ڕۆحانی به‌ڵێنێكى گه‌وره‌ به‌ وڵاته‌كه‌ى ده‌دات ئێران

نوچه‌نێت

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، کە ڕۆژی شەممە هه‌شتی ئایار، لە کۆبوونەوەی بنکەی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا قسەی دەکرد، وێرای ئاماژەکردن بە گفتوگۆکانی کۆماری ئیسلامیی و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڤیێنا و باسکردن لەوەی کە بە هۆی هەوڵەکانی کابینەکەی کار گەیشتووەتە جێگایەک کە ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکانیش بە ئاشکرا دەڵێن ڕێگایەک جگە لە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەماوە، ڕۆحانی گوتی: "نزیک لە هەموو گەمارۆ سەرەکی و بنەڕەتییەکان هەڵوەشاونەتەوە و گفتوگۆکان سەبارەت بە هەندێ وردەکاریی بەردەوامن".

 

رۆحانى: گه‌مارۆكانى سه‌ر ئێران هه‌ڵده‌وه‌شێنمه‌وه‌


ڕۆژی شەممە هه‌شتی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئیندێپێندێنت" بڵاوی کردەوە، حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی چوارشەممە پێنجی ئایار، لە کۆبوونەوەی کابینەی وەزیران بەڵێنی دابوو تا کۆتایی تەمەنی کابینەکەی گەمارۆکانی ئەمریکا هەڵدەوەشێنەوە.

هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران بڕیارە مانگی داهاتوو بەڕێوە بچن

ڕۆحانی وەک سەرکەوتن باسی لە گفتوگۆکانی ڤیێنا کردبوو و گوتبووی: "من وەک سەرۆکی حکومەت ڕایدەگەیێنم گەمارۆکان شکاون و ئەگەر هەموو لایەک پێکەوە هاودەنگ و یەکڕیز بین بەم زووانە گەمارۆکان هەڵدەوەشێنەوە، چونکە لایەنی بەرانبەر ئاگادارە ڕێگایێک جگە لە یاسا، ڕێوشوێنەکان و جێبەجێکردنەوەی بەڵێنەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بوونی نییە". 


ئێران و ئاژانسى ئه‌تۆمى لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە تا ٢٤ی ئایار، ئەو کامێرانەی لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێراندا دانراون وەک پێشوو فیلم هەڵگرنەوە بەڵام ئێران فیلم و وێنەکان ڕادەستی ئاژانس ناکات، بەڵام ئەگەر سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان لەگەڵ ئەمریکا ڕێکبکەون، ئەو فیلمانە ڕادەستی ئاژانس دەکرێن. 
هاوکات، موجتەبا زونور، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، گوتویەتی ئەگەر گفتوگۆکانی ڤیێنا تا ٢٤ی ئایار نەگەنە ئەنجام، بە پێی یاساى پەسەندکراوی پەرلەمان دەبێ کامێراکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە بنکە ئەتۆمییەکاندا بکوژێنەوە و ئەو فیلمانەی لە سێ مانگی ڕابردوودا هەڵگیراون، لە ناو بچن.

په‌رله‌مانتارێكى ئێرانى:  لە گفتوگۆکانی ڤیێنادا شتێکی نوێ ڕووی نەداوە

ڕۆژی شەممە هه‌شتی ئایار، هەواڵنێری ئیرنا لە ڕاپۆرتێکدا کە تەلەڤزیونی NHK ژاپۆن بڵاوی کردووەتەوە بە گێڕانەوە لە عەباس عەراقچی، یاریدەدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران و دیپلۆماتکاری باڵای ئەو وڵاتە لە ڤیێنا، گوتویەتی: "ڕەنگە ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە بواری پشکنینەکانی ئاژانس لە بنکە ئەتۆمییەکان درێژ بکاتەوە". 


ڕۆژی هەینی حه‌وتی ئایاریش، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتبووی پێی وایە "ئێران لە گفتوگۆکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە جدییە، بەڵام ڕێژەی جدی بوونەکەی دیار نییە". 


پێشتر یاریدەدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران گوتبوی: "ناکرێ پێشبینی کاتەکەی بکرێت. هەڵبەت هەوڵ دەدەین ئەو کارە بە خێرایی ئەنجام بدەین، سەرەڕای ئەوە، لە خۆوە پەلە ناکەین و ڕێگا نادەین گفتوگۆکان پووکێنەریش بن". بەو حاڵەش، هەندێ لە پێشبینییەکان دەربارەی گفتوگۆکانی ڤیێنا دەرخەری ئەوەن ئەو گفتوگۆیانە تا پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران، دەگەنە ئەنجامی کۆتایی. 


تا ئێستا هەندێ لە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە گفتوگۆکان، لە لایەن دیپلۆماتکارانەوە ڕەت کراونەتەوە، بۆ نموونە ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی "پرس تی ڤی" نزیک لە دەسەڵاتی ئێران کە "بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار" باسی ئەوەی کردبوو ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا داوایان کردووە ئامێرە نوێکانی دەرکردن لە ناو ببرێن، لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە ڕەت کرایەوە.

 

 

 


 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین