یاریەکەی سعوودیە لە کۆمەڵەی G20 سەرکەوتنی بەدەستهێنا شیکاری ئابوری

نوچەنێت

لە دواین کۆبوونەوەی G20، سعوودیە توانی سیاسەتێکی زیرەکانە پێرەو بکات، بۆ لادانی سەرنجی وڵاتان لەسەر وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوت و تیشک خستنە سەر وڵاتانی بەرهەمهێنی خەڵووز

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، دەیان ڕۆژنامە و ناوەندی جیهانی سەرقاڵی شرۆڤەکردنی هەواڵێکی دواین کۆبوونەوەی G20ــن لە ناپۆڵی، کە تایبەت بوو بە دانووسانەکانی وڵاتانی ئەو کۆمەڵەیە بۆ ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی COP26ــی 2021ـــە لە نۆڤەمبەری ئەمساڵدا و ،  بۆتە هۆی ئەوەی دیدگای جودا بۆ داهاتووی پیشەسازی نەوت  و وزەی کاربۆنی بخڕێتە ڕوو، هاوکات بەشێکی زۆری ناوەندە جیهانییەکان ئەو هەواڵەیان بە شکست بۆ کۆمەڵی G20 ئەژمار کرد، بەڵام ئایا ئەو هەواڵە شکست بوو یانیش بەدی نەهاتینی خەونی گەورەتری بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەکە بوو؟

بە واتایەکی تر، ئەگەر وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی G20 شکستیان هێنا بێت، ئەمە بە واتای نەبوونی ڕێککەوتنی هاوبەش دێت، بەڵام لە راستیدا  بەیاننامەیەکی هاوبەشی 14 لاپەرەیی بڵاوکراویەوە چەندین پاشکۆی لە خۆ گرت، ئەمەیش بە واتای  شکستهێنان نایەت، بەڵک و رازیینەبوونی بەشێک لە وڵاتان بوو بۆ بەدینەهاتنی خەونە گەورەکەیان و لە هەمانکاتدا، سەرکەوتنی گروپێکی تری ئەو کۆبوونەیەوە بوو لەسەر پیشەسازی نەوت وگازیی وڵاتەکەی، بە نموونە سعوودیە.

هۆکاری بڵاو بوونەوەی شکستی ئەنجامی کۆبوونەوەکە لە لایان ئیتالیا چی بوو؟

لە ڕێکەوتی 24/7/2021، وەزیری ژینگەی ئیتالیا رۆبێرتۆ سینجۆلانی بە رۆژنامەوانی راگەیاند، وەزیرەکانی وزە و ژینگەی کۆمەڵی G20 لە پرسی گۆڕانی کەش و هەوا شکستیان هێناو نەگەیشتنە ڕێککەوتن.

ئەم لێدوانەی وەزیری ژینگەی ئیتالیا، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی G20 بوو بۆ ئامادەکارییەکانی کۆبوونەوەی COP26ــی 2021ـــە لە نۆڤەمبەری ئەمساڵدا، کە تایبەتە بە  کاریگەرییەکانی گۆرانی کەش و هەوا و ڕێککەوتن بۆ کەمکردنەوەی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە. بە شرۆڤەکردنی هەڵوێستی بەشیک لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵەی G20, دەگەین بەو دەرئەنجامەی، بەشێک لە وڵاتە ئەورووپیەکان  بە تایبەت ئەندامانی G7 رازیینەبوون بەو دەرئەنجامانە و پێیان وایە بۆ کەمردنەوەی رێژەی کاربۆنی پێوسیتیان بەڕێکاری زیاتری بەندەکانی ناو ڕێککەوتنامەی پاریس هەیە، ئەمە جگە لەوەی ئەو وڵاتانانەی ناڕازیبوون، تێبینیان لە بەخشینی بڕی 100 ملیار دۆلاری ساڵانە هەبوو بۆ وڵاتانی تازە پێگەیشتوو لە ماوەی نێوان 2020 بۆ 2025 لە پێناو کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی کاربۆن و بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە، ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کۆبوونەوەکە ببێتە هۆی دابەسکردنی ولاتانی ئەندام بۆ دوو بەرەی جیاواز و بە بوونی وڵاتێکی نێوەندگیر لە کۆمەڵەکدا.

بەرە جیاوازەکانی کۆبونوەوەی G20

لە دواین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی G20، دوو خاڵی سەرەکی وڵاتانی ئەندامی بەسەر دووبەرەدا دابەشکرد، ئەوانیش:

  • دەستەبەرداری تەواوەتی لە بەکاربردنی خەڵووز تا کۆتاییەکانی 2025.
  • دیاریکردنی پێوەری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای گۆی زەوی لە ڕێککەوتنامەی پاریس

ئەم دوو خاڵەی ناکۆکی بووە هۆی دابەشبوونی ولاتان بۆ دووبەری خودا، بەرەیەک هەوڵەکانی وڵاتانی ئەورووپای بە فشاری توند بۆسەر ئابووری وڵاتەکانیان پێناسکرد، بەرەیەکی تریش پێ یان وابوو پێوسیتە رێکارەکان توندتر بکرێت بۆ ئەوەی بە کاتێکی زووتر بگەن بە سیاسەتی سفر کاربۆنی، لەو نێوەندەشدا، وڵاتاتێکی ئەندام لە کۆمەڵەی G20، (سعوودیە) توانی زیرەکانە لۆبییەکی فراوان بکات بۆ ئەوەی  ئامانجە گشتییەکەی کۆبوونەوەکە دابەش بکات بەسەر دوو خاڵی سەرەکی، کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی کاربۆن لە وڵاتە نەوتیەکان و ئەو وڵاتانەی بەرهەمهێنی خەڵووزن. 

ئەم سیاسەتەی سعوودیە بووە هۆی ئەوەی کە سەرنجی ئەندامانی کۆبوونەوەکە بکەوێتە سەر بەرهەمهێنانی خەڵووز بە پلەی یەکەم  و وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ڕیزبەندی دووەم، بەمەیش سعوودیە توانی لە یەک کاتدا ببێت بە یاریکەرێکی سەرەکی بۆ بەشداریکردنی لە کۆمەڵەی ئەو وڵاتانەی ڕوو لە پەیرەوکردنی سیاسەتی سفر کاربۆنی دەکەن و لە بەرامبەردا کار بۆ بەرهەمهینانی گازی سەوز و ئەمۆنیا دەکەن، لە لایەکی تریش توانی وەک وڵاتی سەرپەرشتیار لە ڕێکخراوی ئۆپێک و ئۆپێک پلەس، بەردەوامی بە پلانی زیاترکردنی پرۆژەکانی نەوت گاز بدات، ئەمەیش بە قازانجی وڵاتانی کەنداو ئەژمار دەکرێت، چونکە ئەو وڵاتانە رێژەییەکی کەمی خەڵووز بەرهەم دەهێنن و بەکاری دەبەن.

بە واتایەکی تر،  پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکە لە رووی رەخنەو تێبینیەکان بووە پرسی وڵاتانی بەرهەمهێنی خەڵووز، بەمەیش زیانی یەکەمی ئامانجی وڵاتە ئەورووپیەکان ئاراستەی هەریەکە لە وڵاتانی هیندستان و ئوسترالیا و چین کرایەوە، بەو پێیەی وڵاتی سەرەکین لە پشت بەستن بە خەڵووز و بەرهەمهێنانی ئەو جۆرەی وزەیە، هاوکات ڕێککەوتنی ئەو دواییە چین و ڕووسیا بۆ هاوردەکردنی رێژەی ٪50ــی خەڵووزی رووسیا، فاکتەرێکی شاراوەی پشت ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵەی G7بوو.

خاڵێکی تری سەرکەوتنی سعوودیە، بینینی ڕۆلی هەماهەنگیکارە لە نێوان ئەو دووبەرەیەدا، هاوکات دووپاتکردنەوەی سیاسەتێکی زیرەکانەیە لە نیو وڵاتانی ئابووری پێشکەوتوو، بۆ هاوبەشیکردن لە پرۆژەکانی وزەی جێگرەوە و سەکردایەتیکردنی وڵاتانی کەنداو بۆ ئەو پیشەسازییە نوێیە جیهان لە بواری شۆرشی وزەدا، هاوکات جێگیرکردنی خاڵەکانی رێککەوتنامەی پاریسە بۆ گۆرانی کەش و هەوا، بێ ئەوەی هیچ بەندێک بۆ وڵاتەبەرهەهێنەرەکانی نەوت زیاد بکرێت، تا ماوەیەکی دیاریکراو.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین