ئێران داوا ده‌كات هێرش بكرێته‌ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان وەرگێڕان

نوچه‌نێت

دوو بەرپرسی دەزگای ئەمنییەکانی عێراق گوتوویانە، ئەو شاندەی ئێران کە رۆژی دووشەممە پێنجى تەمووز، سەردانی عێراقیان کرد، نەخشەی ئاسمانیی ئامانج و بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سووریایان رادەستی میلیشیا شیعەکان کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی تەمووزی ٢٠٢١، تۆڕی میدیایی "رادیۆ فەردا" بڵاوی کردەوە، دوو بەرپرسی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و سێ فەرماندەی میلیشیا شیعەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان گووتووە، حوسێن تائیب، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران، لە میانەی دیداری هەفتەی رابردووی خۆی لەگەڵ فەرماندە میلیشیا شیعەکان لە شاری بەغدا، داوای لێکردوون هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە ئەمریکییەکان چڕتر بکەنەوە. 

دوای سەردانی شاندێکی پێکهاتوو لە فەرماندە باڵاکانی سوپا بە سەرۆکایەتی حوسێن تائیب لە بەغدا، ئەو هێزە ئەمریکیانەی لە عێراق و سووریا جێگیر کراون، چەند جار کرانە ئامانج. پێش ئەو هێرشانە، ئەمریکا رۆژی ٢٧ی حوزەیران، بارەگاکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانی لە خاڵە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا کردبووە ئامانج و ئەوەش چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. 

سێ سەرچاوەی نزیک لە میلیشیا شیعەکانی عێراق کە ئاگاداری گفتوگۆکانی ئەو دیدارەن، بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان گوتووە، ئەو شاندە ئێرانییە کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە نێردرابوو، وێڕای هاندانی گرووپە چەکدارەکان بۆ تۆڵەکردنەوە، داوای لێیان کرد گرژیی و ناکۆکییەکان نەگەنە ئاستێکی مەترسیدار و جددی. 

فەرماندەیەکی باڵای میلیشیا شیعەکان گوتی، شاندە ئێرانییەکە پێیانی گوتووە، هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا چڕتر بکەنەوە. 

به‌رپرسى هه‌واڵگرى فه‌یله‌ق قودس
بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان سه‌ردانى به‌غداى كردووه‌

 

بەرپرسێکی باڵای عێراقی، کە لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە لە گفتوگۆکانی نێوان حوسێن تائیب و شیعەکانی عێراق ئاگادار کراوەتەوە، گوتی، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران، لە گەشتەکەی بۆ بەغدا، لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی میلیشیاکان دیداری کردووە و پەیامی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی، بۆ گواستوونەتەوە، سەبارەت بەوەی "گوشار بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، تا کاتێ بە تەواوەتی عێراق بەجێ بهێڵن، بەردەوام بێت". 

دوای هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی میلیشیاکانی سەربە ئێران لە رۆژی ٢٧ی حوزەیران، هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بەرفراوانتر بوونەتەوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە چڕبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەو وڵاتە دەربڕیوە و گوتوویەتی، لە ئەنجامی هێرشی رۆکێتی رۆژی حه‌وتى تەمووز بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد، دوو سەربازی ئەمریکا، بریندار بوون. 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران و بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی لەو بارەوە، نەداوەتەوە. 

نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم دواییانەدا تۆمەتی ئیدارەی بایدن سەبارەت بە بەرفراوانبوونی هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی رەت کردەوە و لە بەرانبەردا، سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکای بۆ سەر میلیشیاکان کرد. 

حکومەتی عێراق و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەیش، تا ئێستا سەبارەت بە گەشتەکەی تائیب و شاندەکەی بۆ بەغدا هیچ لێدوانێکیان نەداوە و ئەو بەرپرسە عێراقیانە کە ئەو زانیاریانەیان رادەستی رۆیتەرز کردووە، بە هۆی هەستیاربوونی بابەتەکەوە بە باشتریان زانیوە، ناویان لە راپۆرتەکەدا ئاشکرا نەکرێت. 

دوو بەرپرسی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق گووتیان، شاندەکەی ئێران، نەخشەی ئاسمانیی بنکە و بارەگاکانی ئەو هێزانەی ئەمریکا کە لە رۆژهەڵاتی سووریا جێگیر کراون، رادەستی میلیشیا شیعەکان کردووە. 

بەرپرسانی باڵای عێراق دەڵێن، دیدارەکانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران، لەگەڵ میلیشیا شیعەکانی عێراق، لە چەند مانگی رابردوودا، نەیتوانی ببێتە هۆی بەرفراوانبوونی هێرشەکانیان، بۆیە ئەم جارە رابەری ئێران، حوسێن تائیب کە کەسێکی نزیکترە لە خامنەیی، رەوانەی بەغدا کردووە. 

بەرپرسێکی عێراقی گووتی، پێدەچێت ئامانجی رابەری ئێران لە پەرەپێدان بە هێرشەکان بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان، ناچارکردنی واشنتن بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی بێت. 

دیپلۆماتکارێکی باڵای ئێرانیش، گوتی، گەشتەکەی حوسێن تائیب بۆ بەغدا، دەری دەخات، دوای کوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی فەیلەق قودسی سوپای پاسدارن، رابەری ئێران راستەوخۆ دەستوەردانی هێرشەکان بۆ سەر هێزە ئەمریکییەکان دەکات. 

دوو فەرماندەی میلیشیاکانی عێراقیش بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان گوتووە، دیداری شاندەکەی ئێران لەگەڵ فەرماندەکانی گرووپە چەکدارەکان لە ڤیلایەکدا لە گەڕەکی جدیریە ئەنجام دراوە کە مەودایەکی زۆری لەگەڵ باڵوێزخانەی ئەمریکا نییە.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین