ئیسرائیل ڕێکەوتنی ئاگربەست پەسەند دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

نووسینگەی بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، کابینەی ئیسرائیل ڕێکەوتنێکی لەگەڵ گروپی چەکداری فەلەستینی حەماس پەسەند کردووە بۆ ئاگربەست، لە سبەی یەکشەممە ئاگربەست دەستپێدەکات.

ڕۆژی شەممە (18/کانوونی دووەم/2025) ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، نووسینگەی بنیامین ناتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، دوای زیاتر لە شەش کاتژمێر کۆبوونەوە، حکومەتی ئیسرائیک ڕێکەوتنی ئاگربەستی، دوای زیاتر لە (15) مانگ جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس کۆتایی دێت.

"حکومەتی ئیسرائیل چوارچێوەی گەڕانەوەی بارمتەکانی پەسەند کردووە، بەیانی یەکشەممە (2025-1-19) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

دوای پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە برێت مەکگورک، سەرۆکی دانوستاندنکاری ئەمەریکا ڕایگەیاند، "پلانەکە بەرەوپێش دەچێت".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، "ئاگربەستەکە بەیانی زووی ڕۆژی یەکشەممەوە دەستپێدەکات".

کۆشکی سپی دەڵێت، "چاوەڕوان دەکرێت پاش نیوەڕۆی یەکشەممە سێ ئافرەتی بارمتە لە ڕێگەی خاچی سوورەوە ئازاد بکرێن و بگەڕێندرێنەوە بۆ ئیسرائیل".

وەزارەتی دادی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ڕۆژی یەکشەممە (30) زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکرێن لەبەرامبەر هەر ژنێک کە بارمتە بێت".

سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو (2025-1-14) جارێکی تر گفتوگۆکانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێکردەوە، ڕؤژێک دواتر حەماس ڕێککەوتنی ئاگربەستی پەسەند کرد. بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، ئاگربەستەکە سێ قۆناغ دەبێت، قۆناغی یەکەم شەش هەفتە دەبێت کە تیایدا بارمتەکانی حەماس بە زیندان و دەستگیرکراوەکان لە ئیسرائیل ئاڵوگۆڕ دەکرێن.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین