرگێڕان

سنور یاسين: تایبەت بەنوچەنێت

ئا: سنور یاسین

پێشەکی

لە کۆنەوە دەگوترێت گەر مرۆڤەکان ئازاد بکرێن، توانای بڕیاردان یان هەڵبژاردنی هەرشتێکیان هەبێت لە ژیانیاندا کە خۆیان مەبەستییانە ئەگەری زۆرە باشتر و سەرکەوتووتر بێت لەوەی کە کەسێکی تر بۆی دیاری بکات یاخود بەزۆر بەسەریدا بسەپێندرێت. لە سیاسەتدا هەڵبژاردن پرۆسەیەکی گرنگە، چارەنووسسازە و دەنگدەر مافی تەواوی هەیە بە ئازادی، دوور لە هەر جۆرە سەپاندنێک یان کاریگەرییەک، لە پرۆسەیەکی تەواو شەفافەنادا لە ماوەی دیاریکراوی پرۆسەی دەنگداندا دەنگی خۆی بدات و کاندیدی پەسەندی خۆی هەڵبژێرێت. هەڵبژاردنی کەسانی پەسەند لای هەر تاکێک تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە لە بەرانبەردا کاندیدە سەرکەوتووەکان دەکەونە ژێر چەندین بەرپرسیاریێتی جیاوازەوە، دواتر بە جێگەیاندنی ئەرکەکانیان وەک خۆی یان بە گوێرەی پێویستی و ئەرکەکانی سەرشانییان دەبێتە وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو متمانانەی کە دەنگدەر پێیانى دوان و هەڵیانبژاردوون.

عێراق

 بە گوێرەی دەستووری عێراق (2005)، "عێراق وڵاتێکە فرە نەتەوەیە، لە کولتوور و ئایینی جیاواز پێکهاتووە، ژن و پیاو لە تەمەنی دیاریکراوی دەنگداندا کە یاسا ئەو تەمەنە دیاری دەکات مافییان هەیە بە ئازادانە دەنگ بدەن."[1]عێراق وڵاتێکی فیدڕاڵییە و لە (18) پارێزگا پێکدێت کە چاوەڕوان دەکرێت ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەش بە تەواوی کۆتایی پێبێت و هەڵەبجە ببێتە (19)مین پارێزگای عێراق.

مێژووی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

يەکەم هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە "هەموو پارێزگاکانى عێراق لە (30/1/2005) بەڕێوەچووە."[2] دووەم هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە "(31/1/ 2009) ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەچووە، ئەو هەڵبژاردنە تەنیا لە چواردە پارێزگا بەڕیوە چووە، شارەکانى هەرێمى کوردستانى نەگرتووە، هەروەها لە کەرکوکیش هەڵبژاردن نەکرا."[3] پێش زیاتر لە (10) ساڵ لە "(20/4/ 2013) هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەڕێوەچوو، ئەم هەڵبژاردنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و شارى کەرکوکى نەگرتەوە."[4] دوایین هەڵبژاردن لە "(18/12/2023) لە پارێزگاکانى عێراق جگە لە سێ پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، ئەم هەڵبژاردنە لە شارى کەرکووکیش ئەنجامدرا."[5]

هەڵبژاردنی (2023)ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

دوای زیاتر لە دەیەیەک بڕیاردرا کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان ڕۆژی (18)ی کانوونی یەکەمی (2023) بەڕێوە بچێت. پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لە کاتژمێر (7)ی بەیانی (18)ی دیسەمبەری (2023) دەستیپێکرد و تا کاتژمێر (6) ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ بەردەوام بوو، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز "ڕێژەی بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان لەم ڕۆژەدا %41 بووە، هەڵبژارنەکە لە (15) پارێزگای عێراق بەڕێوەچوو."[6] ئەرکی سەرەکی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان "بریتییە لە هەڵبژاردنی پارێزگار، لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون، چاودێریکردنی کارەکانی بەڕێوەبەرەکان و یەکە ئیدارییەکان."[7] هەروەها "(6000) کاندید کە (1600) یان ژن بوون کێبڕکێیان کرد بۆ بەدەستهێنانی (285) کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە (15) پارێزگای عێراقدا، بە گوێرەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەو (285) کورسییە (10) کورسی تەرخانکراوە بۆ کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان."[8] وەک ئاشکرایە عێراق هەمیشە بە فرە ئایینی و نەتەوەییەوە بەناوبانگە، مێژووەکەی گەواهیدەری ئەو ڕاستییەیە و ئێستاش ئەو فرەیی و پێکەوە ژیانە بوونی هەیە.

پرۆسەى هەڵبژاردن بە (128) لیستی هاوپەیمان، (77) پارتی سیاسی، (18) بێلایەن، (48) کاندیدی کەمینەکان بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا کردبوو بەڕێوەچوو،"[9] هاوکات "نزیکەی (17) ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو لە (7،166) بنکەی دەنگدان کە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان تەرخانکرابوون، هەروەها (1800) چاودێری نیودەوڵەتی بانگهێشت کرابوون"[10] بۆ بەشداریکردن لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبزاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانییان دەکرد، ئەمەش لەبەر ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی شەفاف و لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت.

کورد و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

گڕوتین و بەشداریکردنى کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێویست و گرنگ بوو، دەنگدەری کورد بە تاسەوە بەشدار بوون لە دەنگدان لەم پرۆسە چارەنووسسازە و پێیان وابوو کوردەکان بەشێکی سەرەکین لە عێراقدا. بۆیە پێویست بوو کورد زۆرترین بەشداریکردن و سەرکەوتنی بەرچاو تۆمار بکەن. "کورد بە سێ لیستی جیاواز بەشداریکرد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەوانیش بریتی بوون لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و لیستی نەوەی نوێ. کێبڕکێی کوردەکان لە کەرکووک، سەڵاحەدین، دیالە، و نەینەوا بوو هەوڵیان دەدا کورسی باش بەدەستبێنن لەم شوێنانەدا"[11]، هەروەها جگە لە پارتى و یەکێتى و نەوەى نوێ، کۆمەڵى دادگەرى و یەکگرتووى ئیسلامى بەشدارى هەڵبژدارنەکانیشیان کرد، بەڵام ئەنجامى پێویستیان بەدەست نەهێنا.

ڕۆژی (28)ی دیسەمبەری (2023) کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتا ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ڕاگەیاند، ئەنجامەکان بۆ کورد بەم شێوەیە بوون: "کەرکووک (7) لە کۆی (15) کورسی، نەینەوا (6) لە کۆی (29) کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، سەڵاحەدین (1) کورسی لە کۆی (15) کورسی، دیالە (1) کورسی لە کۆی (15) کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان."[12] بەم شێوەیە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، و لیستی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان توانییان ئەم ئەنجامە تۆمار بکەن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی (15) پارێزگای عێراق لە  (2023) دا. بە گوێرەی ماڵپەڕی نوچەنێت "(10) کورسیی کۆتاکانیش بڵاوکرایەوە و ناوی بەربژێرەکان یەکلا کرایەوە."[13] بەمەش ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیێندرا و دەرگای تانە لێدان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کرایەوە بۆ ئەو هێزانەى ناڕازین لە ئەنجامەکان.

کۆتایی

ئەگەرچی هەڵبژاردن کۆتایی هات و ئەنجامەکان بڵاوکرایەوە، بەڵام چاوەڕوانییەکان بۆ داهاتووی عێراق، میکانیزمی چۆنیەتی ڕێککەوتنی لایەنەکان و پارتەکان کۆتایی نەهاتووە، هەروەها لە لایەکی ترەوە هەڵسەنگاندن، و چۆنیەتی بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنەکان پرس گەلێکی ترن کە هێشتا جێگای گفتووگۆن و باسی گەرمن.

چەوساندنەوە و زەوتکردنی ماف و چۆنیەتی مامەڵەکردنی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان وای لە کوردەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کرد بە گڕوتینێکی زۆرەوە بەشدارییەکی چالاکانە بکەن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان بە کاندیدە کوردەکان، چونکە کێبڕکێکە لە کاتێکی هەستیار دایە و چارەنووسسازە بۆ گەلی کورد بەگشتی. 


[1] https://www.scribd.com/document/376978952/ده-ستوری-كۆماری-عێراقی-فیدراڵ

[2] ــ العمليات الانتخابية التي اجرتها المفوضية منذ تأسيسها https://ihec.iq/17509-2

[3] ــ بدء انتخابات مجالس المحافظات العراقية https://www.france24.com/ar/20090131-iraq-voting-begins-in-iraq-regional-polls-provincial-elections-ethnic-tensions

[4] ــ العراقيون ينتخبون مجالس المحافظات في أول اقتراع منذ الانسحاب الأمريكي https://www.france24.com/ar/20130420-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D9%85%D8%AC%D8%A7%D9%84%D8%B3-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%AD%D8%A7%D9%81%D8%B8%D8%A7%D8%AA-%D8%AA%D8%B5%D9%88%D9%8A%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%86%D8%B3%D8%AD%D8%A7%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D8%B1%D9%8A%D9%83%D9%8

[5] ـ العراقيون ينتخبون مجالس المحافظات للمرة الأولى منذ 10 سنوات https://www.aljazeera.net/news/2023/12/18/%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82%D9%8A%D9%88%D9%86-%D9%8A%D9%86%D8%AA%D8%AE%D8%A8%D9%88%D9%86-%D9%85%D8%AC%D8%A7%D9%84%D8%B3-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%AD%D8%A7%D9%81%D8%B8%D8%A7%D8%AA

[6] Ahmed Rasheed, and Azhari, T. “Iraq holds first local elections in a decade, 41% Turnout”. Routers.com.2023, https://www.reuters.com/world/middle-east/iraq-holds-first-provincial-elections-decade-2023-12-18/

[7] Wires, N. “ Iraq holds first provincial council elections in a decade.” France 24.com.2023, https://www.france24.com/en/middle-east/20231218-iraq-holds-first-elections-for-provincial-councils-in-a-decade

[8] Mahmoud, S. “ Iraq’s first local elections in a decade marred by low turnout amid calls for boycott.” The national news.com.2023. https://www.thenationalnews.com/mena/iraq/2023/12/18/iraq-2023-provincial-council-elections-boycott/

[9] Iraqis to vote for powerful provincial councils in election. Aljazeera.com.2023,  https://www.aljazeera.com/news/2023/12/18/iraqis-vote-for-powerful-provincial-councils

[10] Firas Elias, "Local Elections in Iraq: Reality and Implications", Centre Français de Recherche sur l'Irak, (CFRI),2023, https://cfri-irak.com/en/article/local-elections-in-iraq-reality-and-implications-2023-12-15

[11] اAbdullah, H. “Iraqi’s disputed territories and the potential impact of the upcoming provincial elections.” Washington institute.org.2023, https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/iraqs-disputed-territories-and-potential-impact-upcoming-provincial-elections

[12]هەستیار قادر. "ئەنجامی کۆتایی: دەنگ و کورسیی لایەنەکان لە پارێزگاکانی عێراق و کەرکووک.رووداو.2023، https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/281220236

 [13] هەواڵنێر. "کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کورسی کۆتاکانی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان ڕاگەیاند. نوچەنێت. 2023، https://www.nuche.net/post-14832.html?fbclid=IwAR05UM6V5C-EHGWhT-oaVNurhDzXkVismtGl4sCBjhGiIRfuiJLyO18UYoM

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین