دووباره‌ پاڵاوگه‌ى تاران گڕی گرتەوە ئێران

نوچه‌نێت

لە کاتێکدا پێدەچوو ئەو ئاگرەی کە دوێنێ چوارشەممە، پاڵاوگەی تارانی گرتبووەوە بەرەو کوژانەوە بچێت، ده‌زگاى میدیایى دەنگ و ڕەنگی ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک ڕایگەیاند بە تەقینەوەی کۆگایەکی تر، دیسان ئاگرەکە داگیرسایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٧ حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردووە، لە کاتێکدا ئاگرەکە بەرەو کوژانەوە دەچوو، بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەک دیسان داگیرسایەوە. 

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پاڵاوگەی تاران "تەقینەوەی" کۆگای نوێی ڕەت کردووەتەوە. پێشتر بەرپرسانی پاڵاوگەی تاران گوتبوویان ئاگرەکە کوژاوەتەوە و تاران لە مەترسی کورتهێنانی سووتەمەنیدا نییە.

شاکر خەفایی، گوتەبێژی پاڵاوگەی نەوتی تاران گوتوویەتی ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە کورتهێنانی بەنزین لە تاران بڵاوبوونەتەوە، ڕاست نین.

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە میدیاکان بڵاویان کردەوە، "پاڵاوگەی تۆندگویان" لە باشوری تاران گڕی گرتووە و دووکەڵێکی زۆر ئاسمانی ئەو ناوچەیە گرتووەتەوە.

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی ئاگرەکە گووتیان ئاگر و دووکەڵەکە ئەوەندە زۆر بوو کە تەنانەت لە چەند ناوچەیەکی باکووری تارانیش دەبینرا. 
شاکر خەفایی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پاڵاوگەی تاران سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە ڕایگەیاندبوو، یەکێک لە کۆگاکانی پاشکەوتکردنی بەنزین لەو پاڵاوگەیە گڕی گرتبوو.

خەفایی گوتی هیچ کەس لەو ڕووداوەدا گیانی لە دەست نەداوە. سەبارەت بە زیانەکان گوتی پێویستە لەو بارەوە لێکۆڵینەوە بکرێت.

بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران، کە سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کردبوو گوتی، "لەبەر ئەوەی سووتەمەنییە قوڕسەکان لەو کۆگایەدا پاشکەوت کراون، دووکەڵێکی زۆری لێکەوتووەتەوە بەڵام دووکەڵی زۆر بەو واتایە نییە کە ڕووداوێکی گەورە بووە". 
زەنگەنە گوتبووی بەرهەمهێنان لە ڕۆژی پێنجشەممەوە دەست پێ دەکاتەوە. 
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پاڵاوگەی تاران ڕەتی کردووەتەوە دەستێکی تێکدەرانە لە پشت ئەو ڕووداوەوە بووبێت.

ئەو ئاگرکەوتنەوە چەند کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی نوقمبوونی کەشتییەکی هێزی دەریایی (خارک) بە هۆی گڕگرتن لە ئاوەکانی دەریای عەمان بڵاوبووەوە. دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوە هاوشێوانە لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا ، ئەو گریمانەیە هێناوەتە ئاراوە کە دەستێک لە پشت ئەو ڕووداوانەوە هەیە. 
پاڵاوگەی تۆندگویان لە ناوچەی باقرشار لە باشووری تاران هەڵکەوتووە. ئەو پاڵاوگە لە ساڵانی ڕابردوویشدا گڕی گرتبوو.


 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین