له‌ ئێران مۆڵەت به‌ ئێران

نوچه‌نێت

مۆڵەتی کوتانی ڤاکسینی "بەرەکەت" لە ئێران دەرکرا. ئەو ڤاکسینە لە "بنکەی جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام" بەرهەم هاتووە. پێشتر مینو مۆحرەز ئەندامی لیژنەی زانستیی بنکەی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کە لە توێژینەوە و بەرهەمهێنانی ئەو ڤاکسینەدا بەشدار بووە، بانگەشەی ئەوەی کرد بوو ڤاکسینی بەرەکەت تا رادەیەکی زۆر کاریگەرە.

رۆژی دووشەممە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئیندێپێندێنت" بڵاوی کردەوە، سەعید نەمەکی وەزیری تەندروستی ئێران رایگەیاندووه‌، "مۆڵەتی بەکارهێنانی ڤاکسینی بەرەکەت درا". هەروەها وێرای ئاماژەکردن بە دەرکردنی مۆڵەتی بەکارهێنانی ڤاکسینی پاستۆر گوتی، "تا کۆتایی وەرزی پایز هەموو هاووڵاتیانی ئێران ئەو ڤاکسینە وەردەگرن". ئەوە لە کاتێکدایە هێشتا رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەو ڤاکسینانەی لە ئێران بەرهەم هاتوون پەسەند نەکردووە.

پێشتر بڵاوبوونەوەی هەواڵی راوەستانی هەڵمەتی پێدانى ڤاكسین بە هۆی تەواوبوونی پاشکەوتی ڤاکسینی هاوردەکراو، وەزارەتی تەندروستی رووبەڕووی شەپۆڵێک رەخنە کردبووەوە، ئەویش لە کاتێکدا کە کەمتر لە ١٪ی هاووڵاتیانی ئێران ڤاکسینیان وەرگرتبوو. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی راوەستانی پێدانى ڤاكسین لە چەند پارێزگایەکدا گوتەبێژی بنکەی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا رایگەیاند، پێشێلکردنی بەڵێنەکان لە لایەن کۆمپانیاکانی چین و رووسیا هۆکاری هێواشبوونەوەی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ بووە و گوتیشی، " بەم زووانە هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ بە ڤاکسینی ئێرانی دەست پێ دەکاتەوە".

هەروەها مینو مۆحرەز، ئەندامی بنکەی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کە لە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی بەرەکەت رۆڵی هەبووە، داوای کرد مۆڵەتی بەکارهێنانی خێرای ڤاکسینی بەرەکەت دەر بکرێ. پێشتریش رایگەیاندبوو ڤاکسینی بەرەکەت تا رادەیەکی زۆر کاریگەرە.

وەزیری تەندروستی ئێرانیش رۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لە پارێزگای مەرکەزی ئەو وڵاتە، ڤاکسینی ئێرانی بە باشترین ڤاکسین ناو برد کە کەمترین لێکەوتەی هەیە و گوتی: "رێگای ٢٠ ساڵمان لە ساڵیکدا بڕی".

سەرەڕای ئەوە، پێدەچێت دەستپێڕانەگەیشتن بە ڤاکسینی دەرەکی گرنگترین هۆکاری پێدانی مۆڵەتی خێرای بەکارهێنانی ڤاکسینی بەرەکەت بووە، چونکە رۆژی دووشەممە وەزیری تەندروستی رایگەیاند، راوەستانی هەڵمەتی پێدانى ڤاكسین بە هۆی هەناردەنەکردنی ڤاکسین لە لایەن وڵاتانی دۆستی ئێرانەوە بووە و گوتی: "هەڵمەتی گەورەی پێدانى ڤاكسین لە ئێران دەستی پێکرد، بەڵام  لەناکاو هەندێک وڵات هەناردەکردنی ڤاکسینیان راوەستاند، دۆستانمان ڤاکسینیان نەنارد، ئیتر چ جای دوژمنان. پرسیارمان لێکردن بۆچی نەتاننارد؟ گوتیان بە هۆی پەرەسەندنی کۆرۆنا لە وڵاتانی خۆمان بڕیارە رۆژانە ١٥ ملیۆن کەس ڤاکسین وەربگرن. تەنانەت ئامادە نەبوون وەک دۆستێکیش ٥٠ هەزار ڤاکسین بۆ ئێمە بنێرن".

وەزیری تەندروستی ئێران وێرای راگەیاندنی ئەوەی کە سێ وڵاتی هیند، چین و رووسیا لە هەناردەکردنی ڤاکسین بۆ ئێران خۆیان دوورخستووه‌ته‌وه‌، گوتی: "تا ئەمڕۆ کە بە پێی گرێبەست بڕیار بوو ١٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار ژەم بنێرن، تەنیا رێژەیەکی ئێجگار کەمیان بۆمان هەناردووە".


 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین