رووسیا هۆشداریەکی تر بە یەکێتی ئەورووپا دەدات ئابووری جیهان
رووسیا لە بارەی پێرەوکردنی سیاسەتی سفر کاربۆنی و سەپاندنی سزا بەسەر پێکهاتە کاربۆنییەکانی ڕووسیا بۆ یەکێتی ئەورووپا لە ژێر ناونیشانی پاراستنی ژینگە، هۆشداریەکی تر بە یەکێتی ئەورووپا دەدات

نوچەنێت

وەزیری گەشەپێدان و ئابووری رووسیا ، مەکسیم ریشیتنیکوف، لە بارەی ڕێکارەکانی سنووری کاربۆنی، هۆشداریەکی تر دەدات بە یەکێتی ئەورووپا و بە زیانێکی گەورە بۆ ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان هەردوو وڵات پێناسی دەکات.

لە شاری ناپۆلی، هەریەکە  لە وەزیری گەشەپێدان و ئابووری رووسیا و جێگری یەکەمی سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا فرانس تيمرمانز کۆبوونەوە و چەندین پرسی گرنگ لە نیوان هەردوولادا باسکران، یەکێک لە پرسەکان، سیاسەتی یەکێتی ئەورووپا بوو بۆ سفر کاربۆن (ئابووری سەوز) و گۆرانەکانی کەش و هەوا و پیش بوونی ژینگە.

لەو بارەیەوە ریشیتنیکوف رایگەیاند “ پێروەکردنی سیاسەتی فرە جەمسەری بۆ ڕووبەرووبوونەوەی مەترسیەکانی کەش و هەوا لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە سەکۆی ڕێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان باشترین بژاردەیە بۆ پەرەپێدانی ئەو پرۆژەیە”.

هەروەها وتیشی “ ناتوانین بگەین بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ نەهێشتنی کێشەکان، ئەگەر هاوکار وهەماهەنگ نەبین، چونکە لە ڕێگای ڕکابەریەوە ناگەین بە ئەنجامی باش، ئەمەیش لە قەبارەی بازرگانی نێوان ڕووسیا و یەکێتی ئەورووپا زیاتر ڕوونتر دەبێت و ئێمە دراوسێ ی یەکین و هاوسنوورین، بۆیە دەبێت لەسەرجەم پرسەکان هاوکاری یەکتر بین”

سەبارەت بە کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، وەزیری گەشەپێدان و ئابووری رووسیا دووپاتیکردەوە، وڵاتی ڕووسیا وەک زۆریبەی ولاتانی تری جیهان، بەرهەمهێنانی ئەو گازەی کەمکردۆتەوە، بە جۆرێک بەراورد بە 1990، ڕێژەی بەرهەمهێنانی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بە بڕی 3.1 ملیار تۆن دابەزیووە.

ئەم  لێدوانەی بەرپرسە ڕووسیاییەکە لە کاتێکدایە لە 17/6/2021، جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا “ئەلکساندەر نۆڤاتیک” لە بارەی پلانی یەکێتی ئەورووپا بۆ سەپاندنی سزای باجی کاربۆنی ووتی “ پلانی یەکێتی ئەورووپا بۆ سەپاندنی سزای باجی کاربۆنی سەر کاڵایە ڕووسیاییەکان لە سنورە بازرگانیەکان، پێچەوانەی ڕێسا یاساییەکانی بازرگانی ناودەوڵەتییە، ئەو سزایانە  لە داهاتوودا دەبنە هەرەشە بۆسەر شادەمارەکانی گواستنەوەی وزە بۆ بازارە جیهانییەکان”.

سیاسەتی Carbon Border Adjustment Mechanism (CBAM)، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی بەشێکی زۆری وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەهێنانی کاربۆن. بڕیاروایە کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا لە ساڵی  2026، ئەو سیاسەت بخاتە بواری جێبەجێکردن، کە تیادا چەندین سزای ئابووری توند بۆ وڵاتانی خاوەن بەرهەمێنی ئەو گازە لە خۆ دەگریت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین